
ژووری هەواڵ
دۆخی ئەمنی ناوچەکە گۆڕانکارییەکی ستراتیژیی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک ململانێکان لە شەڕێکی بەرفراوانی فرەبەرە، ئێستا بەرەو ململانێیەکی ڕاستەوخۆ و دووقۆڵی لە نێوان ئەمریکا و ئێران پاشەکشەی کردووە.
لە کاتێکدا لە ڕابردوودا شەڕی چل ڕۆژەی پێشوو خەسڵەتی شەڕی وەکالەتی هەبوو و بەرەی ئێران لە ڕێگەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و حزبوڵا و حوسییەکانەوە لە بەرامبەر بەرەی ئەمرێکاو ئیسرائیلدا دەجەنگان، بەڵام ئێستا هاوکێشەکە بە تەواوی گۆڕاوە.
بە بۆچونی چاودێران، لەم قۆناغەی ئێستادا ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکان لە ململانێکان دوور خراونەتەوە یان بەشدار نین، ئەمەش تەرکیزی شەڕەکەی هێناوەتە سەر گرژییە ڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
ئەم گۆڕانکارییە لە نەخشەی شەڕدا، دۆخێکی هەستیاری دروست کردووە و ناوچەکەی خستووەتە بەردەم ئەگەرێکی کراوە لە ململانێی سەربازیی ڕاستەوخۆ، کە تێیدا هەردوولا هەوڵ دەدەن بەبێ بەکارهێنانی قۆڵاییە لۆکاڵییەکانی پێشوو، هاوسەنگیی هێز لە نێوان خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە.
