
شەرق ئەلئەوسەت
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە عێراق نەیتوانی کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی پاشەکشەکردنی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، محەمەد شیاع سوودانی، بۆ نوری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، بە مەبەستی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق.
هەرچەندە چوارچێوەی هەماهەنگی بەیاننامەیەکی دەرکرد و تێیدا جەختی کردەوە کە توانیویەتی پرسی کاندیدکردنی سەرۆکوەزیران بەپێی وادە دەستوورییەکان یەکلا بکاتەوە، بەڵام بەپێی بەیاننامە فەرمییەکە، ناوی کاندیدەکەی ڕانەگەیاندووە. بەڵام هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەمەد سوودانی ڕایگەیاند کە ناوبراو لەبەردەم سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا دەستبەرداری مافی خۆی بووە بۆ پێکهێنانی حکوومەت ، وەک براوەی یەکەم کە بەرزترین دەنگ و زۆرترین کورسی لە پەرلەمانە نوێیەکەدا هەیە، بۆ براوەی دووەم کە نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووترە.
لەگەڵ ئەوەی گێڕانەوەی شیعە کە هاوشانی ڕەوتی پێکهێنانی حکوومەتەکانی ڕابردوو بووە تا دەگاتە حکوومەتی داهاتوو کە هێشتا لە ناوەڕاستی بەربەست و سەختییەکاندا چاوەڕێی پێکهێنانە، لەسەر بنەمایەک دامەزراوە کە "نوێکردنەوە بۆ هیچ سەرۆکوەزیرانێک بۆ خولی دووەم نەبێت". سەرەڕای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی سوودانی لە هەڵبژاردنەکانی دواییدا بەدەستی هێنا، بەڵام بەم پێوەرە گەمارۆ درا کە هێزە شیعە دەسەڵاتدارەکان دایانتاشیوە، لە کاتێکدا ئێستا چاوەڕێی ڕەزامەندی کۆتایین بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن مالیکییەوە بۆ خولی سێیەم.
ئەو سەرچاوە سیاسییانەی قسەیان بۆ شەرق ئەلئەوسەت کردووە، چ ئەوانەی لایەنگری سوودانین یان نەیارین، کۆک بوون لەسەر ئەوەی ، ئەوەی ڕوویدا لە ڕووی پاشەکشەکردنی سوودانی بۆ مالیکی، نەک تەنها پشێوی لە ناو ماڵی شیعەدا دروست کردووە، بەڵکو بوومەلەرزەیەکی سیاسییە کە پاشکۆکانی کاریگەرییان لەسەر کۆی دۆخی سیاسی وڵات دەبێت، وەک ئەوەی کەسێکی نزیک لە سوودانی دەڵێت.
هەمان سەرچاوە لە لێدوانێکدا بۆ شەرق ئەلعەوسەت دەڵێت: سوودانی داوای لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردبوو کە بە تەنیا لەگەڵ مالیکی ڕێکبکەوێت، ئەوەش ڕوویدا و چەندین دیداریان پێکەوە هەبوو، بەڵام ئەو سوپرایزەی کە سوودانی ئامادەی کردبوو چاوەڕواننەکراو بوو، نە بۆ خودی مالیکی و ناوەندەکانی پارتی دەعوە بە سەرۆکایەتی ئەو کە سوودانی پێشتر ئەندامی بوو، نە بۆ سەرکردەکانی تری چوارچێوەی هەماهەنگی.
سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە کە سوودانی بە مالیکی ڕاگەیاندووە کە لە حاڵەتێکدا پاشەکشەی بۆ دەکات ئەگەر خودی مالیکی خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات، ئەمەش هەمووانی تووشی شۆک کرد و لە سەرووی هەموویانەوە مالیکی و باقی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە خۆیان بۆ سیناریۆیەکی لەو شێوەیە ئامادە نەکردبوو.
سیاسەتەوانێکی عێراقی بۆ شەرق ئەلئەوسەت دواوە و ڕایگەیاندووە: ئەو هەنگاوەی سوودانی ناویەتی بۆ پاشەکشەکردن لە بەرژەوەندیی مالیکی، پرۆسەیەکی بێگەرد نییە کە بخرێتە خانەی لەخۆبوردەییەوە، چونکە پرسەکە تەنها شایستەیەکی کەسی نییە، بەڵکو ئیستحقاقێکی پەرلەمانییە بۆ براوەیەک کە خاوەنی کوتلەیەکی پەرلەمانیی نزیکەی ٤٧ کورسییە، کە ئەگەری هەڵوەشانەوەی هەیە ئەگەر پاشەکشەکە تەنها لەسەر ئاستی کەسی بێت.
ئەم سیاستەوانە، کە داوای کردووە ناو و پلەکەی ئاشکرا نەکرێت، بۆ شەرق ئەلئەوسەت دەڵێت: لەوانەیە سوودانی مانۆڕی کردبێت، چونکە بینیویەتی لە ناوەڕاستی قەیرانی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی و گۆڕانکارییە چاوەڕواننەکراوەکاندا گەمارۆ دراوە، کە لەوانەیە هەموو دەرهاویشتە و ئەنجامەکانی بکەوێتە ئەستۆی ئەو، ئەگەر حکوومەت پێکبهێنێت. بەڵام وا دیارە ئەم مانۆڕە بە تەواوی لێکدراو نییە، بەڵکو دەچێتە خانەی سەرکێشییەوە ئەگەر بێت و مالیکی بتوانێت کۆدەنگییەکی شیعە بەدەستبهێنێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دروستیی ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەستوەردانی ئێران یان هەبوونی پەیامێکی ئێرانی دەکەن بۆ پێدانی هەلی پێکهێنانی حکوومەت بە مالیکی، هەمان سیاسەتەوان وتی: ئێران ئێستا لە کاتی کوژراودا (کاتی زیادکراودا) یاری دەکات، چ سەبارەت بەوەی پێشتر لێی دەزانرا کە دەستوەردانی ڕوونی هەبوو لە پێکهێنانی حکوومەتەکانی پێشووی عێراق، یان سەبارەت بەو دۆخەی تێیکەوتووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی (دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا).
بۆیە لەبەر ئەوە، ئێستا بۆی قورسە لە هەمان چوارچێوەدا، سەرەڕای ئەوەی ناوەندەکانی ناو حزبی دەعوە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی مالیکی باس لەوە دەکەن کە ئەو حکوومەتی داهاتوو پێکدەهێنێت و گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرساوە، بەتایبەت دوای وەڵامەکەی مەرجەعییەت کە ڕەتکردنەوەیەکی ڕاشکاوی تێدا نییە، هەروەها لەگەڵ بەردەوامیی بێدەنگیی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر تا ئێستا، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بڕیاری داوە ڕۆژی شەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی کاندیدی ڕێککەوتووە لەسەر ئەنجام بدات.
بەپێی جوڵە سیاسییەکانی ناو ماڵی شیعە، مالیکی سەرەڕای پاشەکشەکردنی سوودانی بۆی، هێشتا کۆدەنگیی لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەست نەهێناوە، کە ئەمەش یەکێکە لە مەرجەکانی کاندیدبوون بۆ سەرۆکایەتی وەزیران. جگە لەوەش، بارودۆخە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت هەڕەشەکانی ترەمپ دژی ئێران، دەکرێت کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو هەبێت، ئەمەش هێزەکانی «چوارچێوەی هەماهەنگی» دەخاتە دۆخێکی سەختەوە، بەتایبەت کە نیشانەکانی لێکترازان لە ناو ماڵی شیعەدا بەدی دەکرێن ئەگەر بێت و لە کۆبوونەوەی شەممەی داهاتوودا مالیکی بە فەرمی کاندید بکرێت.