ن .مەغدید حاجی
٭ هاوڕێ عەبدولمەسیح ساڵی1942 لە کۆیە لە دایک بووە،هەردوو قۆناغی سەرەتایی و دواناوەندی لە کۆیە تەواوکردووە.
کۆلێژی کشتوکاڵ و دارستانی لە زانکۆی موسڵ خوێندووە..
ساڵی خوێندنی(1976-1975) خولێکی (پیشەسازی دار) ی لە بەریتانیا تەواوکردووە.
دەرچووی پەیمانگەی ڕۆشنبیری مەسیحییە لە ساڵی خوێندنی(2014-2013).
چەند ساڵە لە وەزیفە خانەنشین کراوە، بەڵام ئەو نە لەماڵ نشینەو خۆی خستووە، نە زۆرینەی کاتیشی لە چایخانان بەسەردەبات..بەڵکو بە هیممەتی گەنجانە لە کارو خەبات و چالاکی بەردەوام دایە..
ئێستا دانیشتووی شارە جوانەکەی عنکاوا یە، سکرتێری ڕێکخراوی کلدۆئاشوری حیزبی شیوعی کوردستانە لە عنکاوا، سەرۆکی سەنتەری خانەنشینانی عنکاوایە..
یەک لە تێکۆشەرە ماندوو نەناسەکانە، یەک لە ڕۆشنبیرو نووسەرە پێشکەوتنخوازەکانە، یەک لەو سکرتێرە دەگمەنانەیە کە سەردانی بارەگاکەیان دەکەیت بەو تەمەنەیەوە کە (هەشتا ساڵ)ی تێپەڕاندووە، زۆر قەلبی سووکەو زۆر بە تەوازع و بە ڕوێکی خۆش بەخێرهاتنت دەکات ،ئاوت پێشکەش دەکات ، چ کتێب یان بڵاوکراوەیەکی نوێیان بۆ هاتبێت پێشکەشتی دەکات.. تا سەر ئێسقان بیروباوەڕو حیزبەکەی بە قەناعەتەوە خۆش دەوێت و داکۆکییان لێدەکات.. شان بە شانی هاوڕێیانی عنکاوا ناوە ناوە چالاکییەکی ڕۆشنبیری لە (هۆڵی شەهیدان) ڕێک دەخەن یان میوانداری دەکەن ،خۆی و هاوڕێکانی زۆر بە ڕێزو ئیحترامەوە لە پێشوازی هاوڕێیان و میوانان دەوەستن و بە ڕوێکی گەش پێشوازی لە هەموان دەکەن. کە دەیان بینی ورەت بەرزدەبێتەوەو دەڵێی حیزبی شیوعی و بیروباوەڕی مارکسی و نێونەتەوەیی و پێکەوە ژیان باش جێگای خۆیان لە ناو دڵ و دەروونی شیوعییەکانی کریستیان کردۆتەوە..
هاوڕێ عەبدولمەسیح لە ماوی حەوت ساڵدا چوار کتێبی بە نرخی نووسیوەو بە چاپی گەیاندوون، دوانیان لەسەر مێژووی حیزبی شیوعییە لە عنکاواو کۆیە، دووەکەی تریش وتارەکانێتی ، وتارە ڕۆشنبیری و سیاسی و مێژووییەکانی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە گۆڤارو ڕۆژنامەکاندا بڵاوی کردوونەتەوە.
هاوڕێ عەبدولمەسیح شایانی ئەوەبوو ببێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی کوردستان ، لە کۆنگرەی حەوتەمدا کە دوو ساڵ پێش ئێستا بەسترا وەکو تاکە کریستیانێک لە هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندیدا خۆی پاڵاوت، بەڵام بە داخەوە زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە ناسین و ئاستی تێگەیشتنیان بۆ ڕۆڵ و توانای ئەم هاوڕێیە لە ئاستی پێویستدا نەبوو،خۆشی لەناو کوتلەوکوتلەکاریدا دوور دەگرێت.. دەنگیان پێنەداو دەنگی پێویستی نەهێناو دەرنەچوو، بە بۆچوونی من دەبوو دەنگیان پێدابا هەرنا وەکو تاکە کریستیانێک لە ناو کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی کوردستاندا !!!
بەڵام ئەم دەرنەچوونەش تۆزقاڵێک کاریگەریی نەرێنی لەسەر هاوڕێ عەبدولمەسیح جێنەهێشت و وەکو شیوعییەکی مەبدەئی و دڵسۆز بە ڕاستگۆیی و گەرم و گوڕی لەسەر کارو تێکۆشانی خۆی بەردەوام بوو... پڕ بەدڵ هیوای تەمەن درێژی بۆ دەخوازین.