
موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ڕووی بەرگرییەوە گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ و شێوازی جەنگی داهاتوویان بە تەواوی جیاواز دەبێت لە جەنگە کۆنەکان. ڕەزایی ڕەخنەی لە سیاسەتی پێشووی دپلۆماسیی وڵاتەکەی گرت و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە چاکسازی تێدا بکرێت، چونکە بە وتەی ئەو ئەمریکییەکان خیانەتیان لە هەمو بەڵێنێک کردووە.
لە پەیامێکی تونددا بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، ناوبراو هۆشداری دا کە ئەگەر هاوکاری ئەمریکا بکەن لە جەنگی ئابوریدا، "یەک دڵۆپە نەوت لە کەنداوی فارس و گەروی هورمز ناچێتە دەرەوە". هەروەها جەختی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانیان لەوپەڕی ئامادەییدان و ئەگەر هەر هەنگاوێک بنرێت، بە شێوەیەکی "بومەرزە ئاسا" وەڵام دەدەنەوە.
هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەتۆمی و سزاکان
سەبارەت بە دۆخی ئەتۆمی، ڕەزایی باوەڕی وا گەیاند کە ئەو بەربەستانەی پێشوتر هەبوون ڕوخاون و وتی "گەمژەییەکانی ترەمپ جیهانی بەرەو چەکی ئەتۆمی بردوە"، چونکە وڵاتان بینییان کە ئەندامبوون لە ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیش ڕێگری لە هەڕەشەکان ناکات. لە لایەکی ترەوە، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای گەمارۆ توندەکان، تەنیا لە دوو مانگی ڕابردوودا توانیویانە 70 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکەن و دەستیان بۆ بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئەمریکا نەبردووە، بەڵام ئەگەر شەڕی ئابوری بەردەوام بێت، سەرجەم ڕێڕەوەکانی نەوت لە کەنداو دەکەنە ئامانج.
پاشخانی سیاسەتی نوێ و قەیرانی ئابوری
ئەم هەڕەشە و لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە دۆناڵد ترەمپ ستراتیژی خۆی بۆ گوشارخستنە سەر ئێران گۆڕیوە و سزای توند بە ئامانجی بڕینی هەمو هێڵەکانی ژیانی ئابوری تاران دەخاتە گەڕ. پلانە نوێیەکە سزا بەسەر هەر وڵات و بانکێکی جیهانیدا دەسەپێنێت کە هاوکاری ئێران بکات و باجی لەسەر دابنێت.
لە کاتێکدا قەرزەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و لە ناوخۆی ئێراندا بەهای تمەن داڕماوە و هەڵاوسان بەرز بووەتەوە، تاران ئەم هەنگاوانە بە جەنگێکی نایاسایی و ئابوری دەناسێنێت، بەڵام جەخت لەسەر مانەوە و دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان دەکاتەوە.
