بەشی دووەم
شاردنەوە لە نواندنەوەدا
" میدیا بەنواندن و پەخشکردنی هەندێک شت، هەندێک شتی دیکە دەشارێتەوە "
پێیەر بۆردیۆ
PIERRE BOURDIEU; On Television
یەکێک لە تواناکانی میدیا تەکنیکی شاردنەوەیە. میدیا لە ڕێگەی پیشاندانی واقیعێکەوە، واقیکێکی گەورەتر دەشارێتەوە. یان بەجۆرێک فاکتەکان دەنوێنێتەوە کە لە بنەمادا وەک ئەوەی هەیە پیشان نەدرێن، یاخوود گۆڕابن بۆ شتی بێمانا و داڕشتنەوە و نواندنەوەیان لەناوەڕۆک و مانایی ڕاستەقینەی فاکتەکان بەتاڵکرابنەوە.
پاتریک شامپاین، فەیلەسووف و سۆسیۆلۆگی فەڕەنسی لە کتێبی (la misère du monde /هەژاری جیهان) فرە قەشەنگ ئەم پرسەی ڕوونکردووەتە و باسی لە چۆنێتی نواندنەوەی فاکتەکان لە میدیادا کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو، کە چۆن ژۆرنالیستەکان بەپێی لۆژیکی ناوەکیی کارەکانیان و بەلۆژیکی پیشە، ئایدۆلۆژیا، دنیابینی، لەکاتی ڕووماڵکردنی بابەتەکاندا تەنیا لایەنێکی فاکتەکان هەڵدەبژێرن، لایەنێک کە لەگەڵ تێگەیشتنی خۆیاندا بگونجێت.
لای شامپاین، ژۆرنالیستەکان بونیادێکی نادیاری تێگەیشتن ڕێک دەخەن کە دیاری دەکات چی ببینرێت و چی نەبینرێت.
ژۆرنالیستەکان چاویلکەی تایبەت بەخۆیان پێیە کە هەندێک دیمەنی پێ دەبینن و هەندێک دیمەن دەشارێتەوە...چاویلکەیەک بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت دەبینێت و ڕووماڵ دەکات.
شامپاین بەنموونەی مانگرتنی قوتابیانی دواناوەندی فەڕەنسا (ساڵی 1986) ئەمە ڕووندەکاتەوە. لەم نموونەیەدا دەبینین ژۆرنالیستەکان تەماحیان لە دووبارە بوونەوەی 1968ـێکی نوێیە. دەیانەوێت بەحەز و خواستەنەستەکییەکانیان واقێکی نوێ بەرهەمبهێنن، واقعێکی کارەستبار و پڕ لە تووندووتیژی. ئەوان خەیاڵیان لە نواندنەوەی 1968وە نایانەوێت لە دەستی بدەن، بەڵام مانگرتنەکە لە بنەمادا مانگرتنی کۆمەڵێک مێردمنداڵبوو کە ئەلف و بێی سیاسییان نەخوێندبوو. کۆمەڵێک منداڵ کە خۆیان نەیاندەزانی چیان دەوێت و دەیانەوێت چی بڵێن؟ لەم چرکەساتەدا ژۆرنالیستەکان وتەبێژەکانیان هاندەدا، بەپیرییانەوە دەچوون و ئەمانیش شتەکەیان لێ بەڕاست دەگەڕا.
لەم نموونەیەدا شامپاین دەیەوێت پێمان بڵێت؛ ئەوەی ژۆرنالیستەکان پیشانیان دەدا و ئەوەی تەلەفیزیۆنەکان دەیان نواندەوە واقیع نەبوو، لە بنەمادا نە خۆپیشاندانێکی سیاسی ڕوویدەدا، نە مێرمنداڵەکان سیاسیی بوون، ئەوەی هەبوو خۆپیشاندانی کۆمەڵێک خوێندکاری مێردمنداڵبوو کە خۆیان نەیاندەزانی چییان دەوێت. لێرەدا میدیا خۆی واقیع بەرهەم دەهێنێت و ئەو واقیعەی پێ دەشارێتەوە کە خۆی حەزی لێ ناکات.
ئەگەر چاوێک بەمێژووی ڕۆژنامەوانی کوریدیدا بخشێنینەوە نموونەیەکی کارەستبار لە واقیعی ڕۆژنامەوانی کوریدیدا دەبینینەوە، ڕۆژی پێنجشەمە 17ی ئایاری 2021 پەناخوازێکی سیاسی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەناوی (بێهزاد مەحموودی). بەھۆی خراپی بارودۆخی ژیانی لەکاتی لێداوان بۆ چەند کەناڵیکی ڕاگەیاندنی ھەرێمی کوردستان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و بەبەرچاوی دەیان ڕۆژنامەنووسەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و گیانی لەدەست دا. کەچی ڕۆژنامەنووسەکان هەڵپەرستانە و بەتەماحە نەستەکییەکانیانەوە لە کێبڕکێی ئەوەدا بوون کێ یەکەم کەس حەقیقەتی ڕووداوەکە بنوێنێنتەوە، بێ ئاگا لەوەی ئەوەی میدیا ڕوماڵی دەکرد نواندنەوەبوو، ئەوەی بەبەرچاوی هەموویانەوە دەسووتا حەقیقەت بوو.
ڕەنگە نموونەی ئەم ڕووداوە لە فیلمی (Ace in the Hole 1951) بۆ بینەر ڕوونتر بێت.
کاتێک (لیۆ) بەهۆی بومەلەرزەیەکەوە لە نێوان شاخەکەدا گیر دەخوات ژۆرنالیستەکان بەمەبەستی ڕووماڵکردن و گواستنەوەی زانیاری ڕوودەکەنە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام ناتوانرێت لە بن شاخەکەدا دەربهێندرێت.
دوای پێنج ڕۆژ چاوەڕوانی (چاک تاتوم) بۆ ئەوەی یەکەم کەس ببێتە خاوەنی ئەو هەواڵە، (لیۆ) دەکوژێت و دەچێتە سەر شاخەکە و هەواڵی مردنی ڕادەگەیەنێت. بەڵام لە ڕاستیدا لیۆ نەمردووە، بەڵکوو چاک تاتوم خۆی کوشتوویەتی. ئەمە توانایی ڕەهایی ژۆرنالیزمە، بەجۆرێک دەتوانێت خۆی ببێتە کەرەستەی خولقاندنی حەقیقەت. ئەگەر حەقیقەتێکیش بوونی هەبێت، دەتوانێت بیکوژێت و بیسوتێنێت و حەقیقەتێکی دیکە بنوێنێتەوە.
خۆ ئەگەر میدیا فاکتێکیش بڵاوبکاتەوە، پێویستە بە دەرگاوانی میدیادا تێپەڕێت. هەموو میدیایەک دەرگاوانی هەیە و هەموو فاکتێک بە دەرگاواندا تێدەپەڕێت. وەک ئەوەی نووسەری ئەمریکی (کیرت لیۆن) دەڵێت:" هەر فاکتێک پێش ئەوەی لە میدیاوە بگاتە وەرگر بەچەند دەرگایەکدا تێدەپەڕێت، لەوێدا بڕیار لەوە دەدرێت چی پێدا دەربازبێت یان چی لێبقرتێنرێت، یان چۆن بنوێنرێتەوە."هەندێکجار ئەو زانیاریانەی لە دەرگاکەدا دەچنەژوورەوە گەلێ کەمترە لەو زانیاریانەی که لێوەی دێتە دەرەوە و دەنوێنرێتەوە.
ماوییەتی...

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا