زیرەك كەمال

ماوەیەكە وەكو شانەزەردەواڵە، وەكو بڵێی دووكەڵا چۆتە كونەكەیان ورژاون، لەسەر ئاگرن‌و لەسەر ئاون‌و بە پڕتاون، دەڵێن ناكرێ‌‌و نابێ‌ سەرێكەو هێناومانەو نایگێڕینەوە، بڕیارێكەو داومانەو لێی پاشگەزنابینەوە، بە ئارەزووی دڵ‌و بە دڵی خۆمان یاساكان دادەڕێژینەوە، هەر شیوعییەت بگری باسی ئازادی‌و مافی مرۆڤ دەكات، بۆیە لەگەڵیان یەكناگرینەوە.

یاسای باری كەسێتی عێراقی لەبن‌و پۆتكەوە دەردێنین‌و هەڵیدەوەشێنینەوە، ئیدی لەمەوپاش بە یاسا كچ لە نۆ ساڵی بە مێرد دەدەین، ئەوەی دژیش بێت ئاگر لەسەر پشتی دەكەینەوە، دواتر یەكە یەكەی گڵۆپەكانی سەرشەپام‌و كوچەو كۆڵانەكانی شار دەشكێنین‌و ئیدی كارەبامان ناوێت، چونكە دەستكردی ئەدیسۆنی فەڕمەسۆنە، شەو لە دیار قوتیلكەی بەر هەیوان‌و چرا رەشكەسەر دەنێینەوە، ئێمە كوڕ‌و نەوەی نوشتەین خەستەخانەمان بۆ چییە؟ كە نەخۆش بووین دەچینە لای شێخ بە نوشتەیەك گرەوی ساغی لە نەخۆشی دەبەینەوە، ئێمە نەوەی ئەشكەوت‌و جیهادین خوێنگەو زانكۆمان ناوێت، لە گشت شارێك لە هەموو گوند‌و دیهاتێك جادوو نووشتە دەكەینەوە.

تڕومبێل‌و تەكسی‌و پاس‌و لۆریمان بۆ چییە؟ دەیاننێرینەوە بۆ ئەوروپای مولحیدەكان‌و بۆ وڵاتی سەڵیبەكان، لەگەڵ حوشتر پێك دێینەوە كەرمان كورتان دەكەینەوە، ئەم (قانون احوال مدنیە)ی عێراقی جارانی زوو شیوعییەكان دایانڕشتەوە، بۆیە ئێستا بڕیارماندا، خۆمان دایبڕێِژینەوە، رێبوارانی رێگای ئەشكەوت چەندین رۆژە لەسەر تیڤی‌و رادیۆیەكان كە بەرهەمی كافرو مولحیدەكانن هاوار دەكەن، ئاخر شیوعییەكان مولیحدن، چونكە دەڵێن نان بۆ هەمووان كار بۆ هەمووان، ئێمەش لەمەوپاش هەر بە حەیاحو، بە ڕم‌و شمشمێر، ناچارین كەوا وەڵام دەینەوە، وا چەندین رۆژە تاریك پەرست‌و خێڵی شەوگەڕان لە دژی شیوعییەت تەپڵی شەڕ دەكوتن، دەڵێن شیوعییەكان گشتیان كافرن چونكە شیعاری مافی مرۆڤ‌و نان‌و یەكسانی بەرز دەكەنەوە، ئێمەش بە ئاڵا‌و دروشمی تاریكی جواب دەدەینەوە. ئێمە قوتابی یوسف سەقەفی‌و جورج‌و حەجاهین، بڕوخێ‌ شیوعیەت، بڕوخێ‌ قانون احوال مدنی‌و چەمكی یەكسانی، بمرێ‌ كارەبا، ئیدی بە قۆدی‌و چرای رەشكۆكە تیشكی رووناكی بۆ گوند‌و شاران دەهێنینەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا