
ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند متمانە لەنێوان سوریاو هەسەدە گەڕاوەتەوە و چیدی وەك دوژمن سەیریان ناكەین.
وەزیری دەرەوەی سوریا، لە میانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەی بەرامبەر کردەوەکانی ئیسرائیل لە باشووری سوریا دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە کۆتایی هەر دانوستانێک لەگەڵ تەلئەبیب، دەبێت کشانەوەی تەواوەتی بێت لەو خاکانەی کە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو کۆنتڕۆڵیان کردوون.
ئەسعەد شەیبانی، ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا کار دەکرێت بۆ هاندانی وڵاتانی زلهێز بە مەبەستی بەستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا، کە ئەمەش هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ هاندانی سورییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، هاوکات داوای لە جیهان کرد کە لە ڕاستی ڕووداوەکانی ناوخۆی سوریا تێبگەن و لەگەڵ حکومەتی نوێی دیمەشقدا هاوکار بن.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا وەزیری دەرەوەی سوریا جەختی لەوە کردەوە کە هەمەجۆریی پێکهاتەکان لە سوریا نەک کێشە نییە، بەڵکو سەرچاوەی هێزە بۆ وڵاتەکە و حکومەتی نوێ هیچ پێکهاتەیەک لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە پەراوێز ناخات، بەڵێنی ئەوەشی دا کە دەوڵەتی نوێی سوریا هەڵەکانی ڕژێمی پێشوو دووبارە ناکاتەوە و کار بۆ پاراستنی مافی هەمووان دەکات.