رەسوڵ بۆسكێنی

لە سەرەتای جەنگی یەكەمی جیهانیدا بەریتانیا عێراقی داگیركرد و بەخێرایی بەعێراق و باشووری كوردستاندا بڵاوبووەوە، تا لە كۆتایی جەنگدا عوسمانییەكانی لە عێراق كردە دەرەوە،دەوڵەتی عوسمانی كەڕۆیشت لە دوای خۆی گەلێكی برسی و هەژار و وڵاتێكی وێرانی بەجێهێشت، بەریتانیا سەرەتا لەو حكومەی بۆ شێخ مەحمودی دروست كردبوو، هەموو ئەفسەر و كۆنە فەرمانبەرەكانی عوسمانی ئەوەی پێویست بوو خەڵكی تازەشی دامەزاندبوو، بەهۆی باروخی جەنگ و باج و سەرانەی زۆری عوسمانیەكان و كەم بارانی، گوزەرانی خەڵك لە دۆخێكی یەكجار خراپ دابوون، بەریتانیا لەو گەنم و دانەوێڵەی عوسمانییەكان بەجێیان هێشتبوو، كەوتە دابەش كردنی بەسەر دانیشتوانی كوردستاندا، بەمە تاڕادەیەك خەڵكی لەبرسێتی بووژایەوە، ئەمەش هۆیەكی باش بوو بۆ ناسینی دانیشتوانی شار و دەرفەتێكی باشی ڕەخساند بۆ ئینگلیزەكان بۆ سوود وەرگرتن لە هەستی دانیشتووان بۆ بەرژەوەندی خۆیان، وەك شێخ لەتیفی شێخ مەحمود وتبووی ئەمە" وەكو ئەو گەنمە ژەهراویە وابوو، كە جوتیار دەیدا بەمشك" هاووڵاتیان بەهۆی برسێتی ئەم وەرگرتنە ویژدانی لێسەندن و كێشە سیاسیەكەی پێ دۆڕاندن.

ئینگلیزەكان دوای ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ شێخ مەحمود تێكچوو، لەوە گەیشتبوون شۆڕش پێویستی بە پارەیە و ئەگەر پارە و هاوكارییەكان لەشێخ مەحمود بگرنەوە شۆڕشەكەی تێكدەچێ و دەڕووخێت،یەكێك لەسیاسەتەكانی داگیركەر برسی كردنی گەلە ژێر دەستەكانە، لەپاڵ جەنگە سیاسی و چەكدارییەكەی لەگەڵ شێخ مەحمود، ئینگلیزەكان جەنگی ئابوورییان پەرەپێدا، سەرەڕای هەڵمەتە سەربازییەكان، ئەمە هۆكارێكی گرنگ بوو لە ڕووخاندنی شۆڕشی شێخ مەحموددا، لە ناوەندەوە كەوتە چنینی فێڵ و تەڵەكە نەخشەی ڕووخانی شۆڕشەكەی شێخ مەحمودی دەكێشا، بودجەی وەكو ئامرازێكی گرنگ بۆ تێكشكانی ئیرادەی كورد بەكارهێنا، ئەو نەخشەیە لەناوەندەوە داڕێژراپیلانێكی دژی كورد لەسوپاكەی زیاتر كاریگەری هەبوو، سەرەتا بڕیاریدا مووچە تەنیا لە بەغدایە و لای شێخ مەحمود نییە، چونكە ئینگیزەكان لەوە گەیشتبوون، ڕێژەیەكی زۆر ئەفسەر و خوێندەوار و ڕۆشنبیر لە حكومەتەكەی شێخ مەحمودا هەیە، ئەگەر گوشاریان بخرێتەسەر و بەهۆی بڕینی مووچەكانیان دەتوانێت وازیان پێ لە شۆڕش بێنی و شێخ مەحمود لاوازبكات، حكومەتی شێخ محمود لەحكومەتێكی نیشتەجێ و خۆجێییەوە بگۆڕێت بەحكومەتێكی لاوازو دەربەدەر، لەبەرئەوە تاكتیكی مووچەی لەگەڵ فەرمانبەرو مووچەخۆرانی ژێر دەسەڵاتی شێخ مەحمود بەكارهێنا، وای تێگەیاندن پەیوەندی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتی گرێبەستێكی داراییەوئەگەر ملكەچی بەغدا نەبیت، هیچ مافێكت لەدەوڵەتدا نییەو ناتوانی مووچە وەربگریت، بەمەتوانی توێژی فەرمانبەرو ڕۆشنبیران لەحكومەتەكەی شێخ مەحمود داببڕێت.

كاتێك ئینگلیز شێخ مەحمودی بەیاخی ناساند. بڕیاریدا هیچ مووچەو پارەیەكیش بۆ حكومەتی شێخ مەحمود نەنێرێت، بۆ پێ ملكەچ كردنی خەڵك سیاسەتی برسی كردنی بەكارهێنا، بڕیاریشی دا هەر فەرمانبەرێك لەژێر سایەی حكومەتی شێخ مەحمودا بێت مووچەی بۆ نەنێرێت، حكومەتی شێخ مەحمودیش پارەی نەبوو بیدات بەفەرمانبەرەكانی، ئەمە فەرمانبەرو مووچەخۆرانی حكومەتی شێخ مەحمودی خستە هەڵوێستێكی سەخت و دووڕیانێكی مەترسیدارەوە، لەژێر سایەی شێخ مەحمودو شۆڕشدا بەبێ مووچەو بەگیرفانی بەتاڵ و بەكەرامەتەوە بژین، یاخود بچنە كەركوكو بەغداو لەژێر سایەی مەلیكدا بەسەرشۆڕی و بەمووچەی باش و بەباخەڵی گەرمەوە ژیان بگوزەرێنن، لەئەنجامدا بەشێكی زۆر لەئەفسەرو فەرمانبەران سلێمانیان بەجێهێشت و وازیان لەشۆڕشەكەی شێخ مەحمود هێنا، زۆربەی فەرمانبەرو ڕۆشنبیرانی سلێمانی بەخۆشاوی مووچە تەفرەیان خواردو لەشێخ مەحمود هەڵگەڕانەوەو چوونە ژێر سایەی حكومەتی عێراق، حكومەتی عێراقیش بەپیلانی ئینگلیزەكان هەموو هاوكاری و پارەیەكی لەشێخ مەحمود بڕی و زۆر دەستكراوەبوو لەبەرامبەر ئەوانەی وازیان لەشێخ دێناو دەچوونە ژێر سایەی ئەوان.

دوای بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ژێر سایەی حكومەتەكەی شێخ مەحمود، بودجەی شارەكەشی ڕاگرت، ئەو پارەی بۆ تەندروستی و لایەنەخزمەتگوزارییەكان دیاری كرابوو ڕاگیرا، بەبیانووی ئەوەی ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنتڕۆڵی یاخی بووان دایە، ئەوان ناتوانن بودجەكەی دابین بكەن، بەهۆی ئەو پیلانە نەگریسەوە سلێمانی كەوتە دۆخێكی خراپەوە، نەخۆشخانەكان بێ دەرمان و خەڵكی برسی و هەژارو بێ خزمەتگوزاری مانەوە، بەم هۆیەوە خەڵك كەوتە گلەیی و گازەندەو ڕەخنەگرتن، تەنانەت ئەوانەی موچەخۆرو سیاسیش نەبوون وردەوردە دەوری شێخ مەحمودیان چۆڵ كردو كشانەوە، دواتر فەرمانی دەركرد بانكەكان و بازرگانەكانیش بۆیان نییە، مامەڵە بەكاغەزە ڕەسمیەكانی حكومەتی شێخ مەحمودەوەبكەن، ئەمە بازرگانەكانی خستە دۆخێكی خراپەوە، چونكە نەیاندەتوانی كەلوپەل لەدەرەوە بێنن، بەم هۆیەوە سلێمانی بێ بەشكرد لەهێنان و هاوردەكردنی كەلوپەل لەكەركوكو بەغداو شوێنانی ترەوە، بەمەش بازرگانەكان مایەپووچ و سلێمانی كەوتە ژێر گوشارێكی سەختەوە.

لەلایەكی دیكە بەهۆی ئەوەی گرنگترین سەرچاوەی داهاتی سنووری سلێمانی چاندنی تووتن بوو، حكومەتی بەغدا ئەوەی دەزانی بارزگانەكان لەسلێمانی چینێكی كاریگەرو دەستڕۆیشتوون، هەمیشە هەڕەشەی لەبازرگانەكان دەكرد، ئێمە تووتنەكەتان لێوەرناگرین، ئەی تووتنەكەتان دەبەن بۆ كوێ؟ ئەمە بەیەكجاری بازرگانەكانی نائومێدكرد، هەر كەسێكیش تووتنەكەی ببردایە بۆ كەركوك لەبازگەكانی نێوان كەركوك و سلێمانی دەستی بەسەردا دەگیرا، ئیتر تووتنی سلێمانی لەكۆگاكاندا كەوتەوە، بەمەش جوتیارەكان كەپشتی شۆڕشەكەی شێخ مەحمودبوون، تووشی زیانێكی زۆربوون و نەك نەیانتوانی هاوكاری شۆڕشەكەی شێخ مەحمودبكەن، بەڵكو خۆشیان لەژیانی كوڵەمەرگیدا دەژیان.

سەرەڕای ئەوەی حكومەتی بەغدا شێخ مەحمودو لایەنگرانی برسی و هەژاركرد، لەبەرامبەردا چەندین سەرۆك هۆزو عەشیرەتی كوردستان، كەلە سنووری حكومەتەكەی شێخ مەحمود دابوون و سەر بەبەغداو ئەڵقە لەگوێی ئینگلیزەكان بوون، مووچەی زۆرو باشیان لەبەغدا بۆ بڕابووەو ژیانێكی تێروپڕو ئاسوودە دەژیان، ئەمەش دووبەرەكیەكی زۆری خستەنێو خەڵكی كوردستانەوە، ئیتر زۆر لەوانەی دڵسۆزو سوێندخۆری شێخ مەحمودبوون بەناچاری وازیان لەشێخ مەحمود هێناو بۆئەوەی گرنگی بەژیانی خۆیان بدەنو باشتربژین، ڕوویان كردە بەغداو چاوەنۆڕی مووچەی دەستی ئینگلیزیان دەكرد، بۆ بژێوی خۆیان و لایەنگرانیان، لەمەوە ڕۆژبەڕۆژ شۆڕشەكەی شێخ مەحمود بەرەو لاوازی دەچوو، ئینگلیزەكان كەوتنە پڕوپاگەندە لەدوای شێخ مەحمودی قارەمان كە كەسایەتیەكی توندوتیرژەو پیاوی دەوڵەتداری نییەو لەژێر هەستوسۆزی ئیسلامیدا لایەنگری توركەكان دەكات، كەچەنین ساڵ بوو كوردیان دەچەوساندەوە، ئەمە بەشێوەیەك كاریكردە سەر شۆڕشەكەی شێخ مەحمود، تائێستاش ئەو پڕپاگەندانە كاریگەری بەسەر خەڵكی ساویلكەو هیچ نەزانەوە هەیە.

لەڕاستیدا ئینگلیزەكان و حكومەتی بەغدا ئەم كارەی تەنیا لەگەڵ شێخ مەحمودنەكرد، بەڵكو دۆزەخێكی ئابووری بۆ خەڵكی كوردستان دروستكرد، تەنیا لەبەرئەوەی خەڵكی كوردستان لەشێخ مەحمود داببڕێ و نەتوانن بەسەربەخۆیی و ئازادی خۆیان بگەن، چونكە دوژمنان دەزانن كورد نەتەوەیەكە لەڕووی هوشیارییەوە هێشتا پێنەگەیشتووەو دەتوانێت لەو ڕێگایەوە كاریگەری لەسەریان هەبێت و لەجیاتی دوژمن ڕەخنەكانیان ئاراستەی خۆیان و سەركردەكانیان بكەن، ئەمە سیاسەتێكە هەموو نەتەوە سەردەستەكان لەگەڵ نەتەوە دژێردەستەكانیان بەكاری دەهێنن، تەنانەت ئەوەتا ئەمڕۆش لەحكومەتی نوێی عێراق هەمان سیاسەت بەكاردەهێنرێ، بەغدا بەپیلانێكی تۆكمە چینێكی تێروپڕ، بەمووچەیەكی زۆرەوە لەسەرۆكی كۆمارو وەزیرەكانو پەرلەمانتارو فەرمانبەرو كاربەدەستەكانی گرتۆتەخۆی و خەڵكی خوارەوەی پشتگوێ خستووەو ئەوەی پەیوەندی بەژیانی گشتی و خۆشگوزەرانی خەڵكەوە هەیە گرتوویەتیەوەو بۆخۆی قۆرخ كردووە، بەمەش توانیوەیەتی وەكو چەكێكی كاریگەر لەبەرامبەر  كورد بەكاری بێنێ و حكومەتی هەرێمیش بەلاوازو هیچ لەباردا نەبوو بەهاووڵاتیەكانی بناسێنێ.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا