
رێگای كوردستان
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پاکستان، تورکیا و سعودییە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی توندی دا لە لێکەوتەکانی هەر هێرشێکی ئەمریکا و رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی خۆی و وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت.
ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان
بەپێی میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئەمشەو عەباس عێراقچی لە سێ پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەریەک لە:
- فێڵد مارشاڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان.
- هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا.
- فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودییە.
دوایین گۆڕانکاری و گرژییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد و جەختی لەوە کردەوە کە کردەوە دەستدرێژیکارانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبنە هۆی تێکچوونی زیاتری سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا.
هەڵوێستی تاران لە بارەی سەرکێشییەکانی ئەمریکا
عێراقچی لە درێژەی گفتوگۆکانیدا هۆشداریی دایە لایەنی ئەمریکی و وتی:
"ئێران ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکەکەی، و هەر جۆرە سەرکێشییەکی سوپای ئەمریکا ڕووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و توند دەبێتەوە."
هەروەها لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعودییە، جەختیشی لەوە کردەوە کە تاران بە توندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی هاوکاریان لە ناوچەکە دەداتەوە و بەرپرسیارێتیی سەرجەم دەرئەنجامەکانیش دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی پشتگیری لەو سەرکێشییانە دەکەن.
پەرەسەندنی گرژییەکان
ئەم هەڵوێست و هۆشدارییانەی ئێران لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران جارێکی تر پەرەی سەندووە؛ هەر ئەمڕۆش ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی هێرشێکی نوێی بۆ سەر ئێران دەرکردووە بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بە ملددان، و پێشبینی دەکرێت لە نزیکترین کاتدا هێرشەکان دەستپێبکەن و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بخایەنن.
