سەلام عومەر

ویستم باس لەو قڵیشە گەورەیەی چینایەتی بکەم کە حکومەت درووستی کردوەو خزیوەتە نێو ناخی کۆمەڵگاوە و تادێ فراوانتر دەبێ ، تادێ زەقتر دەبێتەوەو بۆتە دیاردە و هەژارەکان دەهاڕێ، بەڵام بێدەنگیم پێباشتر بوو.

ئەوجا خەریكبوو چیرۆکی هەبوو نەبوو پەرلەمانێک هەبوو بگێڕمەوە و بشیدەمە  بڵندگۆکان و لە زەغەتەکان بڵاوی کەمەوە، بەڵام گوتم نەکو بەو هەبوو نەبووە، بەرئاگردانیان بیربێتەوە و هێندەی دی بچنە خەوێکی قوڵەوەو هەر هەڵنەستنەوە، بۆیە بێدەنگیم هەڵبژارد.

بەتەویا بووم باس لە مووچە پاشەکەوتکراوەکان و لێبڕاوەکان و وەستانی تەڕ،،،فیعەکان و تێبڕینی لە سەدا حەوتەکەی بەغدا و نەدراوەکان بکەم، دژەتیرۆر و قەڵغان بەدەست و ریزە کۆستەرو تۆمەتە زۆرەکانم بیرکەوتەوە، بێدانگیم پێباشتربوو.

وێجا حەزم لێبوو  حیکایەتی  حکومەتێکی ئێکسپایەر و  پێشنیاری هەڵبژاردنەوەیەکی پێشوەختە بۆ ڕای گشتی بنووسمەوەو پێیان بڵێم دەنگی ئەوخەڵکەتان بۆ خستە گۆمی ناکۆکیەکانتانەوە و خنکانتان، کەچی دەمی خۆم گرت و قەراقوپم لێکرد.

دواتر نیەتم بوو هاوار بکەم و باسی بێدەنگی شەقام و بەحزبی كردنی  پەروەردەو دادگاو قوتی خەڵك و بەکۆمپانیا کردنی نەخۆشخانە حکومیەکان بكەم ، بەڵام  بێمنەتی دەسەڵاتم بیرهاتەوە کە بەرامبەر هاوڵاتیانی هەیەتی گوتم نا...نەبا درۆنێکم بۆ بنێرن و هەلا هەلامکەن، ئیدی بێدەنگیم پێباشتر بوو.

هەروابێتەوە تەمام وابوو بەتایبەتکردنی کەرتی کارەبا باس کەم، وەک ئاو و تەندروستی و کامیراکانی هاتوچۆ و ئەوانی دی و بڵێم هەموو سێکتەرەکانی ژیان دراونەتە بازرگانەکان، ئیدی حکومەتمان بۆ چییە؟ تەنیا ژمێریارێک بەسە، کەچی ئەو جەلەشیان بێدەنگیم هەڵبژارد.

خۆ زۆری نەمابوو چیلكەیەك بە گوی وشكی ۳۳ ساڵ حکوڕانیدا بکەم و بڵێم دوای دەیان کۆبوونەوەو هاتوچوون، دوای دابەشکردنی داهاتی سەرزەوی و بنزەوی، دوای تۆخکردنەوەی زۆنە سەوز و زەردەکان، هێشتا ناتوانن وەزارەتەکانی حکومەت بەناوی حزبەوە دابەشکەن؟ هێشتا پشکەکانتان پێکەمە و هەموویتان بۆ خۆتان دەوێ و بەتەمان وەک برا دوای دەیان ساڵ فیفتی فیفتی بەفیتی دەرودراوسێ بژیەننەوە، بەڵام گوتم نەبا بۆنی ناخۆش خوێنەران هێڕکات ئەویشم نەكرد، ئەرێ‌ گەلۆ بێدەنگی باشتر نییە؟؟؟؟؟؟

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا