ئەحمەدی مەلا

باخچەلی بە تەواوی نیشانەکەی دەپێکێت. زمانی کوردی دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو ماڵ و کوچەکان. ئەمە مانای چییە؟

هەموو دەزانین زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، جگە لەمەش دنیای من هەر هەندەی ئەو دنیایە گەورەیە کە من قسەی تێدا دەکەم. من ناتوانم لە جوغزی زمانەکەم گەورەتر بم. کەواتە، ئەو ڕووبەرەی کە منی تێدا لەدایکدەبم، هەراش دەبم و دواتر سەری تێدا دەنێمەوە، لە پەنجا مەتری دووجا زیاتر نییە،

بە واتایەکی دیکە، ئەو موفرەدانەی کە من لەو ژینگە بەرتەسکە فێریان دەبم تەنها دووسەد تا سێ سەد وشەن، بە ڕستەسازییەکی هەڕەمەکی، تێکەڵ بە بنەزار و ئیدیۆمی خێزانی، دواجار، وەک باڵندەیەکە دنیا فراوانەکەی  قەفەزەیەک کە لێی دەژیت.

زمان دیاردەیەکی ئاڵۆزە، ئەو دەمەی لەدایکدەبێت، دەبێت زەمینەسازی بۆ بکرێت تا بە جوانی گەشە بکات، ئەگینا بە گێڕوگەواڵی دەمینێتەوە. بە نیمچەزمان خۆی دەناسێنێت : ئەوانەی نیچمەزمان قسە دەکەن، نیمچە بەشەرن.

چۆن زمان کامڵ دەبێت ؟

لە نێو عەرەب، جاحز بازێک بە زمانی شیعر و قورئان دەدات، دەیکات بە زمانی بیرکردنەوە و بەراوردکردن و تێڕامان. لە سەردەمی عەباسییەکان، سیرە دەنووسنەوە، فیکری یۆنانی دەهێننەوە نێو پانتایی زمانی عەرەبی، زمان دەبێتە ماددەی قسەلەسەرکردن. بەعەرەبکردنی کەشە دینییەکان لەو سەردەمە دەستپێدەکات، واتە شوناسێکی پیرۆز دەبەخشنە زمانی عەرەبی کە تاکو ئێستا بارستاییەکانی لەسەر زمانەکانی دیکەدا هەیە، مەبەست زمانی موسڵمانانی غەیرە عەرەبی.

لە نێو فەڕەنسییان، ئەوە رابلێ و مۆنتێنن کە گەشە بەزمان دەدەن، قسەی کۆتاییان لەمەڕ سیاسەت، شەڕی ناوخۆ، جەنگەکان، داگیرکاریی، دەسەڵاتداریی، ئاین، پەخشان و شیعر، پزیشکسازیی و دەرمانسازی، ناسینی رووەک و گژ و گیا، سەفەر و گەشتگوزاری، نەخۆشی و چارەسەرییەکان...هتد

ئیشکردن لە سەر دالەکان، دنیای مەعنەوی فراوان دەکات...

فەڕەنسی بە دەستی مۆلییەر و راسین و کۆرنێی دەگاتە چلەپۆپە، کۆمێدیا و تراژیدیای پێ دەنووسرێتەوە. پێکەنین بە زمان و لە رێگەی زمانەوە،ڕرۆح دەداتە زمان...

ئەی دواتر چۆن دێکارت مێتۆدەکەی بنووسێت؟ ڕۆسؤ چۆن باسی مرۆڤ بکات، چۆن چۆنی ڤۆلتێر گوێی پیاوانی لاهووت بگرێت و بڵێ مافی تۆ ئەوەیە و ئەرکی تۆ ئەوەیە؟ ئەی چۆن بیر لە نووسنی هزری یاسا بکرێتەوە و قسە لەسەر دەسەڵاتەکان بکرێت؟ چۆن مەعریفەی ئینگلیز تێکهەڵکێشی کەلەپووری فەرەنسی بکرێت؟

ئەم شەڕە زمانەوانییە بە دوو سەد وشە ئەنجام نادرێت...

باخچەلی دەیەوێ زمانمان دوو ئینج لە بۆڕەبۆڕی مانگاوە دوور بێت. ئەمەیە فاشییەت...

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا