
ڕاپۆرت/ ڕێگای کوردستان
پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، تەنها پرۆسەیەکی یاسایی و دەستووریی ئاسایی نییە، بەڵکو بووەتە گۆڕەپانێکی ئاڵۆزی یەکلاکردنەوەی حساباتی سیاسی و ئەمنی لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەکە، چاودێران پێیان وایە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت دەرەنجامی پێکدادانی سێبەرە لە نێوان ئێران و ئەمریکا لەلایەک و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی عێراق لەلایەکی دیکەوە.
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، گەورەترین بەربەست لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتدا، نەبوونی سازانە لە نێوان تاران و واشنتۆن.
ئێران هەوڵ دەدات حکومەتێک پێکبێت کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی بێت و دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان تێیدا باڵادەست بێت، بۆ ئەوەی وەک کارتێکی فشار دژی ئەمریکا بەکاریان بهێنێت.
لە بەرانبەردا ئەمریکا، لە ڕێگەی فشارە ئابوورییەکان و دۆسیەی دۆلارەوە، هێڵێکی سووری کێشاوە کە ڕێگە نادات حکومەتێک بێتە سەرکار کە تەواو لەژێر هەژموونی ئێراندا بێت و عێراق بکاتە بنکەیەک بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا.
ماڵی شیعی لە ئێستادا لە دۆخێکی هەستیاردایە، بەشێکی زۆر لە هێزە شیعەکان بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی و گروپەکانی مقاوەمە، خۆیان بە بەشێک لە بەرەی دژ بە ئەمریکا دەزانن، ئەمەش وایکردووە هەر هەوڵێک بۆ دانانی سەرۆک وەزیرانێک کە خواستی ڕۆژئاوای لەسەر بێت، ڕووبەڕووی ڤیتۆی توندی ئەم هێزانە ببێتەوە، لە بەرامبەردا، ئەمریکاش ئاماژەی بەوە داوە کە مامەڵە لەگەڵ حکومەتێک ناکات کە لەلایەن گروپە سزادرواکانەوە کۆنتڕۆڵ کرابێت، ئەمەش هاوکێشەکەی داخستووە.
کورد کە پێشتر ڕۆڵی چارەسەرکەری دەبینی، ئێستا بووەتە بەشێک لە کێشەکە، پۆستی سەرۆک کۆمار کە بەپێی نەریت پشکی کوردە، بووەتە خاڵی وەستانی پرۆسەکە.
نەبوونی کاندیدێکی هاوبەش لە نێوان پارتی و یەکێتی و بەردەوامی ململانیەکانی نێوانیان پەیوەست بەو پۆسته، ڕێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی لایەنە شیعەکان و هێزە هەرێمییەکان یاری بەم دابەشبوونەی کورد بکەن.
بەپێی دەستوور، تا سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردرێت، ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران ئەستەمە، بۆیە کلیلی کردنەوەی دەرگای حکومەت لە گیرفانی کوردا ماوەتەوە، بەڵام کورد خۆی نەیتوانیوە بەکاری بهێنێت.
ئێستا فشارێکی گەورە لەسەر هێزە کوردستانیەکانە، ئێران و شیعەکانی عێراق فشار دەکەن کە کاندیدێک تێپەڕێنرێت نزیک بێت لە بەرەی مقاوەمە، ئەویش نوری مالیکیە، لە کاتێکدا ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو فشار دەکەن بۆ یەکڕیزیی کورد تاوەکو بتوانن هاوسەنگییەک لە بەغدا دروست بکەن.
دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە عێراقدا تەنها پەیوەست نییە بە دابەشکردنی پۆستەکان، بەڵکو ڕەنگدانەوەی شکان یان مانەوەی هەژموونی وڵاتانە.
تا ئەو کاتەی کورد لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکناکەون، بەهانەیەکی یاسایی دەدەنە دەست لایەنە شیعییەکان بۆ دواخستنی پرۆسەکە، لە هەمان کاتدا، تا ململانێی ئەمریکا و ئێران لەسەر خاکی عێراق هێور نەبێتەوە، لەدایکبوونی حکومەتێکی سەقامگیر ئەستەم دەبێت.
بە کورتی عێراق ئێستا لە ژووری چاوەڕوانیدایە، چاوەڕوانی سازشێک لە نێوان دوو جەمسەرە نێودەوڵەتییەکە و ڕێککەوتنێک لە نێوان دوو جەمسەرە کوردییەکەدا.