
ڕێگای كوردستان
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا، ڕایگەیاند کە ئەوروپا بەبێ بوونی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) سەلامەتتر دەبێت، و هاوپەیمانییەکەی بە "ددانێکی ئازاربەخش" چواند کە پێویستە چارەسەر بکرێت.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "تاس"ـی ڕوسی، لێدوانەکەی زاخارۆڤا لە وەڵامی قسەکانی فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیاوە هات، کە ڕایگەیاندبو "پێویست ناکات بابەتەکانی پەیوەست بە تەلارسازیی ئەمنی ئەوروپا لەگەڵ ڕوسیا تاوتوێ بکرێن چونکە لە ئێستاوە بوونی هەیە". ئەمەش دوای ئەوە هات کە سەرکردەکانی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەکدا لە دبلن، بە فەرمی پێشنیارەکەی مۆسکۆیان بۆ ڕێکخستنەوەی ئەمنی ڕەتکردەوە.
"ناتۆ سیستەمی بەرگریی لاواز کردووە"
زاخارۆڤا لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەگەر ناتۆ بوونی نەبوایە، واتە ئەگەر هاوپەیمانییەکە ئەو ڕۆڵەی نەگێڕابا کە گێڕاویەتی، ڕەنگە ئاسایش لە ئەوروپا – لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستدا – و لە تەواوی جیهاندا زۆر گەورەتر بوایە". ناوبراو ناتۆی بەوە تۆمەتبار کرد کە سیستەمی بەرگریی جیهانی و ئەوروپی لاواز کردووە.
گرژیی بەردەوام و هەڕەشەکان
لە بەرامبەردا، سەرکردەکانی ناتۆ، لەوانەش مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییەکە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕوسیا هەڕەشەیەکی درێژخایەن و سەرەکییە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا و ناتۆ، بەتایبەتی لە پاش هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیاوە.
ئەم دۆخە وای لە وڵاتانی ئەوروپی کردووە ڕووبەڕوی پێویستیی بەرزکردنەوەی بودجەی سەربازی و خۆئامادەکردنەوە ببنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەگەری پێکدادانێکی سەربازی یان هەڕەشە تێکەڵاوەکان (Hybrid threats). لە لای خۆشیانەوە، بەرپرسانی ڕوسیا چەندین جار هۆشدارییان دداوە لە فراوانبوونی ناتۆ، ناردنی هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکرانیا، و دروستکردنی هەڕەشەی نوێی موشەکی، و هەڕەشەی وەڵامی یەکلاکەرەوە دەدەن.
