
رێگای كوردستان
لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا ئهنجامدا. لەم دیدارانەدا پرسی چەکدارکردنی میلیشیاکان، سەروەریی عێراق و چاکسازییە ئابوورییەکان تەوەرەی سەرەکی بوون.
هۆشداریی لەبارەی هێرشی میلیشیاکان
پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا، دوای میوانداریکردنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پێنتاگۆن، لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی "X" رایگەیاند:
"بۆ پتەوکردنی هاوبەشییەکەمان، دەبێت عێراق سەروەری خۆی بسەپێنێت و چەکی میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران دابماڵێت."
وەزیری جەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ماوەی ئەمساڵدا بەرپرسن لە ئەنجامدانی زیاتر لە ٦٠٠ هێرش بۆ سەر کارمەندانی ئەمەریکی. ناوبراو جەختی کردەوە واشنتن چاوەڕوان دەکات هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕۆڵی سەرکردایەتی بگرنە دەست لە تێکشکاندنی داعشدا، و ئاماژەی بەوە دا کە عێراقێکی ئارام ڕێگە خۆش دەکات بۆ هاوکاریی بازرگانی و بەرگریی بەهێزتر.
تەوەرەی ئابووری و چاکسازییەکانی بەغدا
لە لایەکی ترەوە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند زەیدی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە واشنتن پێشوازی لە سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر ئامانجەکانی حکومەتەکەی کردەوە، لەوانە:
- کۆنتڕۆڵکردنی چەک: ئامادەیی حکومەت بۆ سنوردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
- بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی: بەردەوامبوونی پرۆسەی چاکسازی سەراسەری.
- چاکسازی دارایی: داڕشتنەوەی گشتگیر بۆ کەرتی بانکی، دڵنیایی (تەئمین)، باج و گومرگ بە مەبەستی بنیاتنانی ئابوورییەکی بەردەوام.
کۆتاییهاتنی ڕۆڵی گروپە چەکدارەکان
سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هات. زەیدی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ئاشکرای کرد کە دوای ٣٠ی ئەیلول/سێپتێمبەر هیچ پێویستییەک بە بوونی گروپە چەکدارەکان لە عێراقدا نامێنێت. جەختیشی کردەوە کە بە کشانەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئەمەریکا، کۆمپانیا گەورەکانی ئەو وڵاتە دێنە ناو بازارەکانی عێراقەوە.
