ئاژانسی تاران تایمز کە لە حکومەتی ئێرانەوە نزیکە، ڕایگەیاندووە کە جەنگی ڕاستەقینە لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێستا دەستی پێکردووە، هۆشداریدا لەوەی کە عێراق بەرەو قۆناغێک دەڕوات کە بە مەترسیدارترین قۆناغ دادەنرێت لە ململانێ سیاسی و سەروەرییەکانیدا.

ئاژانسەکە وتویەتی، گەورەترین مەترسی لەسەر عێراق لە ململانێی سەر سنوورەکان یان هێڵەکانی پێشەوەدا نییە، بەڵکو لە گواستنەوەی ڕووبەڕووبوونەوەکەدایە بۆ ناو خودی پرۆسەی سیاسی، لە ڕێگەی هەوڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ، بۆ یاریکردن بە باڵاترین پۆستی جێبەجێکردن و گۆڕینی بۆ گۆڕەپانێکی ململانێی کراوە.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ناکرێت وەک لێدوانی ئاسایی سەیر بکرێن، بەڵکو ئاماژەی ڕاستەوخۆن بۆ گەڕانەوەی دەستێوەردانی ئەمریکا لە کاروباری عێراق، بەتایبەتی دوای پێداگری نوری مالیکی لەسەر خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران سەرەڕای ڕەتکردنەوەی لەلایەن ئەمریکاوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە مالیکی تەنها نوێنەرایەتی کەسایەتییەکی سیاسی ناکات، بەڵکو وەک هێمایەک بۆ سەروەری سەیر دەکرێت،  پێشی وایە حکومەتەکەی پێشووی نموونەی دەسەڵاتی ناوەندیی بەهێز بووە کە ڕووبەڕووی هەژموون و دەستێوەردانە دەرەکییەکان بووەتەوە. جەختیکردووەتەوە کە ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات ئامانجێکی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل بووە لەم ساڵانەی دواییدا.

هەروەها تاران تایمز ئاماژەی پێکردووە، کە عێراق گۆڕەپانێکی لاوەکی نییە لە ستراتیژیی ئەمریکادا بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی ناوچەکە، بەڵکو دڵی پرۆژەکەیە بەهۆی قورساییە مرۆیی و ئابووری و سەربازییەکەیەوە، تاران تایمر پێی وایە ، لاوازکردنی و ڕێگریکردن لە گەیشتنی سەرکردە سیاسییەکان کە توانای بەڕێوەبردنیان هەبێت ئامانجێکی ڕوونی ئەمریکایە.

ئاژانسەکە دەشڵێت،  کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکی-ئیسرائیلی دژی ئێران تەنها لە چوارچێوەی نمایشکردنی هێزدا نییە، بەڵکو زەمینەخۆشکردنە بۆ جەنگێکی فرە بەرە کە عێراق یەکێک دەبێت لە شانۆ سەرەکییەکانی، جا قبوڵی بکات یان ڕەتی بکاتەوە.

ئاژانسەکە کۆتایی بە ڕاپۆرتەکەی هێناوە بە جەختکردنەوە لەوەی کە بەئامانجگرتنی مالیکی پەیوەندی بە کەسی خۆیەوە نییە، بەڵکو پەیامێکە دەست بۆ سەروەری عێراق دەبات،  هۆشداریدا لەوەی کە بەئامانجگرتنەکە ڕەنگە دواتر هەر کەسایەتییەکی سیاسی دیکەش بگرێتەوە.

ئەم ڕاپۆرتەی تاران تایمز هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان کە ڕەتیان کردووەتەوە مالیکی جارێکی دیکە پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێتەوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵکشانی ململانێی ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاییندەی سەرکردایەتی سیاسی لە عێراق.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا