تا خاوەن ماڵ دزیگرت ، دز خاوەن ماڵی گرت ! کەواتە ئێمەش تورکیایەکی بێ تیرۆرمان دەوێت !

کێ دەڵێ نەمچەشتووە نووکی رمی کوردی نەژاد

رانی دەرخا ، تا ببینم داخمەی شێرانی کورد

هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیای نەتەوە پەرست لە 1923 / 10 / 29 .

مستەفا کەمال ئەتاتورکی سەرۆکی تورکیا ، لە 1920 / 4 / 23 ، وتارێکی لە پەرلەمانی تورکیا پێشکەشکرد تیایدا بەڵێنی خۆسەرێتی ( ئۆتۆنۆمی ) بە کورد دا و تیایدا وتی : " کۆماری تورکیا کۆماری کورد و تورکە . "

لە نووسراوە فەرمییەکانی دەوڵەت تا ساڵی 1923 ، پارێزگاکانی رۆژهەڵات بە کوردستان ناو دەبرا . لە و سەروبەندەدا ئەتاتورك لە 1920 / 6 / 27 ، نامەیەك بۆ عەمید نیهاد پاشای سەرلەشکری بەرەی ( جزیرێ ) دەنێرێت، تیایدا باس لە دامەزراندنی خۆسەرێتی ( ئۆتۆنۆمی ) لە هەرێمی کوردستان دەکات ، کاتێ لە ساڵی 1921 دەستوور لە پەرلەمان دەرچوو ، لە مادەکانی 11 تا 21 راشکاوانە پێداگری لەسەر پێدانی حوکمی زاتی بۆ کورد دەکات ، بەڵام کاتێ سەقامگیری باڵی کێشا بەسەر تەواوی وڵات ؛ مستەفا کەمال پاشگەز بوووە لە بەڵێن و بڕیارەکانی پەرلەمان ، دەستی بە سڕینەوەی کورد و وشەی کورد کرد ، " گوندەکان تەخت بکەن ، رەحم بە کورد و خێزانەکانیان نەکەن ، ئەمانیان نەدەن ، ئەم دەرسە و پەندە ، هێندە سامناك بێ کە هە موو خەڵکی وڵات لە یادیا بمینێ ! " .

ئەگەر  لە سەردەمی عوسمانی ، کورد لە رێگەی سوارەی کڵاوسوورەکانی ( ألحمیدیە ) ، لە شەڕی نەیارەکانی ئێرانی سەفەوی ، رووسیا ، بەلقان ، کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان ، سریان ، ئاشوورییەکان ، عەلەوییەکان و ..... پشتیوانیان بووە ؛ ئەوا ئەتاتورك پراگماتیکانە هەڵس و کەوتی لەگەڵ کورد کردووە و بە تاعوونی رەشیش ناوی بردوون .

کورد لە مێژووی دوور و درێژی خۆیدا ، هیچ کاتێ بەقەد ئەو سەد ساڵی دامەزراندنی کۆماری تورکیا ، نەکەوتۆتە بەر رەشەبای مەرگی لە رەڴ و ریشە دەرهێنان ، کوورەی تاواندنەوە، شێواندنی دیموگرافی ، داگیرکاری و تێکشکاندنی  هۆشیاری و هزری نەتەوەیی ، ناو چەقی جوگرافیایەکی خوێناوی .

تورکیا کوانووی پیلان ، کودەتا ، ئاژاوە ، پاڵپشتی گڕووپ و رێکخراوە تیرۆریستە توندڕۆکان و .... .

خۆ ئەگەر لە بەڵگەنامەکان بگەڕێیت و بە شێنەیی بیانخوێنیتەوە ، چەند بەرگێك لەخۆیەوە دەگریت ، دەردەکەوێ عوسمانییە نوێکان ، کەلتووری باو و باپیرانیان زیندووکردۆتەوە ، روویان لەهەر شوێنێ کردبێ وەك مۆرانە شارستانییەکەیان لە رەگەوە هەڵکێشاوە  ، سلیان لەهیچ نەکردۆتەوە لە وێرانکاری ، کۆمەڵکوژی ، سووتانی رەزوباخ ، نکوڵیکردن ، سەرکوتکردن ، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو ، راگواستنی زۆرەملێ و ...... ، لەناو زەڵکاوی سەد ساڵی رابردوودا دەخولێنەوە .

   تورکەکان ، ئەو قوفڵە ژەنگاوییەن کە دەرگای سەر ئاسۆی ئازادییان کڵۆمداوە و بە هەمان شمشێرە ژەنگاوییەکەی ئال عوسمان کوردی پێ دەکوژن ، رۆژنەبووە تاوان ، تیرۆر ، زیندانیکردن ئەنجام نەدەن .

دکتۆرێك لە ئیستەنبۆڵ پێی وتم : " من و هاوسەرەکەم لە ژووری نوستنەکەی خۆمان نەماندەوێرا بەزمانی کوردی قسە بکەین ." 

لە مەرەش ، گرووپی 12 ی شەویان پێکهێنا بۆ قسەکردن بەکوردی تا زمانەکەیان لەبیر نەچێتەوە  !

ئەحمەد کایا ، یەڵماز گونای ، عیسمەت شەریف وانلی و ..... زۆرانی تریشیان شار بەدەرکرد لەسەر قسەکردن بە کوردی و مووسا عەنتەریشیان شەهیدکرد ! ( مشتێك لە خەروارێك ) .

لە دوای دامرکاندنەوەی سەرهەڵدانی  دێرسیم بە ئاگر و ئاسن و لە سێدارەدانی شۆڕشگێڕی کورد سەید رەزای دێرسیمی و هاوڕێکانی لە 1937 / 11 / 15 ، شتێك نەمابوو بەناوی کوردستان کۆمەڵگا گۆڕدرا بۆ کۆمەڵگایەکی سەربازی ( Garrison State ) .

لە سیاسەت وتراوە : " ألعنف تولد العنف " ، توندڕۆیی ، توندڕۆیی بەرهەمدێنێت " ، با بەدەستێك قەڵەم و دەستەکەی تر ئەو چەکەبێت کە بە لوولەکەی ، مافەکان دەسێنرێن .

ئەوکاتەی بۆنی مەرڴ لە هەموو لایەك دەهات ؛  لە 1978 / 11 / 27 ، لە گوندی فیسی سەر بە قەزای لیجەی شاری ئامەد ، پارتی کارکەرێن کوردستانێ (پەکەکە ) دادەمەزرێت و قۆناغێکی نوێ لە نا‌ئومێدی بۆ ژیانەوە سەرهەڵدەدا ، لە 1989 / 8 / 15 لە ئەروەی شەمزینان ، یەکەم فیشەكی بەرگری دژی داگیرکەری تورك  دەتەقێنرێت و دەستدەکرێت بە تێکۆشانی گەریلایی ، بەرامبەر سوپایەکی مەزن و رێکخراو و ئەندامی ناتۆ ، بەمەش لاپەڕەی سەد ساڵەی ژێردەستەیی و کۆیلایەتی و خیانەتکاری هەتا هەتا پێچایەوە . لەباشوور ، بنەماڵەی بەکرێگیراو و ئەڵقە لەگوێی داگیڕکەران و هەماهەنگی روحی لەگەڵ میت ، هاواریان لێهەڵسا و بە فەڕمی بە پەکەکەیان راگەیاند : " ئیتر نابێت لەباشوور بتانبینین و دەبێ دەربچن و قبوڵی ناکەین ! " .

دوژمنان و داگیرکەران ، دەبێ بگەڕێنەوە سەر ئەو راستییە و دانبنێن کە لە ناوچەکەدا دۆزێك هەیە بەناو دۆزی رەوای گەلی کورد ، ئاڵۆزترین و گرنگترین پرسی مێژوویی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوچەخی تورکیایە .

گۆڕانکاری و ململانێکان و رووبەڕووبوونەوە  نێوان کارەکتەرە سەرەکییەکان ، لە ئەگەری گۆڕینی نەخشەی جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، لە هەڵکشاندایە و خێرادەڕۆن . سەرکەوتنی شاخ بە هەنگاوی یەکەم دە دەستپێدەکات ، دە ساڵی گفتوگۆ باشترە لە گۆڕەپانی شەڕ ،  مرۆڤ ئەو سەڕکەوتنانە هەڵبژێری کە تێیدا پێویست بە شەڕ ناکات ، گفتوگۆکردن و کاری دیپلۆماسی ، یەکێکن لە رێگاکانی چارەسەری پرسەکان ، سەرانی تورک لێکدانەوە و تێڕوانینیانی بۆ ئەم مژارە هەیە ، هەرچەندە پڕۆسەکانی پێشووتری ئاشتی بە فلتەری میت شکستییانهێنا ، بەڵام پەیامی دەوڵەت باخچەڵی سەرۆکی مەهەپە MHP  لەناوباڵەخانی پەرلەمان ، پەیامی دەوڵەتی قووڵی تورکیایە ، بەشێوەیەکی جدیتر و جیاوازتر بانگەوازەکەی راگەیاند ، پەکەکەش لەلایەن خۆیەوە ، بڕیارە چارەنووسسازەکانی خۆیان دا ، وەك نیازپاکی .

یاسای چوارچێوە ، راستەوخۆ لە لایەن میتەوە تاوتوێ و نووسینەوەی بۆ کراوە ، بەبێ ئەوەی رای گشتی ئاگادار بکرێتەوە ، هەر پڕۆسەیەك بێتە ئاراوە ، دەبێ کۆتایی بە ململانێی نەتەوەیی بهێنێت و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی داگیڕکاری ، ئاشتی ، پێکەوە ژیان و دادپەروەری لەژێر ئاڵای یەکسانی ، ئازادی ، دیموکڕاسی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و .... بە بنەما وەربگریت ، داڕشتنەوەی سەرلەنوێی یاسایی چەمگەکانی بنیادنانەوە و شووناسی نەتەوەیی سەرچاوە بگرێت .

ئیدریس سدیق

چوارشەممەی

5 / 8 / 2026

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا