
قەبارەی قەرزی گشتی ناوخۆیی عێراق تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەرزبووەتەوە بۆ ١٠٦ تریلیون و ٧٢ ملیار دینار، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی کورتهێنانی دارایی و پشتبەستنی حکومەت بۆ ئامرازەکانی قەرز بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی.
بەپێی داتا فەرمییەکانی بانکی ناوەندی، قەرزەکان بەراورد بە کۆتایی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ١٥ تریلیون دینار زیادیان کردووە.
ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ئامارەکان تا کۆتایی مانگی ئایار خەرجییە گشتییەکانیان بە ٤٦ تریلیون دینار تۆمارکردووە، لە بەرامبەر داهاتێکی گشتیی کەمتردا، دۆخێک کە فراوانتربوونی بۆشایی نێوان داهات و خەرجییەکان لە بودجەی گشتیدا دەردەخات.
