
تۆڕی ئەلساعە بڵاوی کردووەتەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵ دەدات ڕیزەکانی ناوخۆی ڕێکبخاتەوە بۆ قۆناغی داهاتوو، ئەمەش وای لێکردووە پێشنیازی پێکهێنانی "ئەنجومەنی سەرکردایەتیی دەوڵەت" بکات. ئامانجی سەرەکی ئەم ئەنجومەنە ئەوەیە ببێتە چەترێکی کۆکەرەوە بۆ هێزە سیاسی و چەکدارەکانی شیعە وەک بەدیلێک لە ئەگەری لێک هەڵوەشانەوەی چوارچێوەکەدا.
بەشێک لە هێزە شیعەکان لە پشت پەردەوە سەرقاڵی داڕشتنێکی نوێن بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری پێکدادان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا. هەروەها، ئامانجێکی تری ئەم هەنگاوە ڕێکخستنی کارەکانی حکومەتە، بەتایبەت لە بەرامبەر ئەو ناڕەزایەتییانەی لەنێو چوارچێوەکەدا هەن لەسەر هەنگاوەکانی حکومەت لە دۆسیەکانی کۆکردنەوەی چەک و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا.
لە گەڵ ئەم بانگەوازانەدا، کە هەندێک لە چاودێران بە هەوڵێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵات دەیناسێنن، دەنگی تریش هەن کە داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی عێراق لە پەرلەمانییەوە بۆ نیمچە سەرۆکایەتی دەکەن.
