زیرەك كەمال

بەشی چوارەم

ژینگەی رەخنە

دیارە دەبێت ئەو راستییە بزانین، كە رەخنەش وەكو هەر چەمكێكی تری دیموكراسی‌و سەر بە دنیای مۆدێرنە، لە ژینگەیەكی باش‌و تەندروست‌و پێشكەوتوو، لە دۆخێكی كراوەی ئازادیدا نەشونما دەكات‌و باڵادەگرێت‌و دواتریش كاریگەری خۆی لەسەر كایە سیاسی‌و فیكری‌و ئەدەبی‌و كلتوری‌و كۆمەڵایەتییەكان دروست دەكات، بەڵام لە ژینگەیەكی دواكەوتووی كۆمەڵایەتی‌و لەسەر زەمینی قەڵەمڕەوی دیكتاتۆریەتدا، رەخنە ناتوانێت بەشێوەیەكی سروشتی‌و ئاسایی كاربكات‌و رۆڵی خۆی بنووێنێت، چونكە لەناو واقیعێكی سیاسی ئاوا، كە دیكتاتۆریەت جڵەوی حوكمڕانییە دەستەوەبێت، رەخنە بە بەردەوامی دووچاری سەركوتكردن‌و تۆقاندن‌و داپلۆسینی دەبێتەوە، رەخنەگر یان راوەدوو دەنرێت، یاخود دەكوژرێت، یاخود دەخرێتە كونجی زیندان، بەڵام لە ژێر سایەی دەسەڵات‌و سیستەمێكی حوكمڕامیدا، كە دیموكراسیەت‌و مەدەنیەت‌و فكری پێشكەوتووخوازی‌و عەقڵانییەتان‌و پۆی كێشابێت، ئەو رەخنە ئازادانەو ئاشكرا كاری خۆی دەكات‌و لەسەر زەمینی واقیعدا ئەرك‌و ئارەكانی خۆی وازی دەكات، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت، كە سیستەمی سیاسی‌و حوكمڕانی رۆڵێكی سەرەكی دەبینن، لە كێشانی تان‌و پۆ‌و رەنگڕیًَژكردنی هێڵە گشتییەكانی رەخنە‌و دیاری كردنی فۆرم‌و ئاراستەی كاركردنی رەخنە، چونكە لە دنیای دیموكراسیەت وەكو باسمكرد، رەخنە بەوپەڕی راشكاوی‌و ئازادی لەسەر رووبەری رۆژنامەكان لە گۆڤار‌و رادیۆكان لە تەلەفزیۆن‌و لەسەر شانۆیەكان خۆی نمایش دەكات‌و بەوپەڕی ئازادییەوە دەنگی خۆی هەڵدەبڕێت.

لایەنی حوكمڕان‌و پەیوەندار‌و كەسی رەخنەلێگراویش نەك پەلاماری رەخنە نادات‌و دایناپڵۆسێت، بەڵكو بەپێی یاسا دەبێت بە وردی‌و بەوپەڕی بەرپرسیارێتی بیخوێنێتەوە‌و گوێی لێ‌ بگرێت‌و بگرە بە قسەشی بكات، چونكە ئەو دەسەڵاتە سیاسییە لەو هەقیقە تێدەگات، كە رەخنە نەك تێكدەرنییە، بەڵكو دەستەبەر‌و پاڵپشت‌و رێنوێنیشە، بۆ راستە رێی كاركردن‌و جێبەجێكردنی ئەركەكان.

لە ژێر سایەی ئەو سیستەمانەدا واتا مەبەستم سەر زەمینی دیموكراسییەتە، رەخنە هەموو كایە سیاسی‌و ئیداری‌و حوكمڕانی‌و فیكری‌و گوتراوەكان، هەموو كار‌و كردەو بڕیارەكان، دەخاتە ژێر رۆشنایی تیشكی خۆی‌و بەدواداچوون لەسەر جموجۆڵا‌و كار‌و كردەوەكانی دەكات، بەڵام لەسەر زەمینی‌و لە ژێر دەسەڵاتی رەشی دیكتاتۆریەت‌و فاشیەتدا رەخنە ناتوانێت ئازادانە كاری خۆی بكات‌و سەربەستانەو دەستكراوانە بەدواداچوون لەسەر كار‌و كردەو ئیشەكانی كاربەدەستان‌و سیاسییە باڵادەست‌و بڕیاربەدەستەكان بكات، رەخنەگر لە دۆخ‌و ژینگەیەكی ئاوادا، هەموو رووپەڕی رۆژنامەكان‌و گۆڤار‌و رادیۆ‌و تیڤی‌و ناوەندەكانی میدیا روویدا دادەخرێت، سانسۆر‌و چاودێرییەكی ورد دەخرێتە سەر رەخنەگر‌و رەخنەو وەكو مەترسی‌و بڤە سەیر دەكرێن، وەكو باسم كرد لە ژێر قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی رەش‌و داپڵۆسێنەرانەی دیكتاتۆریەت رەخنەگر‌و یان دەكوژرێت، یاخود وڵات بەدەر دەكرێت، یاخود دەخرێتە كونجی زیندان، هەر بۆیەش دەبینن، كە رەخنە لە دۆخی دیموكراسیەت‌و مەدەنییەت‌و ئازادیدا، بە ئاشكراو بەپێی یاسا ئەرك‌و كارەكانی خۆی رایی دەكات‌و جێبەجێ‌ دەكات.

بەڵام لەسەر زەمین‌و لە ژێر سایەی دیكتاتۆریەتدا، رەخنەگر ناچارە وەكو باسم كرد، یان سەری  خۆی هەڵدەگرێت، یان بە نهێنی‌و لەناو گەرووی تاریكیدا رەخنەكانی خۆی دەنووسێت‌و لەلای كەسە نزیك‌و باوەڕپێكراوەكانی خۆی دەردەدڵی خۆی دەخاتەرشوو رەخنەكانی خۆی دەردەبڕێت، هەڵبەت من سەر بەنەوەی هەفتاكان‌و هەشتاكانی سەدەی بیستەمم، رقێكی ئەستووری كوردانەمان لە رژێمی بەعسی دكیتاتۆری‌و فاشی بوو، لەهەر كۆڕ‌و دیدارێكی كۆمەڵایەتیدا، كە خەڵكی باوەڕپێكراوی خۆمانی لێبایە، رەخنەمان لە بەعس‌و پیاوەكانی دەگرت، زۆرجارسش ئێمە قوتابیانی قۆناغی ناوەندی خوێندن لەسەر دیواری تەوالێت‌و مزگەوتەكان رەخنەمان لە رژێمی بەعس دەگرت‌و ئەوەی بەدەم‌و زارماندا بهاتبا، لە دژی بەعس لەسەر ئەو دیوارانە دەمانووسی، واتا دەمەوێت زۆر بە كورتی ئاماژە بەوە بكەم كە لە دنیای دكیتاتۆریەت‌و یەكێك لە خەسڵەتە هەرە بنچینییەكانی دكتاتۆر پەلاماردانی رەخنەو سەركوتكردنی رەخنەگرتن‌و لێدانی رەخنەگر‌و بەشێكی زۆری كاربەدەست‌و پیاوەكانی خۆی تەرخان دەكات، بۆ چاودێریكردن‌و بەدواداچوونی رەخنەگرانەو نەك هەر ئەوە، بەڵكو یەكێك لە ئەرك‌و سیاسەتە هەرە ترسناكەكانی دیكتاتۆر، دژایەتی كردن‌و سەركوتكردن‌و لەناوبردنی رەخنەیە، یەكێكیش لە كۆڵەگە هەرە دیار‌و سەرەكییەكانی سیستەم‌و حوكمڕانی دیموكراسییەت، ئازادی‌و رەخنەو فەراهەمكردن‌و رەخساندنی زەمینەی رەخنەیە بۆ رەخنەگران، دیكتاتۆریەت بێ‌ سەركوتكردنی ناژی، بەڵام دیموكراسییەت ئازادی رەخنەگرتن دەكاتە بناغەی بوونی خۆی.

 

رەخنەی زانایان

جان جاك رۆسۆ دەیان جار لە ماڵەكەی خۆی بەردبارانكرا‌و لەسەر ئاستێكی میللی بەرفراوانیش بە نەفرەت كرا، بەڵام دوای ئەوەی كە شۆڕشی گەورەی فەرنساكرا، تەرمەكەی لە گۆڕ دەرهێنرا كە لە شوێنێكی چەپەك‌و دوورە دەست ژێر خاك كرابوو، بردیان لە قەبرستانی مەزنەكانی فەرەنسا ناشیتان، سوقرات خرایە كونجی زیندان‌و دواتریش هەر لەناو زیندان‌و شێدار‌و تاریك‌و نوتەكدا گیانی شیرینی سپارد، ڤۆلتێر چەندین جار شار بەدەركراو لە كوچەو كۆڵانەكانی شار لەلایەن هەواداران‌و پیاوە جاهیلەكانی كڵێساو پاشا بەردباران كراو چەندین جاریشی خرایە زیندانە ترسناكەكانی پاشاو قەشەكان، دیدرۆ‌و كۆندۆرسیە لە سەردەمی خۆی چیما پێیان نەكرێت؟ چەندین جار لەلایەن دادگاكانی ئەوساو لەلایەن قەشەو پاشاكان گوشار خرایە سەریان‌و بەدەست‌و پێی بەستراو چەند ساڵا‌و وێستگەی تەمەنیان، لە زیندانە تاریك‌و تۆقێنەرەكان بەسەربرد، ماركس لەسەر كێشەكانی سەرمایەو ماتریالیزمی دیالەكتیك‌و ماتریالیزمی مێژوویی‌و هەڵوێستەكانی لەسەر سیستەمی سەرمایەداری‌و دەرەبەگایەتی‌و ئایین‌و ئەفسانەو زوڵم‌و ستەم، چەندین جار لە وڵاتی خۆی ئامارەكراو بە نهێنی لە ترسی دەسەڵاتدارەكان ئەو وڵات‌و ئم وڵاتەی دەكرد‌و ژیانێكی پڕ لەكولەمەرگی‌و مەترسیداری بەسەر دەبرد، لە كاتێكدا ئەوە ماركس بوو، مرۆڤی فێركرد، كە بە تەنها پرسیار لەسەر شتە سادەو ساكارەكان نەكەتان‌و بەڵكو پرسیار لەسەر ئەو جیهانەش بكات، كە ئاینەكان پێی دەڵێن جیهانی ئەویو.

ئیمانوێل كانت كە دەیگوت، مرۆڤ ئەوندەی شەڕی لەسەر ئایدیۆلۆژیاو بیروباوەڕو ئایین كردووە، ئەوەندە شەڕی لەسەر بەهاو نرخ‌و ماغەكانی خۆی نەكردووە، ئەو ئیمانوێل كانتەی دواتر تێزە فەلسەفییەكانی كرانە بنەمای دامەزراندنی كۆمەڵەی گەلان، چەندین جار ئاوارەكراو خرایە كونجی زیندان، یوسف سەلمان یوسف (فهد) دامەزرێنەری حزبی شیوعی عێراق، لەسەر ئەوەی شۆڕشێكی فیكری‌و رەخنەی گەورەی لە دژی رژێمی پاشایەتی لە عێراق بەرپاكرد، لەسەر ئەوەی دەیگوت، هەموو ئایین‌و فەلسەفیەو رێبازێكی فیكری بە جۆرێك لە جۆرەكان درێژكراوەی پێشخۆیەتی، گیراو دواتریش لە سێدارەدرا، ئیبن خەلدون سەدان ساڵا پێش ئێستا گوتی نابێت سوڵتان بازرگانی بكات‌و بەڵكو دەبێت دادپەروەرانە وڵات بەڕێوە ببات، لەسەر ئەوەش چەندین گوشاری خرایە سەر ئاوارەشكرا، فاڕابی دەیگوت مرۆڤ لە رێگای لێكدانەوەی عەقڵ دەگاتە دنیای هەقیقەت، بەڵام پێغەمبەران لە رێگای خەیاڵا‌و غەیبانیەت، دەشیگوت، ئایین بریتییە لە لاسایی كردنەوەی هەقیقەت، نەك هەقیقەت خۆی، دیكارت نەیوێرا ناوی خۆی لەسەر كێشەكانی خۆی بنوسێت‌و دواتریش لە ترسی ئەو هەڕشەو مەترسیانەی لەسەر گیانی هەبوو، وڵاتەكەی بەجێهێشت.

ئەبو عەلای لە عەربی دەیگوت، هێڵە گشتییەكانی ئایین برتییە لە ئەفسانەو بابەتی نەسەلمێنراوو ئایین‌و هەموو ئەو بابەتانەی دەیڵێت خسونیەتە دەرەوەی بیركردنەوە‌و سەلماندن، ئیبن رەوەندی گوتی راست نییە كە دەگوترێت خودا سەرجەم ژن‌و بیرو پەككەوتە منداڵانی عاموڕاو سەدومی سوتاند، چونكە لەم شارەدا هاورەگەزبازی دەكرا، شتراوس گوتی لە ئاییندا ئەخڵاق‌و چەمكە پیرۆزەكان، سەنتەری بیركردنەوەو كاركردنی پیاوانی ئایینی، بەڵام لە دنیاو سەرزەمینی مۆدێرنەدا چەمكی ماف‌و هاووڵاتی بوون‌و گۆڕان‌و سەلماندن، سەنتەری كار‌و بیركردنەوەی مرۆڤن‌و بەمەش رەخنەی جددی لە فیكری جەهل‌و چەق بەستن‌و ئایدیۆلۆژیای لە قاڵبدراو گرت.

نەجیب مەحفوز گوتی پێویستە مرۆڤ خۆی تەفسیرو لێكدانەوە بۆ ئایین‌و دنیا بكات، نەك خۆی بكرێتە ئامرازی ئەو تەفسیرو لێكدانەوەیە، بەمەش رەخنەی لەدنیای پێش خۆی گرت، تەها حوسێن گوتی ئایین‌و وێنەی هەندێك رووكاری واقیع دەكێشێت، بەڵام فەلسەفە جەوهەر‌و ناوەڕۆكی ئەم واقیعە دەخاتەڕوو، دیارە ئەو گوتەی ئەو زانایە رەخنە بوو لەو ئەو ئایدیۆلۆژیایەی كە ئاستی بەسەر چاوەی ناسینی هەموو دیاردەو بوون‌و رووداوەكانی ناو واقیع دەزانن، مەلای گەورەی كۆیە گوتویەتی مرۆڤ نابێت تەمبەڵا‌و تەوەزەل لە ماڵەوە دابنیشێت‌و هیچ نەكات‌و بڵێت، بەتەمای خوای، چونكە خودا لەبەر هەر هۆكارێك بێت فریای عیسای نەكەوت لەسەر خاچ، ئەو گوتەیەی ئەو زانایەش رەخنەبوو لەو پەروەردەیەی كە وای لە مرۆڤ دەگەیاند دەبێت هەموو شتێك بەتەمای خوابێت، لەهەر ئەوەش‌و سەرجەم هەڵوێستە رۆشنگەرانەكەی چەندین جار دووچاری گوشار‌و شەڕی دەروونی دژكراوە.

لای خۆشمان‌و لە كوردستان، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، لە رێگای نووسین‌و وتارە ئاینی‌و ئامۆژگارییە كۆمەڵایەتییەكانی، رەخنەی لە جیهانی پێش خۆی گرت‌و بەگژ ئەفسانەو دیاردە پوچگەراكاندا چووەوە لەسەر ئەوەش كەوتۆتە ژێر گوشاری جەهل‌و ئەفسانە گەراكان‌و سەرەنجام كوردستانی بەجێهێشت، حاجی قادر لە رێگای شیعرەوە رەخنەی جددی لەكاربەدەستانی سیاسی‌و تەمبەڵی نەتەوەكەی‌و خاوەن ئایدیۆلۆژیا چەقبەستووەكان گرت‌و لەسەر ئەوەش كەوتەبەر توانج‌و تەشەرەی دوژمن‌و ئاشناو دواتریش كۆبە دەر‌و كوردستان بەدەركرا، نالی چونكە لە رێگای شیعرەكانی خۆی لە باسكردنی لە دنیای ئەو دیو‌و دەپاراست‌و نقومی جوانییەكانی ناو ژیان بوو، ئەویش لەلایەن پیاوە ناحاڵی‌و بیربەستووەكان، وڵات بەدەركرا، هەڵبەت لێرەدا من مەبەستم ئەوەیە بڵێم، بە درێژایی مێژوو، بەتایبەتیش دوای ئەوەی فیكری مرۆڤ دەستی بە گەشەكردن كرد‌و لە رێگای عەقڵ لێكدانەوەی بۆ دنیاو سروشت بوون كرد‌و زاناو بیریارانیش هەبوونە‌و رەخنەگری بوێر‌و بە جورئەتی سەردەمی خۆیان بوونە‌و هەر لە رێگای رەخنەكانیشیان دواتر ئاسۆی نەوەكانی دوای خۆیان فراوان كردووە‌و دەرگاو دەروازەیان لە بەردەم گۆڕانكارییە فیكری‌و فەلسەفی‌و زانستی‌و سیاسییەكاندا كردەوە، نەك هەر ئەوە بەڵكو خودی فەلسەفەو سەرجەم گۆڕانكاری‌و شارستانییەكان لە رووبەرێكی دیاریكراودا قەرزاری فیكری رەخنەن.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا