
هاژە سلێمان مستەفا
ئەنجامدانی کۆنگرە میکانزمێکە بۆ گۆرانکاری و نوێبوونەوە دوای ئەوەی کە دەستەیەک لە ماوەی دوو کۆنگرەدا سەرکردایەتی ئەو حزبە دەکەن، لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەی، کە لەو ماوەیەدا روودەدەن، زۆر جار بەدەر لە دەسەڵاتی ئەو دەستەیە، گۆڕانکاری وا روودەدات، کە ناتوانرێت رێگری لە زۆر رووداو بکرێت و کاریگەری زۆریشی بەسەر حزبەوە دەبێت.
ئەگەر باس لەو رووداوە سیاسییانە بکەین کە لەنێوان کۆنگرەی حەوت، کە لە ساڵی ٢٠٢١و هەشت، کە بریارە لەم ساڵەدا ببەسترێت، دەبینین زۆر کاریگەرییان بەسەر رەوشی سیاسی لە هەموو کوردستان و بێگومان ئێمەش وەکو حزبێکی سیاسی هەبووە.
دوو هەڵبژاردن ئەنجامدراوە، یەکەمیان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ٢٠٢١دا، کە توانیمان وەکو کۆتای کریستیانەکان کورسییەک بەدەستبێنین، دواتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠٢٤دا، کە لەگەڵ حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان بەشداربووین، هاوپەیمانییەکە توانی کورسییەک بەدستبێنێت، بەڵام ئایا چ جیاوازییەک لە دەنگەکانمان هەبوو؟ بێگومان دەنگەکانمان کەمی کردووە، کە دەبێت بزانین بۆ چی کەمی کرد؟
دواتر لەسەر ئاستی عیراقدا کێشەی زۆر روویاندا، کێشەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەند، کە تاکو ئێستا چارەسەر نەکراوە.
دواتر لەسەر ئاستی ناوچەکەدا شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، کە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە دەستیپێکردەوە و کاریگەری خراپی لەسەر ناوچەکە هەیە و بەهەزاران خەڵکی بێتاوان بوونە قوربانی ئەم شەڕە نەگریسە.
دواتر ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا، کە رەنگدانەوەی خراپی لەسەر هەموو ناوچەکە هەبووە و دەستوەردانی ئێران لەو وڵاتانە و هاندانی ئەو گرووپانەی کە شەڕی بەوەکالەتیان پێدەکات و ئێستاش پرۆسەی دانوستان لەنێوان ئێران و ئەمریکا، کە ئەگەر شکستبێنێت لەوانەیە ناوچەکە ئاڵۆزتر بکات.
دواتر کێشەی رۆژئاڤا و دژایەتیکردنی تورکیا بۆ کوردانی رۆژئاڤا بەهەموو شێوەیەک تا ئاستی لەناوبردنی ئەزموونەکە، دواتر رووداوێکی زۆر گرنگ، ئەویش رووخانی رژێمی بەعس لە سوریا و هاتنەسەر دەسەڵاتی ئەو گرووپە ئیسلامییانە، کە پێشتر رۆڵی خەراپیان هەبووە لە سوریا، بەتایبەتی بەرامبەر بە کورد و ئێستاش جێگای متمانە نین، چونکە لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە کێشەی کورد نییە.
دواتر کێشەی کورد لە تورکیا، کە ماوەیەکە هەنگاونراوە بۆ ئاشتی لەنێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان PKk و بەڕێز عبداللە ئۆجەلان پەیامەکەی خۆی بڵاوکردەوە و داوای دانانی چەکی کرد لە پ. ک. ک و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بەڵام ئایا تا چەند تورکیا دان دەنێت بە مافی کورد؟ تاکو ئێستا هیچ هەنگاو نەنراوە.
دەربارەی گۆڕانکارییە جیهانییەکان، شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا کە کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری ئەورپا بەتایبەتی و جیهان بەگشتی هەیە.
دواتر سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا، کە وەکو بازرگانێک بیردەکاتەوە و دانانی باجی گومرگی زۆر بەسەر وڵاتان سەپاند، لەوانە عیراق بەڕێژەی٣٩٪، کە بێگومان کاریگەری خراپی بەسەر ئابووری جیهان دەبێت، کە بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا و بەم شێوەیەش کاریگەری لەسەر بودجەی عێراق دەبێت، چونکە نەوت بە ٧٠$ خەمڵێندراوە، ئێستا خەریکە لە ٦٠$ نزیکدەبێتەوە، کە ئەمەش کورتهێنان دروستدەکات و کاریگەری لەسەر کوردستان دەبێت.
ئەگەر باس لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان بکەین، دەبینین کۆمەڵگە بەجۆرێک شێواوە، کە توندوتیژییەکان زۆر بوون لەناو خێزان و رێژەی تاوان لەزیادبووندایە، کە ژنان قوربانی یەکەمن لەو توندوتیژیانەی کە روودەدەن.
بەگشتی لە جیاتی ئەوەی بارودۆخی ژنان بەرەو باشتر هەنگاوبنێت، دەبینین پاشەکشەی کردووە، زۆربەی ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندی ئافرەت دەرکراون لە پەرلەمان، ئێستا داوای هەموارکردنەوەی دەکرێت.
دامودەزگا حکومییەکان ئەوانەی تایبەتن بە پارێزگاری لە مافەکانی ژنان، وەکو جاران رژد نین لەسەر کارەکانیان، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی پاشەکشە لە بواری بەرەو پێشبردنی ژنان هەیە و رۆڵ و بەشدارییان لە سیاسەتی ئەم وڵاتەدا، بێگومان ئێمەش وەکو حزبی شیوعی کوردستان بەدەرنین لەو پاشەکشەیەی، کە لەبواری ژناندا هەیە، دەبینین ئێستا کەمترین ژن ئامادەیی تێدایە کار بکات وەکو کادیرێکی بەتوانا و بگاتە ناوەندی بڕیار، کە ئەمەش بێگومان کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر رۆڵی ژن لە گۆڕانکاری و نوێبوونەوە لە کۆنگرەی هەشتەمدا، کە پێناچێت ئەو گۆڕانکارییەی کە ئێمەی ژنان چاوەڕێمان دەکرد بێتەدی.