
گوشاد حەمەسەعید
عومەر عەلی شێخ (باوکە فاروق(
ڕەنگە ساڵی ١٩٨٩ بوبێ کەیەکەمین جار هاوڕی عومەرم دیت.چونکە دوای ئەنفالە بەدناوەکە و پەرت بوونی هێزی پێشمەرگەو مانەوەو خۆ حەشارداوە چەند مەفرەزەیەکی حزب لەناوچەی خۆشناوەتی ماوەیەکی باشیان بە برسیەتی و خواردنی پاشماوەی ڕزيوى باخەکان مەردانە خۆیان ڕاگرتبوو.
ئێمە ئاگادار کراینەوە کەدەبێ بەهەر ڕێگایەک بۆمان دەگونجێ خۆمان بگەیەنینە هەولێر.من ئەو حەلە کە خۆم لە شەقڵاوە کوتابوو، وێڕای هەموو ترس و لەرزێک کۆمەڵێک هاوڕێی باشم لە دەوربوون کە هەرگیز لە ترسناکترین باردا منیان لەبیر نەدەکرد.جگە لەمە کۆمەڵێک خێزان هەمیشە وەک پەناگایەکی زۆر جێگای متمانە وەک باوەشێکی پۆڵایین ئێمەیان پەنادەدا
دوای ئەو ئاگادارکردنەوەیە من منداڵەکانم ڕەوانەی هەولێرکردەوەو بارم سووک بوو
بەڕێگایەکی ئەمین منیش گەیشتمەوە هەولێر
بەر لەوەی بێمەوە هاوڕێیان گوتیان لەهەولێر خۆمان پەیوەندیتان پێوە دەکەینەوە.بەڵام ئەمە درێژەی کێشا. بەبێ هاوڕێیانیش وەک کوێر یان سەرلێشێواو وابووم
ئێوارەیەکیان هێشتا گورگومێش لێکدی جیادەکراوە لەدەرەوە دەگەڕاماوە ماڵێ سەیرمکرد دوو زەلام بە دەموچاوی پڕ لە خەندەوە ڕێک بەرەو ڕوی من دێن
هەستمکرد ئەوان چەکدار بن ،هەی پێم لێکرد خۆم گەیاندەوە ناو دەرگاو یەکێکیان لەدوامەوە وتی هێواش بابە، ئەوە چیە بۆ وا بەپەلەی ؟ جگە لەوەی سەعدون خۆی بوو هاوڕێ شێرزاد شێریشی لەگەڵدابوو.
هاتنە ژوورەوەو کەمێک لام مانەوەو هەواڵی سەلامەتی هاوڕێیانیان پێڕاگەیاندم کە بۆمن زۆر خۆش بوو،ئینجا تاحەزدەکەی بەیانات و بڵاوکراوەی حزبیان بۆ بەجێهێشتم
ئەوانیش ئاگاداریان کردمەوە کەدەبێ زۆر خۆم بپارێزم و ئارامم هەبێ تا هاوڕێیان پەیوەندیم پێوە دەکەنەوە
دوای ئەم ئێوارە بەماوەیەک کەلەبیرم نەماوە چەندەی پێچوو ،عەسرێک دکتۆر عێزەدین. مستەفا رەسول یادی بەخێر کە هەرگیز لەبیری ناکەم، مامۆستای بەڕێزم ئیسماعیل خۆشناو لەگەڵ کەسێکی دیکە کە یەکەمینجار بوو بیبینم و ئۆتۆمبیلەکەش ئەو لێی دەخوڕی هاتمە دەرەوە گوتیان دەچین بۆ دەعوەتێک تۆش لەلایەن ئێمەوە بانگکرانی.
بەر لەوەی ئۆتۆمبیلەکە بجولێ کابرای کەنەم دەناسی دابەزی و بە دکتۆر عێزەدینى گوت تۆ ئۆتۆمبیلەکە لێبخوڕێت خۆیشی هاتە دواوەو لەتەنیشت من دانیشت.
دکتۆر لەگەڵ مامۆستا ئیسماعیل خەریکی قسە بوون کەسەکەی تەنیشتی بە ئەسپایی سەری هێنا بن گوێم و ئەو ناوە نهێنییەی درکاند کەدەبێ بەو هۆیە بیناسمەوە،لە پاشان وتی ئاگاداربە دکتۆر نازانێ بۆ لەگەڵی هاتوم و دواتر پەیوەندیمان دەبێ.ئەو کەسە هاوڕێ هۆگر بوو.
دوای چەند دیدارێک زانیم کە خۆی بەر پرسی حزبیمە.
ماوەیەک بەسەر ئەو دیدارانە تێپەڕی یا جارێکیان ئاگاداریکردمەوە کە کۆبوونەوەیەکمان دەبێ لەکاتی خۆیدا بەدوامداهات چوین بۆ ئەو شوێنەی کە نەمدەزانی کوێیە.
نەخێر هێندەی پێنەچوو ئەندامانی کۆبوونەوە کە هەموویان گەیشتن.کەماڵێک بوو نزیکی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لە تەقەی دووەم دانیشتین.
هاوڕێ عومەر عەلی شێخ خۆی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد، ئێمە کە چواردە کەس بوین لەنێوانی هەر کەسێک و کەسێکی دیکە کلاشنکۆفێک و چەند رومانەک بۆ هەر کەسێک داندرابوو.
هاوڕێ عومەر لە دەستپێکی قسەکانی گوتیى: هاوڕێیان دیارە هەمومان هیوادارین کە کەسێکی ناپاکمان لەنێواندا نەبێ، خۆ ئەگەر بارێکی نەخوازراو هاتە پێشەوە ئەوە بایی خۆمان چەک و تفاقمان داناوە ، پڕیادەنێ و بۆیان بهاوێن.
من ئەو چرکە ساتەدا هەستم بە ئازایەتییەک کرد ، لەدڵی خۆمدا گوتم؛ پیرە مێردێک لەو تەمەنە ورەی ئەوەندە بەرزبێ دەبێ من پشتم قایم بێ، ئەو ڕۆژە کۆبوونەوەکە زۆر باشبوو کەلە ڕۆژە ڕەوشێکی ئەوهادا گیانێک بەبەر حزبدا کرایەوە.
لەبیرمە زۆر بە گەرمی هەواڵی باوکمی پرسی، بەڵام تێگەیشتم کە هاوڕێ هۆگر پێی گوتوە من کێم.ئینجا گوتی بۆی باس مەکە کە منت دیتوە و تەنیا ویستم هەواڵی بپرسم.
ئێستا جگە لە هاوڕێیەتی وا بوو بە مامیشم.
من لەلای خۆمەوە هەستم دەکرد کە زۆر متمانە پێکراوم، بۆیە وایلێهات کۆبوونەوەی هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندیش لە ماڵەکەی مندا سازدەکراو، هاوڕێ عومەریش زۆر جار خۆی دەهاتە لام و هەموو ڕێنماییەکانیشیم بە هەند وەردەگرت.
بەر لە ڕاپەڕین چەکێکمان لەناو باخەکەی ماڵمان ژێر زەوی کرد، ئەو کارەشم لە دوای دووی شەو کرد ،شوێنەکەمان داپۆشیەوە پێشتر گڵی وشکم هێنابوو تا کە شوێنە هەڵکەندراوەکەم داپۆشتەوە شوێن بزربێ .
تۆمەز شڤان کە کوڕە بچوکم بوو لەودیوی پەنجەرەکەوە تەواوی کارەکەی منی تەماشا کردوە و هەرکە لێبوردنەوە زوو خۆی تەقاندۆتەوە ناو جێگاکەی و منیش هەستم پێنەکردووە.
بۆ سبەینێ هاوڕێ عومەر دێتە ماڵی ئێمە من هەر دە دەقەیەک دواکەوتم ،سەیرم کرد هاوڕێ عومەر لەناو چیمەنەکە دیَت و دەچێ .
هەر لەگەل چوومە ژوورەوە هاوڕێ عومەر شاڵاوی بۆ هێنام کە چۆن من لەبەر چاوی ئەو منداڵە چەکم شار دۆتەوە....هێمنمکردەوە ،ئینجا هاوڕێ گوتی: ئەمةش هیچ کە کەمتەرخەم بوویتە یان شتێکی دیکە بەڵام لەشڤانم پرسیوە کوا باوکت کەچی دەڵێ وابزانم چووە موحافیز بکوژێ. بەڵام چاکبوو دواى ضةند ڕۆژيَك ڕاپەڕین بەرپابوو.
داخیگرانم ساڵانێک دوای ئەوەی من وڵاتم بەجێهێشت چەند جارێکم بینی بەڵام دواجاری ئەو سەردانانە هەستم کرد بەباشی نامناسێتەوە.
ئەبو فاروق پیاوی ڕێکخستنە پۆڵایینەکەی حزب بوو کە وانازانم ئەمڕۆ زۆر بایەخی پێبدرێ.
کۆچەکەت بەخێربێ بایی ئەوەندەت جێهێشت وەک تێکۆشەرێکی پۆڵایین ناوت بهێندرێ.