
ڕێگای کوردستان
ڕۆژانە لە هەرێم، هاووڵاتییان ڕووبەڕووی ئەو کێشەو قەیرانە سەختانە دەبنەوە کە حکومەت بۆی دروست کردوون.
چیرۆکە تراژیدییەکان بوونەتە سەردێڕی هەواڵی بەپەلەی ڕۆژانەی میدیا، هەر ڕۆژەی هەواڵێکی دڵتەزێن بەرچاو و گوێچکەی خەڵک دەکەوێت، وەک، خانەنشینێک لە نێو قەرەباڵغی و چاوەڕوانییەکی تاقەتپڕوکێندا لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەکەی، گیانی لە دەستدا.
هاووڵاتیەک لەکاتی نۆرەی وەرگرتنی بتڵێک عازی ماڵان، بەهۆی پاڵەپەستۆو دەمەقاڵێ، گیانی لە دەستدا.
قەیرانی سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکان شەقامەکانی کردووەتە مەیدانی جەنگ. لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزیندا، شەڕ و دەمەقاڵێ دەگاتە ئاستی خوێنڕشتن، تەنانەت ئاوی خواردنەوەش، کە مافێکی سەرەتاییە، بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی و پێکدادان لە نێوان خەڵکدا.
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، حکومەت بەم سیاسەتە شکستخواردووەی، ژیانی ئاسایی گۆڕیوە بۆ ململانێیەکی توند بۆ مانەوە. ئەم دۆخە نەک هەر خزمەتگوزاریی پەکخستووە، بەڵکو شیرازەی کۆمەڵایەتیشی بەرەو هەڵدێر بردووە، لەکاتێکدا بەرپرسان تەنها تەماشاکەرێکی بێدەنگی ئەم هەموو ئازار و خوێنڕشتنەن.
