فانكحوا ما طاب لكم من النساء مثنى وثلاث ورباع فإن خفتم ألا تعدلوا فواحدة أو ما ملكت أيمانكم.
ئایەتی سێ سوورەتی نیساء
ئەوە جێی باوەڕ نییە، کە پیاوێک لە دونیادا هەبووبێت یان هەبێت، یان لە داهاتوودا پەیدا ببێت، بتوانێت سۆز و خۆشەویستی بەشێوەیەکی یەکسان بە ژنەکانی ببەخشێت. چەندان بەڵگە لەسەر ئەوە هەن، تەنانەت خودی پەیامهێنیش لە بواری دابەشکردنی خۆشەویستی بەسەر ژنەکانیدا، نەیتوانیوە دادپەروەر بێت و عائیشەی ژنەبچکۆلەی لەوانی دیکەی خۆشتر ویستووە. ژنانی ئیسلامی ئەمە باش دەزانن و خۆیان بەوە فریو دەدەن، ئەوە مافی ڕەوای پیاوە، فرەژنی بکات و شەرع پێی بەخشیوە. لەو ژنانە وایە، چونکە پیاو بۆی دەرکەوتووە، ناتوانێت هاوزەمان فرەژنی بکات و دادپەروەریش بێت، بۆیە زۆرینەیان فرەژنی ناکەن، ئەمەیش لە وەهم بەولاوە هیچی دیکە نییە. ژنانی ئیسلامی خۆیان بەوەیش فریو دەدەن، چ قەیدی ئەگەر ژنی یەکەم ناساغ بوو، منداڵی نەدەبوو، یان خۆی ڕازی بوو، با پیاو ژنی دیکە بهێنێت.
بەڵام کێشەکە هەر ئەوە نییە کە ئیسلام ڕێی بە فرەژنی داوە، ئەوەیشە کە پیاوی موسوڵمان بۆی هەیە، بێجگە لە چوار ژن، دەیان، سەدان، یان هەزاران کەنیزەکیش ڕابگرێت و وەک کۆیلەی سێکسی چێژیان لێ ببینێت. ئەو ژنانەی داکۆکی لە شەرعی ئیسلام دەکەن و پاساو بۆ فرەژنی دەبیننەوە، خۆیان لە فرەکەنیزەکی کە بەپێی شەرع مافی ڕەوای پیاوە، نەبان دەکەن. (ما ملکت أیمانکم،) کە لە هەمان ئایەتدا هاتووە، بەو مانایە دێت، پیاو مافی شەرعیی خۆیەتی، چەند کەنیزەک دەکڕێت و چۆن سێکسیان لەگەڵدا دەکات.
بۆچی واعیز باس لە کۆیلەی سێکسی ناکات کە مافی شەرعیی پیاوە و خوا بەگوێرەی دەقی ئایەتی سێی سوورەتی ژنان پێی ڕەوا بینوە؟ چونکە دەزانێتسەردەمی کۆیلایەتی بەسەرچووە، بەکۆیلەکردنی ئینسان، لەسەر ئاستی دونیا بە تاوان لە قەڵەم دەدرێت و سزای توندی لەسەرە، بۆیە خۆی لە (ما ملکت أیمانکم) گێل کردووە. ئایا دەشێت پێمان وابێت، ئایەتێک نیوەی کەڵکی بەکارهێنانی پێوە ماوە و نیوەکەی دیکەی ئێکسپایەر بووە؟ ئەگەر قورئان پەسەند دەکەین، پێویستە هەمووی ڕەچاو بکەین، ئەگەرنا پێویستە هەمووی فەرامۆش بکەین، ئاخر ناکرێت فیفتی فیفتی مامەڵە لەگەڵ ئایەتێکدا بکەین، پەنجای پەسەند بکەین و پەنجای ڕەت بکەینەوە.
بۆچی پیاو حەزی لە فرەژنییە؟ تا بیسەلمێنێت کەڵەپیاوە. کەڵ کە بە عەرەبی (فەحل)ی پێ دەڵێن، بۆ ئاژەڵ دەشێت، نەک بۆ ئینسان. کەڵەپیاو: ئینسانێکی ئاژەڵڕەوتارە، هەر ژنێکی بینی، ئەگەر بۆی بلوێت، لێی دەپەڕێت. بۆچی پیاو بە شەرعی ئیسلام ڕازییە؟ چونکە پیاو لە قازانجی پیاو بەرهەمی هێناوە. بۆچی ژن پێی قایلە؟ چونکە دیفاکتۆیە و بەسەریدا سەپێنراوە، مەگەر لێی یاخی ببێت، ئەگەرنا هەر زەلیلی بن چەپۆکی دەبێت.
(ما ملکت أیمانکم) شەرعی خوایە، بەپێی ئەو شەرعە ژنکڕین بۆ ئەوەی چێژیان لێ وەربگیرێت، ئازادە، ئەگەر ئەو شەرعەمان قەبووڵ نییە، ئەوا لە ئیسلام لامان داوە، ئەگەر قەبووڵمانە ئەوا داعشین. حەریم هەمیشە سیخناخ بووە لە کەنیزەک، خەلیفە هەر شەوی لەگەڵ یەک دووانێکیاندا سەرجێیی کردووە، بازاڕی فرۆشتنی (کۆیلەی سێکسی)یش هەمیشە گەرم بووە. (بۆچی ئایینی ئیسلام بە دونیادا بڵاو بووەوە؟ چونکە جەنگاوەرەکانی عەوداڵی ژنی جوان بوون؟ هەندێکیان بۆ خۆیان گل دەدانەوە و ئەوی لێیان زیاد بووایە، دەیانفرۆشت.) ئەوە لێکدانەوەی باسکاری گەورەی عەرەب، خەلیل عەبدولکەریمە، لە کتێبی (عەرەب و ژن)دا.
وەک چۆن داعش کچەکوردیی ئێزدیی وەک کۆیلەی سێکسی، لە بازاڕەکانی موسڵ و ڕەققەدا دەفرۆشت، کە لەشکری ئیسلام بۆ یەکەم جاریش کوردستانی فەتح کرد، کچەکوردی بە دیل دەگرت و دەیبردەوە لە بازاڕەکانی حیجاز و شامدا دەیفرۆشتن. ئەمە واقیعە، زادەی خەیاڵ نییە و وەک چۆن لە حەریمی خەلیفەدا، کچەتورک، فارس، ئیسپانیایی، ئەمازیگ و ئەلبان هەبووە، کچەکوردیشی تێدا بووە. ئەگەر ددان بەم ڕاستییەدا نانێیت، لەو حوشترمرە دەچیت کە سەری لەنێو خۆڵدا دەشارێتەوە و پێی وایە دوژمن نایبینێت. ئایا ئەوە جێی لێ وردبوونەوە نییە، کەسانێک شانازی بەوەوە بکەن، لەشکرێکی هەمەجی هاتووە، دەیان هەزاری لە میللەتەکەیان کوشتووە، وڵاتی داگیر کردوون، کولتووری سڕیونەتەوە، پەرستگاکانی ڕووخاندوون و خوشک و کچی بردوون لە نیمچە دوورگەی عەرەب فرۆشتوونی!
ئەو ڕابردووەی عەرەب کە بریتییە لە داگیرکردنی وڵاتان و بەدیلگرتنی ژنانی ئەو وڵاتانە و فرۆشتنیان بۆ ئەوەی سێکسیان لەگەڵدا بکرێت، کە لە واقیعدا بازرگانییە بەسێکسەوە، لە کتێبی مێژوودا (فوتووحاتی ئیسلامی)ی پێ دەڵێن!
*