لەڕوانگەی چینایەتی      

عوسمان زیندانی

دوای گفتوگۆیەكی زۆر و هەمەلایەنەو پڕ لە ناكۆكی وجیاوازی لەنێوان لایەنە عێراقیەكان لەلایەك و لەنێوان لایەنی كوردستانی وعێراقی لەلایەكەی ترەوە ، دواجار بەدەستێوەردانی دەرەكی وكاریگەری نێودەوڵەتی بودجەی گشتی عێراق لەلایەن( ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ )بڕیاری لێدرا بۆ ساڵی (٢٠٢٣+ ٢٠٢٤+٢٠٢٥)

خاڵی سەرەكی ئەوەیە جیاوازی  وناكۆكیەكان لەسەر بنەماكانی دانانی بودجە نەبووە لەڕوانگە و ستراتیژێتی ئابووری وسیاسی وكۆمەڵایەتی جیاوازەوە و کاریگەری لەسەر ژیان ومافی چینی كرێكار و موچە خۆران و توێژە پەراوێزخراوەكان چیە ،چەند كار دەكات لەسەر نەهێشتی جیاوازی چینایەتی وچارەسەری بنەڕەتی كێشە ئابووریەكان٠

چەند سەرنجێكی پێویست لەسەر بودجەی عێراق بەگرنگ دەزانم بیخەمە ڕوو بەتایبەت ئەو مەترسیانەی لەسەر ژیان وگوزەرانی كۆمەڵگە هەیەتی، بەهۆی هەڵە داڕشتن و پشت بەستن بەتاك سەرچاوە و خراپ دابەش كردنی داهات كەبەشێكی گرنگی ئەمەش پەیوەندی هەیە بەڕوانگەی فكری وسیاسیەوە  ، كەقسە وباسی زۆری لەسەركراوەو دەكرێت بەبڕوای من چەندخاڵێكی سەرەكی هەیە كە دەبێت ڕەخنەگرانە  تەماشای بكەین٠

١- خراپترین شت لە دانانی بودجەدا پشت بەستنە بەتاكە سەرچاوەی دارایی كە لە(٩٥%)لەداهاتی نەوت پێك دێت ،ئەمەیش كێشەیەكە بۆخۆی چونكە مامەڵە لەگەڵ نرخی بازاڕی سەرمایەداریدا دەكات و ئەویش بەردەوام لەبەرز ونزمیدایە

وهیچ زەمانێك نیە كە نرخی دانراو بۆ فرۆشتنی یەك بەرمیل نەوت وەكو خۆی بمێنێتەوە بەتایبەتی لەم هەلومەرجی چەنگ و پەشێوی سیاسی و قەیرانی ئابووریەی جیهانی تێكەوتوە

كەدواجار هەر ئاڵوگۆڕێك لەباری ئابووری وبازرگانی ڕوو بدات نموونە تەنها نرخی یەك بەرمیل نەوت بە (١٠) دۆلاركەمتر بفرۆشرێت لەكۆی (٤ملیۆن)بەرمیل نەوت ئەوە عێراق زیاتر لە(١٤)ملیار دۆلار كورتهێنانی بۆ دروست دەبێت وکاریگەری زۆرتر دەكات لەسەر بودجە كەلەسەروو ئەو كورتهێنانەی دیاركراوە لەیاساكەدا ، بێگومان بەتایبەت کاریگەری زۆر خراپ لەسەر ژیانی خەڵك دەبێت بەتایبەتی خەڵكی كەمدەرامەتی عێراق لەلایەك و پشك و بەشی هەرێمی كوردستانیش لەو كورتهێنانەی بەر دەكەوێت ئەو كاتە دەسەڵاتی هەرێمیش دەكەونە گیانی خەڵك لەمووچە بڕین دواخستنی وپێنەدانی مافە ڕەواكانی خەڵك ٠

٢-شێوەی دابەش كردنی بودجەكەیە كەپێوەری عەدالەتی كۆمەڵایەتی تێدا ڕەچاو نەكراوە و بەشیكی زۆری دەڕوات بۆ بەكار بردنی گشتی و كەمترین بودجە بۆ وەبەرهێنان تەرخان كراوە ، و لەكاتێكدا عێراق بەسەدان هەزار دەرچووی زانكۆ وپەیمانگای دانەمەزراوی هەیە وبەسەدان هەزارگەنجی بێكاری هەیە بەڵام پشكی (موچە و نەسریەی سەرۆكایەتیەكان و هەندێ بواری ئەمنی و سوپا ) دە بەرامبەری بودجەیە بۆ بورای كۆمەڵایەتی و هەلی كار و وەبەر هێنان، ڕاستە سەقامگیری ئەمنی و سیاسی گرنگە بەڵام ئەزمونی ڕابردوی عێراق و زۆر لە وڵاتانی دنیا دەریان خستوە كە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی وابەستیە بەسەقامگیری كۆمەڵایەتی و بوونی ژیانێكی باش و ئازاد  و بەدەسكەوتنی پێداویستیەكانی ژیان بۆ هەموو هاوڵاتیان وبەتایبەت بۆ چینی كرێكار وتوێژی بەرفراوانی بێكاران و پەراوێزخراوان كەبەپێی ئامارەكانی عێراق خۆی ڕێژەی بێكاری لە (%٣٠)تێپەڕاندوەو لەهەندێ ناوچەدا لەوڕێژەیە بەرزترە، ئەم بودجەیە چ چارەسەرێكی ستراتیژی هەیە بۆ چارەسەری بێكاری كە خەسڵەت وبەشێكی سەرەكی ناو سیستەمی سەرمایەداریەو عێراق هەنگاوی تەواوی هەڵێناوە بەوئاراستەیەدا٠

٣-كەمتری بودجە بۆ بواری خزمەتگوزاری گشتیەكانی وەكو (ئاو وكارەبا وخوێندن وتەندروستی و ژینگە و خزمەتە كۆمەڵایەتیەكان)دانراوە بەبەراورد بەئەو بڕە داراییەی بۆ بواری سەربازی وئەمنی و سیاسی دانراوەكە لەبارێكداكە خزمەتگوزاریە گشتیەكان بەرەو لاوازی وكەمی چووەو دەسەڵاتی عێراق خۆی بەبەرنامە گرنگی بەكەرتی تایبەت دەدات لەبەرئەوەی  كۆمپانیا وكەرتی تایبەتك هی خۆیانە یان شەریكن لەگەل كەرتی تایبەتدا  كەخەسڵەتێكی جێگیری سەرمایەداریانەیە ، دەرئەنجام  خەڵكی  هەژار وكەم دەرامەت ناتوانێت لەكەرتی تایبەت دەستی بكات بەم خزمەتگوزاریانە لەكاتێكدا ڕێژەی هەژاری بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گەیشتۆتە (%٢٥)بەگشتی ولەناو (١ملیۆن)منداڵی كارگەردا گەیشتۆتە(%٣٨)،ئەم بودجەیە هەرگیز ناتونێت .

جیاوازی چینایەتی چارەسەر بكات 

٤-ناعەدالەتی لەدابەشكردنی بودجە لەباری جوگرافی و ئاسەواری كاولكاری وقەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی چەنگ وسەتەمكاریەكانی ڕژێم كە بۆ هەندێ ناوچە جێبەجێكراوە لەخواروو ناوەڕاستی عێراق بەڵام بۆ هەڵەبجە و گەرمیان و كەسوكاری ئەنفالكراون وشەهیدان وپێشمەرگەی دێرین وزیندانیانی سیاسی ئاوارەیی و ناوچە وێرانكراوەكان و زیالێكەوتوانی هەرێمی كوردستان تەنها لەچوارچێوەی بڕ و پشكی هەرێم دیاری كراوە و ئێستاش هیچ بەرنامەیەك نیە لەم  پرۆژە یاسایەدابۆی ،دیارە دەسەڵاتی هەرێمیش بە چ ناعەدالەتی و ستەمكاریانەوە مامەڵەی كردوە لەگەل مافی خەڵكداو ئێستاش خەریكی مزایەدە و ناكۆكی لاوەكی و مەبەستی تایبەتی حزبی و ناوچە خوازی٠

بۆیە تاكە چارەسەر بۆ نەهێشتنی گرفتەكانی ناو كۆمەڵگە و بەتایبەت بۆ خەڵكی هەژار و چەوساوە، ئاڵوگۆڕی سیاسی ڕیشەیی و بنەڕەتیە لە پێكهاتەی سیاسی ودەسەڵاتدارێتیدا لە عێراق وكوردستاندا ،چونكه ئەمانە ڕەوئیای بورژوازی و بەرژەوەندخوازی دەستەو تاقمی سەرمایەدار وباڵا خوازیان دەوێت و پیادەی دەكەن لەهەموو كار وهەڵوێست وبەرنامەیەكیاندا، ئیتر ئەمە با بەهەدەردان ،و گەندەڵی ودزی دەستەو دائیرەكانیان ،وئیستغلالكردنی سەروەت وموڵكی گشتی لەولاوە بوەستێت كەعێراق نمونەیەكی دیاری ناو گەندەڵكارانی دنیایە .

بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم بودجیەش ناتوانێت چارەسەری تەواوەتی ناكۆكی هەرێم و عێراق بكات و ناشتوانیت چارەسەری گرفتی بێكار و هەژاری و ناعەدالەتی بكات، چونكە لەبنەماوە لە داڕشتنیدا بۆئەمە نەكراوە٠

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا