
لە ڕواندز لەژێر بناری چیای هەندرێن، یادی ٦٠ ساڵەی داستانی مەزنی هەندرێن لە مەراسیمێکی جەماوەریی فراواندا بەرز ڕاگیرا؛ داستانێک کە شانازیی تۆمارکردنەکەی بۆ پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی و هێزە هاوپەیمانەکانی دەگەڕێتەوە.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە حزبی و حکومییەکان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، تێکۆشەرانی دێرین و جەماوەرێکی بەرفراوان بەڕێوەچوو. سەرەتای یادەکە بە کردنەوەی پێشانگایەکی تایبەتی فۆتۆگرافی دەستی پێکرد، کە شریتی کردنەوەکەی لەلایەن هاوڕێ (ڕائید فەهمی)، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی عێراق و هاوڕێ (تانیا)، خوشکی شەهید ساڵحی مام ئەلیاس، یەکێک لە شەهیدانی داستانەکەوە بڕدرا. لە پێشانگاکەدا کۆمەڵێک وێنەی دەگمەن و مێژوویی پێشمەرگەکانی داستانی هەندرێن نمایش کرابوون، کە سەرنجی ئامادەبووانیان بۆ لای سەروەرییەکانی ئەو قۆناغە ڕاکێشا.
دوابەدوای بەسەرکردنەوەی پێشانگاکە، بەشی فەرمیی مەراسیمەکە دەستی پێکرد. وەک وەفایەک بۆ شکۆ و گیانی پاکی شەهیدان، ئامادەبووان ساتێک بە بێدەنگی وەستان لەگەڵ سروودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب) و سروودی (ئەینتەرناسیۆنال).
لە بڕگەیەکی دیکەی مەراسیمەکەدا چەندین وتار پێشکەش کران؛ سەرەتا وتاری بەخێرهێنانی مەڵبەندی سۆران و کۆمیتەی ڕواندز لەلایەن هاوڕێ (ڕزگار ئەحمەد)ەوە خوێندرایەوە. پاشان هاوڕێ (ڕائید فەهمی) وتاری حزبی شیوعیی عێراقی پێشکەش کرد و دواتریش وتاری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان لەلایەن هاوڕێ (سوبحی مەهدی)یەوە خوێندرایەوە. لە درێژەی وتارەکاندا، پەیام و وتاری پێشمەرگە دێرینەکانی عێراق و کوردستانیش پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
وەک وەفایەک بۆ قوربانیدان و خەباتی نەپساوەی تێکۆشەران، لە بڕگەی ڕێزلێناندا، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی داستانی هەندرێن، هەروەها چەندین هاوڕێ و تێکۆشەری دیکەش لەپای خەباتی دێرینیان ڕێزیان لێ گیرا.
لە بەشی کۆتایی مەراسیمەکەشدا، نووسەر و مامۆستا (مەغدید حاجی) نوێترین کتێبی خۆی کە تایبەتە بە مێژووی داستانی هەندرێن ناساند و لە کۆتاییدا کتێبەکە وەک دیارییەک بەسەر ئامادەبووان و میوانانی مەراسیمەکەدا دابەش کرا.
















