
بەپێی دواین ئامارە نافەرمییەکان و ڕاپۆرتی ڕێکخراوە جیهانییەکان، ژمارەی زیندانیکراوان لە گرتووخانەکانی ئێراندا لە سەرووی ١٩٠ هەزار کەسەوەیە و ئەم دۆخە مەترسیدارەش بەهۆی هەڵکشانی بەردوامی دەستگیرکردنەوە ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی مرۆیی بووەتەوە.
ڕاپۆرتە نافەرمییە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی پێدەکەن، کە ژمارەی گشتیی زیندانیان لە ئێران، زیاتر لە ۱۹۰ هەزار کەس دەبێت، کە بەمەش ئێران دەخاتە ڕیزبەندیی ئەو ووڵاتانەی خاوەن ڕێژەیەکی بەرزی زیندانین لە جیهاندا.
لە لایەکی ترەوە، بەرپرسانی خودی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران چەندین جار بە فەرمی دانیان بەوەدا ناوە کە زیندانەکانیان لە ئێستادا دوو هێندەی توانای ئاسایی و گەورەیی خۆیان زیندانییان تێدا کۆبووەتەوە.
بە ووتەی بەرپرسانی تەندروستی و دادی ئەو وڵاتە، (نزیکەی ٧٠٪ی کۆی گشتیی زیندانیان) لەسەر تاوانە پەیوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کراون.
هاوکات ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەەن لەوەی کە هەزاران کەسی دیکەش تەنها بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنی و چالاکی مەدەنی یان ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی دەسەڵات، لە گرتووخانە تاریکەکاندا بە بێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەستبەسەر کراون.
