
چاوەکان لەسەر سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی چڕ بوونەتەوە. وەک لە ڕاپۆرتێکی پێگەی (میدڵ ئیست ئای)دا هاتووە، ئەم سەردانە بە هەستیارترین قۆناغی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لە ساڵانی ڕابردوو دادەنرێت.
زەیدی هەوڵ دەدات بە بەکارهێنانی دیبلۆماسیی ئابووری و واژۆکردنی گرێبەستی گەورە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، وەک (شیفرۆن)و پەرەپێدانی کێڵگەی گازی (عەکاز)، متمانەی ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ بەدەست بهێنێت.
بەپێی هەمان ڕاپۆرتی (میدڵ ئیست ئای)، ئامانجی سەرەکی زەیدی کڕینی کاتە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە ناوخۆییەکانی، بەتایبەت کۆنتڕۆڵکردنی چەک و کۆتاییهێنان بە هەژموونی گروپە چەکدارەکان.
لە بەرامبەردا، واشنتۆن دەیەوێت لەرێگەی فشاری دارایی و ڕێککەوتنی وزەوە، پێگەی ئابووریی خۆی لە عێراق بەهێز بکات و هەژموونی ئێران لاواز بکات.
سەرکەوتنی زەیدی لەم هاوکێشەیەدا پەیوەستە بە توانای ئەو لە یەکخستنی ئەم دوو ئاراستە دژبەیەکە؛ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بۆ چاکسازی و کۆنتڕۆڵکردنی چەک، بەبێ ئەوەی عێراق تووشی ململانێیەکی کراوەی ناوخۆیی یان لەدەستدانی هاوسەنگییە هەرێمییەکان ببێت.
