
بۆ وەستانی ئەگەری جەنگێ نیوان ئەمەریكا و ئێران بڕیارە ڕۆژی هەینی، لە شاری ئیستانبوڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆبوونەوەیەکی باڵادا رووبەڕوو دانیشن.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم دیدارە کە بە نێوەندگیری سێ قۆڵی (تورکیا، میسر و قەتەر) ڕێکخراوە، ئامانجی سەرەکی داڕشتنی نەخشەڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی.
سایتی (ئەکسیۆس) ئاشکرای کردووە، لەم گەڕەی گفتوگۆکاندا، تاران ئاماژەی ئەرێنی و "نەرمی نواندن"ی نیشانداوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە کە بڕی ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی بەرز پیتێنراو ڕادەست بکات، جگە لەوەی ئامادەیی نیشانداوە سنوورێکی دیاریکراو بۆ پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو وڵاتەکەیدا دابنێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشنیازانە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی (ڕۆیتەرز)ی ڕاگەیاندووە'' ئەم هەنگاوانەی تاران بێبەرامبەر نین. مەرجی سەرەکی ئێران بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان، دوورکەوتنەوەی گەشتیگەلە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ڕەخساندنی کەشێکی ئارام و دوور لە گرژیی سەربازی.''