لە نێوەندی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردیدا، چەندین پەند و ئیدیۆمی كۆمەڵایەتی هەن، كە ناوەڕۆكەكانیان جەخت لەوە دەكەنەوە، مرۆڤ نابێ پەسنی خۆی و كارەكانی بدات، چونكە ئەمە لە ڕووی كۆمەڵایەتی و كەسییەوە نەگونجاوەو جۆرێك لە گومان دروست دەكات ! وەك ئەوەی دەگوترێت:_( كەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترشە) (كەچەڵ حەكیم بایە تیماری سەری خۆی دەكرد) (پیاو نابێ پەسنی خۆی بدات) (قسە هەزارە یەكی بەكارە) (مانگ كە دیار بوو پێویست بە پەنجە ناكات) ئەمانەو گەلێكی دیكەش. كەواتا بە هەر شێوەیەك بێت، خۆپەسندان كارێكی  نەگونجاوە، بەلایەنی كەمەوە لە نێو كۆمەڵگەی ئێمەدا، كە هەڵگڕی چەندین تایبەتمەندی میللی و كۆمەڵایەتییە. لەو سۆنگەیەوە، كاتێ دیمانەكەی عەبدوڵا عەباسم خوێندەوە، كە سەرنووسەری دیوان،  بە زمانە شیرینەكەی خۆی لەگەڵی سازیكردووە و دەڵێت:_( من ڕاستگۆترین ڕۆشنبیری كوردم) لە ڕاستیدا سەیرم پێ هات و زۆر بەلامەوە نامۆ و بگرە شۆكهێنەریش بوو ! دەكرێ پرسیاری ئەوەی لێ بكەین، بە قسەی كێ تۆ لە هەموو ڕۆشنبیرانی كورد ڕاستگۆتری و داوایان لێ دەكەی وەك تۆ بن؟ ئایا ئەوانت تاقیكردۆتە؟ ئایا ئەوان هەر هەموویان ناڕاستگۆن ؟ ئایا ئەوان هەموویان پەیوەندی كۆمەڵایەتییان لەگەڵ تۆدا هەیە؟  وێرای ئەمەش تۆ پێناسەت بۆ ڕۆشنبیر چییە؟ بە كام پێوەری هزری و مەعریفی و بەرهەم و نووسینەوە تۆ ڕۆشنبیریت ؟ گریمان ڕۆشنبیریش بوویت،  ئایا ئەمە ئەركی تۆیە  خۆت بە ڕۆشنبیر بناسێنێت یان خوێنەران و نووسەرانی دیكە؟ ڕوونە ئەوەی ئێمە لە بارەی بەڕێزتەوە دەیزانین هەر ئەوەیە، كە تۆ بۆ ماوەی نزیكەی سی ساڵ سەرنووسەری ڕۆژنامەی هاوكاری بوویت و هەمووشمان دەزانین ئەو ڕۆژنامە لە كوێ دەردەچوو، وە لە ژێر سایەی كام دەسەڵات بڵاو دەكرایەوە ! تەنانەت ئەوەشی كە پەیوەندی بە ڕوانگەوە هەبێت، ئێمە بە كتێبێك و بە پشت بەستن بە دەیان سەرچاوە، بە دیكۆمێنت و بەڵگە ئەوەمان سەلماند كە تۆ هیچ پەیوەندییەكەت بە ڕوانگەوە نەبووە، كە لەم ساڵانەی دواییدا كەوتوویەتە وێزەی ئەوان و دەتەوێت  لە پێگە و بایەخی مێژوویی ئەم بزووتنەوە ئەدەبییە گرنگە كەمبكەیتەوە و مێژووێك لە سەر مێژووی ئەوان بۆ خۆت دروست بكەیت. تەنانەت نەوەی نوێی دوای ڕاپەڕینیش تۆ ناناسن، چونكە تۆ هەر لە بەغدا بوویت، ئیدی باسكردن لەوەی كە تۆ ڕاستگۆترین ڕۆشنبیری كوردی، جگە لە وەهمێكی نێو خەیاڵدانی خۆت هیچی ترە؟  ناكرێ لە پێناو دروستكردنی مێژووێك بۆ خۆت، بێیت ڕۆشنبیران بە درۆزن وەسف بكەیت و تەڕ و وشك بە یەكەوە بسوتێنی . تۆ تەنها ڕۆژنامەنووسێك و سەرنووسەری هاوكاری بوویت و هاوكاریش ڕۆژنامەیەكی دیارە لای هەمووان و پێویست ناكات باسی بكەین! كە گلەیی ئەوەش دەكات بۆچی لە یادی ڕۆژنامەگەری كوردیدا باسی هاوكاری ناكرێت، دەبێ خۆی لە هەمووان باشتر وەڵامەكەی بزانێت كە هیچ گومانم نییە دەیزانێت، بەڵام خۆی لێ دەبوێرێت. هیودارم نووسەرانی ئێمە، لە میانەی دیمانە و گفتوگۆكانیاندا، بە هەستیارییەوە بدوێن و ئەوەیان لە خەیاڵ بێت كە خوێنەرانێك هەن، ئەو وەڵامانە دەخوێننەوە، بە تایبەتیش كە من خۆم لە بەرایی هەموو بابەتێكدا، دیمانەكانی سەرنووسەری دیوان لە گۆڤارەكە دەخوێنمەوە ! 

•    بڕوانە گۆڤاری دیوان ژمارە ( 58) لاپەڕە 107.
•    ئەم بابەتە لە ژمارە (61)ی گۆڤاری دیوان بێ‌ومراوەتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا