بە ڕوونی

كاوە مەحموود

هەنگاونان بۆ گەیشتن بە ئاشتەوایی كۆمەڵگایی و بنیاتنانی سەقامگیریی بەردەوام لە كۆمەڵگایەكدا، كە دووچاری توندوتیژی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و زەوتكردنی سەرجەم ئازادییە سەرەكییەكان ببێتەوە و، بە شێوەیەكی سستماتیك تاك و پێكهاتە و نەتەوە لەلایەن دەسەڵاتی حوكمران و رژێمی سیاسییەوە دووچاری حوكمی دیكتاتۆری و داپڵۆسین بووبێتەوە، تەنیا بە گۆڕانكاریكردن لە سەرخانی دەسەڵاتی سیاسیدا و ئاڵوگۆڕكردن بە هەر شێوەیك بێت تیایدا، دابین ناكرێت. 

لەو جۆرە ڕەوشانەدا و لە ئەزموونی بەشێكی فراوانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، باس لە قۆناغی عەدالەتی ڕاگوزار كراوە، وەك زنجیرەیەك لە پرۆسەیەكی بەرنامە داڕێژراو، كە چەندین میكانیزم لە خۆ دەگرێت و، بە پێی ئەزموونە جیاوازەكان، بواری چاكسازی دەستووری و یاسایی و بڕیاری دادگایی و نەخشەی كەلتووری و، تەنانەت بواری ئابووری و كۆمەلایەتیش دەگرێتەوە.

سەرجەم ئەو هەنگاو و میكانیزمانە، كە بە قۆناغی عدالەتی ڕاگوزار ناودەبرێت و، لە میانەی ئەزموونی جۆراجۆر و جیاوازدا لە كۆمەلگای نێودەوڵەتیدا زیاتر لە سی نموونەی جۆراجۆر هەیە، كە بوونەتە گەنجینەیەكی یاسای نێودەوڵەتی، لە ڕاپۆرتی سكرتیری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2004 ڕەنگی دایەوە و، تیایدا باس لە عەدالەت لە قۆناغی گواستنەوە لەو كۆمەڵگایانە دەكات، كە پێشێلكردنی مافی مرۆڤیان بە خۆوە بینیەوە و، لەم بوارەشدا ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2005دا ڕاسپاردەی پێویستی ڕاگەیاند، سەبارەت بە پرنسیپە سەرەكییەكانی ئاراستەكردن سەبارەت بە مافی پەنابردنە بەر عەدالەت و قەرەبووكردنەوەی قوربانییەكانی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی.

بیرۆكەی عەدالەتی ڕاگوزار و ئەزموونە نێودەوڵەتییەكان پێش ئەو ڕاسپاردانەی نەتەوە یەكگرتووەكان بوونی هەبووە، و لە ژیانی سیاسییدا ئاماژەی پێكراوە، بۆیە دەكرێ بڵین ڕەوشی كوردستانی باشور و درووستبوونی ئەزموونی هەرێمی كوردستانی رزگاربوو لە دیكتاتۆری لە ئاكامی ڕاپەرێنی ئاداری 1991، پێویستی بە عەدالەتی ڕاگوزار لە قۆناغی گواستنەوە هەبوو.

ئەم پێداویستییە ئاكامێكی لۆجیكی ساڵانی حوكمی دیكتاتۆری بەعس و رژێمەكانی پێشتر بوو، كە جگە لە سیاسەتی زەوی سوتێنراو و ئەنفال و كیمیاباران، بەپَی نەخشەیەكی ئەمنی دارێژراوی سەرجەم تاقمە حوكمرانەكانی عێڕاق، كاریان بۆ شێواندنی شیرازە و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و، درووستكردنی دۆخی دوژمنكاری كۆمەڵایەتی لە ڕێگای كەسایەتی و دەستەی سیخوری سەر بە دەزگا ئەمنییەكان و مەفرەزەی تایبەتی ئیستخبارات دەكرد، جگە لە ناچاركردنی خەڵكی هەڵاتوو لە بەرەكانی شەری ئێران ـ عێڕاق بەچوونە نێو فەوجەكانی "جاش خەفیفە" و بەكارهێنانی سەرجەم ئەو كەس و دەزگا سیخورییانە بۆ ئازاردانی خەڵكی ستەمدیدە و، تێوەگلانی ئەو دەزگا سیخورییانە بە كوشتنی كەسانی تێكۆشەر و پێشمەرگە و خاوەن هەڵوێست و سوتاندنی ماڵ و موڵكی خەڵك، جگە لە بەكارهێنانی ئەو سیخوڕانە لە پرۆسەكانی گۆڕانكاری دیموگرافی و سڕینەوەی شوناس.

كاتێك كە ڕاپەڕینی ئاداری 1991 بەرپابوو، ڕەوشێكی نوێ هاتەكایەوە و بەشێك لە كوردستانی باشور لە رژێمی دیكتاتۆری ڕزگاربوو، بەڵام ئەو ڕزگاربوونە ڵاپەڕەی ئەو تاوانە گەورانەی رژێمەكانی عێڕاق بەتایبەتی رژێمی بەعس و بەكرێگیراوە كوردەكان ئەنجامیان دابوو، دانەخست و، جارێ میمۆری خەڵكی كوردستان سەبارەت بە تاوانی ئەنفال زیندوو بوو. كەسوكاری ئەنفالكراوەكان چاوەڕێی چارەنووس و هەواڵێكی كەسوكارە ئەنفالكراوەكانیان بوون و، ناوی سەرجەم سەرۆك جاشەكانیان لەبەردەمدا بوو، كە بە لێشاو ئەنفالكراوەكانیان تەسلیم بە بەعس كرد و ڕەوانەی بیابانەكانی مەرگ و نەهاتنەوە دەكران.

ئا لەم هەلومەرجەدا بێ ئەوەی سەركردایەتی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بە چەمكی عەدالەتی ڕاگوزار ئاشنابن، بڕیاڕی لێبوردنی گشتییان بۆ سەرجەم بەكرێگیراو و سەرۆك جاش و مەفرزەی تایبەتی ئیستخبارات دەركرد و، بەم جۆرە چەمكی لێبوردنی دەسەڵاتی نوێ لەو تاوانبارانە، نەك لێبوردنی قوربانی و كەسوكاریان شوێنی عەدالەتێكی شێواوی گرتەوە و، قەرەبووكردنی قوربانیانیش، كە بابەتێكی دارایی نییە، فەرامۆشكرا و ئەو بابەتەی پێی دەوترێ عەدالەتی ڕاگوزار ئەنجام نەدرا و، ئەمەش تا ئێستا گرفتێكی سیاسی و كۆمەڵایەتییە و هەردەم زەمینە بۆ تۆڵەسەندنەوەی دەرەوەی یاسا دەرەخسێنێت، بەتایبەتی لیستی ناوی ئەو تاوانبارانە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكان دوای ڕوخاندنی رژێمی بەعس، بڵاوكرایەوە.

نەبوونی عەدالەتی ڕاگوزار لە ئەزموونی كوردستانی دوای ڕاپەرین و، شكستی ئەم بابەتە لە عێڕاقدا هەردەم زەمینەی ناسەقامگیری و ناكۆكی و ململانێیە و، بە گۆڕینی تەرازوی هێزەكان و سەروەری خولیای نەتەوە و تایفە باڵادەست چوارچێوەیكی داتاشراوی تایفەگەری و شۆڤینی نەتەوەیش بۆ چەمكی عەدالەتی ڕاگوزار دادەرژرێت و، بۆیە دەبینین كە لە عێڕاقدا باسی ڕەهەندەكانی عەدالەتی ڕاگوزار دەكرێت، باس لە دادگای تاوانەكان و یاسای بەرپرسیاری و ئاشتەوایی كە شوێنی یاسای بنبڕكردنی بەعس گرتەوە و، یاسای زیندانە سیاسییەكان و یاسای كێشەی مولكیەتی عەقاری دەكرێت، بەڵام لە توێژینەوەكان سەبارەت بە عەدالەتی ڕاگوزار باس لە ماددەی 140ی دەستوور ناكرێت.

گومان لەوەدا نییە، كە عەدالەتی ڕاگوزار رەچەتەیەكی ئەفسوناوی نییە، كە دەرمانی قۆناغی گواستنەوە بێت و، لە زۆر ئەزموونی نێودەوڵەتیش كەموكوڕی و تەنانەت شكستی وەك ئەوەی كە ئێستا لە عێڕاقدا هەیە، ڕووی داوە، بەڵام گرنگە لە ئەزموونی خۆمان لە كوردستان بە ڕوونی ئەوە تۆماربكەین، كە عەدالەتی ڕاگوزار پێویستی بە لێپرسینەوە و دادگاییكردن و خستنەڕووی سەرجەم ڕاستییەكان و قەرەبووكردنەوەی قوربانییەكانە و لە هیچ كاتێكدا لێبوردن لە تاوانباران ناگەیەنێت.

لە ساڵە سەرەتاكانی دوای ڕاپەڕینی ئادار نەك هەر دەست بە هەنگاونان بۆ بابەتی عەدالەتی ڕاگوزار نەكرا، بەڵكو شەڕی ناوخۆ باری كۆمەڵگای كوردستانی قورستر و دژوارتر كرد و، بابەتی نوێ سەبارەت بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و بەشداری هەندێ لە تاوانبارانی پێشتر وەك شاسواری شەڕی ناوخۆ، كێشە كۆمەلایەتییەكانی قوڵتر كردەوە.

دوای ڕێكەوتنی واشنتن و كۆتایهاتن بە شەڕی ناوخۆ، چاوەڕوان دەكرا قۆناغی عەدالەتی ڕاگوزار لە خزمەتی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و دووركەوتنەوە لە شوناسی لۆكاڵی و ناوچەگەری بیت، كەچی بەم جۆرە دەستی پێنەكرد. قۆناغی گواستنەوە بۆ یەكخستنی ئیدارەی كوردستان و نەهێشتنی دوو زۆنی كە بەداخەوە تا ئێستا ماوە، خۆی لە دامەزراندنی یەك كابینەی فراوانی حكومەتی هەرێم بە ڕووكەشی و ڕەواڵەتی دەستی پێكرد. لەو ماوەیەشدا هەوڵی هەردوو لایەنی دەسەڵاتدار لەچوارچێوەی زۆنی خۆیان بریتی بوو، لە چڕكردنەوەی دەسەڵاتی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانیان و بەحزبیكردنی دامودوزگا حكومییەكان. 

لە ڕەوشی ئەمڕۆی كوردستاندا، كە ئاماژە بۆ قەیرانە گشتگیرەكان و ئەو ململانییەی، كە بۆتە هۆی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و نەبوونی دەستوور و زەمینەخۆشكردن بۆ زیادبوونی فشاری نەیاران دژ بە هەرێمی كوردستان، عەقلیەت و گوتاری سیاسی لە كوردستاندا ئەوەی لە بیر دەچێ، كە سەرجەم قەیرانەكانی ئەمڕۆ پاشخانی مێژوویی هەیە و، نەبوونی عەدالەتی ڕاگوزار لە ئەزموونی حوكمرانی كوردستان لە ڕاپەڕینی ئاداری 1991 وە تا ئێستا گرفتێكە كۆمەڵگای كوردستان باجی نەبوونی ئەو چەمكە دەدات.  

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا