
بەشی یەکەم
ڕێواس ئەحمەد بانیخێڵانی
بەشداریی ژنان لە کایەی سیاسی مافێکی بنەڕەتی ژنانە وەک مرۆڤ و یەکێکە لە بنەماکانی پرۆسەی دیموکراتی هەر وڵاتێک. مەبەستمان لە بەشداریی ژنان لەم بوارەدا ڕۆڵی کاریگەر و هاوبەشی هەبێت لە جومگە بڕیاردەرەکانی دەوڵەت و دامودەزگە جێبەجێکەرەکان. ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ گەشەی توانا و چەسپاندنی پێگەی ژن لە پرۆسەی گەشەی کۆمەڵگە و لەهەمان کاتدا دەتوانن ئەم ڕۆڵەی خۆیان بەکاربهێنن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان و چەسپاندنی یەکسانیی ڕەگەزی و ژەندەری. بەشداری ژنان لە بواری سیاسی چەند هەنگاوێک لە خۆ دەگرێت:
1.بەشداری کردنیان لە پرۆسەی دەنگدان و دەنگدانی گشتی و خۆ هەڵبژاردن .
2.بەشداری لە دارشتنی یاساکانی دەوڵەت، بڕیارە سیاسییەکان و دیاریکردنی ستراتیژی حکومەت.
3. دەستبەکاربێت لەو دامودەزگەیانەی کە ئەرکی جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارەکانیان هەیە بە مەبەستی بەدواچوونی جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارەکان. بۆ نموونە وەزارەت، پۆلیس، دادگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان.
4. وەرگرتنی کار لەو پێگە حکومییانەی کە نوێنەرایەتی دەوڵەت لە سەر ئاستی نیودەوڵەتی دەکات بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەزموونیان لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی گەڵانی تر.
لە ڕووی مێژووییەوە:
لەگەڵ ئەوەی پاش پەیدابوونی موڵکایەتیی تایبەتی، ژن لە چوارچێوەی ماڵەوە زیندانی کراوە و تەنیا ئەرکە بایۆلۆژییەکەیان پێ ڕەوا بینراوە، لەگەڵ ئەوەشدا گەر بەخێرایی چاو بە مێژووی ئافرەتدا بگێڕین دەبینین ژنان توانیویانە ڕۆڵی گرنگ ببینن لە گەشەی کۆمەڵگەدا، لەسەردەمی کشتوکاڵی، داهێنەر بوون لە بواری چاندن، ماڵی کردنی ئاژەڵ، ڕستن و چنین وکاری دەستی. هەریەک لەمانە ڕۆڵی هەبووە لە پەرەسەندنی کۆمەڵگە. لە سەردەمی دەربەگایەتی جگە لە ژنە جوتیارەکان، ژنانی دەربەگ و موڵکدارەکان هاوبەشی بڕیارەکانی مێردەکانیان بوون، لە کاتی جەنگ و سەفەری مێردەکانیان کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییان کەوتووەتە ئەستۆ. ژنانی پاشا، سوڵتان و قەیسەرەکان بەکەم یان زۆر لە پشت پەردەوە ڕۆڵی گەورەیان لە دیاریکردنی سیاسەتی دەوڵەتدا هەبووە. مێژووش نەیتوانیووە چاوپۆشی لەو ژنانە بکات لە دیاریکردنی سیاسەت و بڕیارەکاندا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، هەروا نموونەی گەلێ ژنمان هەیە کە پاش مردنی مێردەکانیان، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ وڵات و ویلایەتیان بەڕێوە بردووە و دەستەڵاتیان هەبووە. ئەمە جگە لە ڕۆڵی ژنان لە شارستانییە کۆنەکاندا. پاش شۆرشی پیشەسازی ژنان بوونە بەشێک لە چینی کرێکار و بەشدارییەکی بەرچاویان هەبووە لە پرۆسەی خەباتی سیاسی چینەکەیان. بەشدارییەکی چالاکیان هەبووە لە شۆرشەکان هەروەک شۆڕشی فەرەنسا و شۆرشی ئۆکتۆبەر. سەدان ڕۆشنفیکر و نووسەر و خەباتگێڕ لەناو ئافرەتاندا هەبوون کە بەرگرییان لە مافەکانی ژن کردووە و زۆریان تووشی کوشتن و داپڵۆسینەوە و پەڕاهەندەیی بوون. لێرەوە دەمەوێت بگەمە مەبەستەکەم، ژن لەگەڵ ئەوەی هەزاران ساڵە لە کۆمەڵگەیەک پەروەردەبووە کە بیروباوەڕی باوکسالاری بەسەردا زاڵە و لەهەموو جومگەکانی کۆمەڵگەدا زهنیەتی دەسەڵاتداریی پیاو باڵادەستە، کە دەربڕی بیروباوەڕێک بووە ژنیان بە مرۆڤی پلە دوو یان ناتەواو داناوە. لەگەڵ ئەوەشدا ژنان دەستەوەستان نەوەستاون و بەردەوام لە هەوڵداندا بوون لە چەسپاندنی یەکسانی و بەرگریکردن لە مافەکانی خۆی وەک مرۆڤ و نیوەی کۆمەڵگە.
ئاستەنگەکان:
1. دەستەڵاتداری زهنیەتی پیاوسالاری، لە تەواوی کۆمەڵگە لەهەموو بوارە سیاسی، ئابووری، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکان. لە لایەکەوە بوار بە ژن نادرێت کە لە پێگەی شیاودا ڕۆڵی خۆیی ببینێت و لەلایەکی ترەوە ژن وا پەروەردە دەکرێت کە ئەم بوارانە بۆ پیاو قۆرخ کراون و ژن توانایان بەسەریدا ناشکێت. ئەمەش نەبوونی بڕوا بە تواناکانی ژن لە سایکۆلۆژییەتی تاکەکان لە کۆمەڵگە بەگشتی و لەلایەن خودی ژنەوە بە تایبەتی دەچەسپێنێ. ئەم عەقلیەت و بۆچوونانە لە هەموو بوارەکاندا ڕەنگدەداتەوە، بەتایبەتی بواری پەروەردەی خێزانی، پرۆسەی پەروەردە وفێربوون و مێدیاکان.
2.نەبوونی یاسا و ڕێسا کە بەرگری لە مافەکانی ژن و یەکسانی ژەندەری بکەن. گەر هەندێ لەو یاسایانەش هەبن، بەدواچوون بۆ جێبەجێکردنی ناکرێت. لەهەمان کاتدا تەنیا بوونی یاساکان ئەو مافانە دەستەبەر و مسۆگەر ناکات گەر لەسەر هۆشیاری و هۆشداریی تاکەکان کارنەکرێت.
3. زاڵبوونی فیکری بزووتنەوەی ئیسلامیی سیاسی، کە دەیەوێت ژنان بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست. لەم چەند دەیەی دواییدا ئەم فیکرە بەربڵاوە کاریگەرە لە کۆمەڵگە تەقلیدییەکاندا.
4. داخراوی حزبە سیاسییەکان بەڕووی بەشداریی ژنان، گەر هەندێک لەو حزبانە لە بەرنامە و سیاسەتی خۆیاندا گرنگی بە دۆزی یەکسانیی ژن بدەن، بەڵام لە ڕووی پراکتیکەوە هەوڵیان نەداوە بۆ پەروەردەی کادیرە ژنەکان و گەشەدان بە تواناکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا. لەهەمان کاتدا سەرکردایەتی هەموو ئەو حزبە سیاسییانە پیاون کە گۆشکراون بە عەقڵیەتی دەستەڵاتداری پیاو لە کۆمەڵگەدا و سیاسەت و بەرنامەی ئەو حزبانە لەلایەن ئەو جۆرە زهنیەتەوە دیاری دەکرێت.
5. خودی ژنان هۆکارێکی کاریگەرن لە چالاکبوون و بەشدارییان لەم بوارەدا. دیارە ئەو ئاستەنگانەی کە ئاماژەم بۆ کردن، کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە کە ژن هەر لە منداڵییەوە رۆڵیکی ژەندەری پێبدرێت کە جیاوازییە بایۆلۆژی و ڕەگەزییەکەی زەقدەکاتەوە و پێی گۆشدەکرێت. ئەو ڕۆڵە ژەندەرییەی کە پێی دەدرێت دەرگاکان لەبەردەم وەکارخستن و تواناسازیی ژنان دادەخات و بڕوا بەخۆبوون و هەوڵدانی ژنان بۆ ئامادەییان لە بوارەکان تەسکدەکاتەوە. دیارە هەزاران ژنمان هەیە هەموو ئەم ئاستەنگانە ڕێگرنەبوون لەبەردەم خەبات و کۆڵنەدانیان بۆ وەرگرتنی مافەکانی خۆیان وەک مرۆڤێک.