
سوپاسالاری ئەمریکا، هۆشدارییەکی جددی داوەتە دۆناڵد ترەمپ و کۆشکی سپی سەبارەت بە مەترسییەکانی هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران.
دان کێین جەختی لەوە کردووەتەوە، تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگێکی لەو شێوەیەدا، تێچوویەکی زۆری دەبێت و مەترسیی جەنگێکی درێژخایەن و پڕ قوربانی لێدەکەوێتەوە، هەر بۆیە داوای لە سەرۆک کردووە بە واقیعییانە سەیری ئەنجامەکان بکات.
ماڵپەری ئەکسیۆس بڵاویکردەوە'' ئیدارەی ترەمپ لەسەر پرسی ئێران بووەتە دوو بەرەوە، بەرەی یەکەم بە سەرۆکایەتی جارید کوشنەر، ستیڤ ویتکۆف و جی دی ڤانسی جێگری سەرۆک، داوای دانبەخۆداگرتن و تاقیکردنەوەی ڕێگەی دیپلۆماسی دەکەن. لە بەرانبەردا، بەرەی دووەم کە لیندزی گراهامی سیناتۆر و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێشەوایەتی دەکەن، فشاری توند دەکەن بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی خێرا و هۆشداری دەدەن لە لەدەستچوونی کات.''
لە کاتێکدا ناتانیاهۆ گومانی لە هەڵوێستی ئەمریکا لا دروست بووە و پرسیاری ئەوە دەکات ئایا ترەمپ هێشتا لەگەڵیانە یان نا، کوشنەر و ویتکۆف توانیویانە ترەمپ ڕازی بکەن دەرفەتێکی کەم بدات بە گفتوگۆکانی جنێڤ کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام بدرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، دۆناڵد ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەیلی زۆری بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی هەبووە، بەڵام ئێستا تەنیا گوێ لە ڕاوێژەکانی سوپاسالار کێین دەگرێت و فەرماندەی سێنتکۆمی لە گفتوگۆکان دوورخستووەتەوە.