
عامر فایز، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، پەردەی لەسەر پەیامە نوێیەکانی ئەمریکا لادا کە ئاراستەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کراون و پەیوەستن بە مەلەفی چەکی گروپەکان و میکانیزمی کۆنترۆڵکردنی لە دەستی دەوڵەتدا.
عامر فایز لە میانی لێدوانێکیدا بۆ بەرنامەی {کەلام حوڕ} لە کەناڵی ئاسمانی ئەلفرات ڕایگەیاند: "دانوستانی بەردەوام لەگەڵ سەرکردەی گروپەکان هەیە لەسەر ئەو بنەمایەی کە عێراق چیتر پێویستی بە هەبوونی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت نییە، چونکە چۆتە قۆناغی بونیادنان و سەقامگیرییەوە، ئەمەش پێویستی بە گرتنەبەری ڕێگەی ئاشتییانە هەیە بۆ چارەسەرکردن."
ڕوونیشیکردەوە: "ئەم دانوستانانە بەو مانایە نین کە گروپەکان چەکەکانیان وەلا دەنێن،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "قەیرانەکانی ناوچەکە هێشتا بەردەوامن؛ بەڵام چەکەکان لە ژێر چاودێری دەوڵەتدا دەبن و ناجوڵێنرێن تەنها بە ڕەزامەندی دەوڵەت نەبێت، ئەمەش لە چوارچێوەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت یان تێکەڵکردنی گروپەکان لەناو دەستەی حەشدی شەعبی یان ڕادەستکردنی بەشێک لە چەکەکان دێت،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "وێنەی کۆتایی ئەم مەلەفە تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە."
فایز جەختی کردەوە کە "هیچ پەیامێکی فەرمی نەگەیشتووەتە چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە بەئامانجگرتنی گروپەکان و ڕایگەیاند کە "ئەوەی گەیشتووە تەنها پەیامی هاندان و فشار بووە بۆ کێشانەوەی چەکەکان."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوە جەختی کردووەتەوە کە دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران ناکات؛ بەڵام بەدوای کەسایەتییەکدا دەگەڕێت کە بتوانرێت هاوکاری لەگەڵ بکرێت، ڕاشیگەیاند کە "بەرژەوەندی عێراق دەخوازێت سەرۆکوەزیرانێک هەبێت کە توانای هاوکاری هەبێت لەگەڵ لایەنی ئەمریکی."
ئەوەشی ووت، کە حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی چوارچێوە دەبێت کە ئامانجی سەرەکی چارەسەرکردنی قەیرانەکانە و جەختی کردەوە کە "هیچ هەڵسەنگاندنێکی فەرمی بۆ حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی نییە؛ بەڵام وەک هەر حکومەتێکی تر شکست و دەستکەوتی تۆمار کردووە."
فایز لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بودجەی سێ ساڵە هەڵە بوو و سەرکەوتوو نەبوو، جەختی کردەوە "لە قۆناغی داهاتوودا هەڵەی لەو جۆرە دووبارە نابێتەوە."