
نێردەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق و سوریا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەری هەیە لەم هەفتەیەدا ئەمەریکا هێرشبکاتە سەر ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە تا دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول هێرش ناکەن.
لە لێدوانێکدا لە پۆدکاستێکی رۆژنامەوان (ماریۆ نۆڤ - Mario Nawf)، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق و سوریا، رایگەیاند کە سەرۆکی ئەمەریکا کراوەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران، بەڵام پێدەچێت ئێرانییەکان ئامادە نەبن داواکارییەکانی وانتن جێبەجێ بکەن.
سەبارەت بە ئامانجی ئەگەری هێرشەکە، تۆم باراک وتی: "ئەنجامی هێرشەکە کۆتایی هێنان یان گۆڕینی رژێم نییە لە ئێران، بەڵکو گێڕانەوەی هاوسەنگی و ئارامییە بۆ جیهان." هەروەها ناوبراو ئەگەری ئەوەی بە دوور نەزانی کە ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا هێرشبکاتە سەر تاران.
پێچەوانەی لێدوانەکەی نێردەی ئەمەریکا؛ لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند کە وڵاتەکەی تا کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول (کە دەکەوێتە ٣ی تشرینی دووەم) هیچ هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران ئەنجام نادات.
