چەمکی دەوڵەتداری لە فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵناسیدا، تەنیا بریتی نییە لە بوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی یان دامەزراوەی ڕەسمی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بەڵکو پرۆسەیەکی گشتگیرە کە کۆڵەکەکانی لەسەر بنەمای دادپەروەری، سەروەریی یاسا، دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان بنیاد دەنرێت. لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بەردەوام بەدەست ململانێی جیۆپۆلەتیکی و دەستێوەردانی دەرەکی و گۆڕانکاریی خێراوە دەناڵێنێت، تێگەیشتنی دروست بۆ ئەم چەمکە دەبێتە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر بۆ ڕزگاربوون لە ناسەقامگیری. لێرەوە، توندوتۆڵکردنی پایەکانی حوکمرانیی تەندروست ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ڕادەی کۆدەنگیی نێوخۆیی و یەکڕیزیی نیشتمانییەوە. ئەزموونی مێژوویی سەلماندوویەتی کە هیچ قەوارەیەک ناتوانێت لەبەردەم شەپۆلی ئاستەنگ و تەگەرە دەرەکییەکاندا خۆی ڕاگرێت، ئەگەر پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناوەوەی لەژێر چەتری گوتارێکی نیشتمانیی یەکگرتوودا کۆنەبنەوە. لەم سۆنگەیەوە، داڕشتنی ڕوانگەیەکی گشتگیر بۆ شێوازی بەڕێوەبردن، دەبێتە دەروازەی سەرەکی بۆ چەسپاندنی هاوڕێزیی گەل لەپێناو پاراستنی قەوارە و ناسنامەدا.
                                                         سەروەریی یاسا و گواستنەوەی دەسەڵات
پێکهاتەی حوکمڕانیی مۆدێرن لەسەر چەند پێوەرێکی جێگیر بونیات دەنرێت، سەرەکیترینیان بریتییە لە دامەزراوەییبوون و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان. لە سیستەمە پێشکەوتووەکاندا، دەسەڵات لە تاک یان گرووپێکی دیاریکراوەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەرجەم جومگە گشتییەکان، بە جۆرێک کە یاسا بەسەر هەمواندا وەک یەک جێبەجێ بکرێت. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە پەرەپێدانی بەردەوام هەیە لە کایەکانی کارگێڕی و ئابووریدا، تاوەکو دەوڵەت بتوانێت سەرچاوە سروشتی و مرۆییەکان بە دادپەروەری دابەش بکات. کاتێک هاووڵاتی هەست دەکات پێکهاتە فەرمییەکانی وڵات نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی خواستەکانی دەکەن، متمانەیەکی گشتی لە نێوان خەڵک و کاربەدەستاندا دروست دەبێت. ئەم متمانەیەش زەمینەی گەشەسەندنی درێژخایەن دەڕەخسێنێت و بزوێنەری سەرەکیی چاکسازیی ڕیشەیی دەبێت لە جومگەکانی بەڕێوەبردندا. له‌م ڕوانگه‌شه‌وه‌ هێزی ڕاستەقینەی هەر قەوارەیەک، لە کارامەیی دارایی و کارگێڕییدا کورت دەبێتەوە کە دەتوانێت لە کاتی تەنگژەکاندا هاوسەنگیی سەرچاوەکان بپارێزێت.  
                                                             ڕەهەندە فیکرییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی
تەبایی و یەکگرتوویی نێوخۆیی، قەڵایەکی پۆڵایینە کە پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە پەرتەوازەیی دەپارێزێت. لە فەلسەفەی سیاسیدا، ئاسایشی نەتەوەیی تەنیا بە چەک و هێزی سەربازییەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو هێزی هۆشیاریی دەستەجەمعی و ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان، گەرەنتیی سەرەکین بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر گەلەکۆمەیەک. کاتێک لایەنە جیاوازەکان لەسەر هێڵە گشتی و نەگۆڕەکانی نیشتمان ڕێکدەکەون، جیاوازیی بیروبۆچوونەکان دەبێتە هۆکاری دەوڵەمەندبوونی پرۆسەی سیاسی نەک لاوازبوونی. ئەم هاودەنگییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە گوتارێکی یەکگرتوو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بێتە ئاراوە، کە ئەمەش پێگەی دیپلۆماسیی وڵات لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا بەهێزتر دەکات. بە پێچەوانەوە، ململانێی ناوخۆیی و پێشخستنی خواستە تەسکی حزبی یان ناوچەیییەکان بەسەر بەرژەوەندیی باڵای گەلدا، هەمیشە دەروازە بۆ دەستێوەردانی نەرێنیی دەرەکی دەکاتەوە و وڵات بەرەو داهاتوویەکی نادیار دەبات.
                                                                 پێگەی ستراتیژی و کێبڕکێی هێزەکان
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەی و بوونی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی وزە، هەمیشە لەژێر کاریگەریی کێبڕکێی توندی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکاندا بووە. ئەم دۆخە وا دەخوازێت کە نەتەوەکانی ئەم دەڤەرە بە هۆشیارییەکی قووڵەوە سەیری ڕووداوەکان بکەن. گۆڕانکارییە خێراکانی هاوسەنگیی هێز و دروستبوونی هاوپەیمانێتیی نوێ و سەرهەڵدانی ململانێ ئابوورییەکان، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر چارەنووسی گەلان دادەنێن. لەم نێوەندەدا، ئەو قەوارانەی کە خاوەنی ناوخۆیەکی ڕێکخراو و یەکگرتوو نین، دەبنە قوربانیی یەکەمی ئەم گرژییانە. مێژوو پێمان دەڵێت کە گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە، زۆرجار لەسەر زیانی ئەو لایەنانە بووە کە نەیانتوانیوە لە کاتە هەستیارەکاندا یەکدەنگ بن. کەواتە، تێگەیشتنی ورد بۆ هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و ئامادەکاریی بەردەوام لەڕێگەی ڕێکخستنی ناوماڵی نیشتمانییەوە، تاکە ڕێگایە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر داهاتووی نەوەکانمان.  
                                                         ڕێڕەوی ڕوون بۆ هاوسەنگیی سیاسی
بۆ گەیشتن بە دەوڵەتدارییەکی سەرکەوتوو، پێویستە ڕێڕەوێکی ڕوون بۆ چەسپاندنی هاوسەنگیی سیاسی پەیڕەو بکرێت کە بنەماکەی لەسەر دیالۆگی نیشتمانیی بەردەوام بێت. ئەم جۆرە گفتوگۆیە دەبێت هەموو ڕەهەندە فکری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەخۆ بگرێت تاوەکو هیچ تەوژم و لایەنێک هەست بە پەراوێزخستن نەکات. پێویستە شێوازێکی گونجاو دابڕێژرێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و لێکتێگەیشتنەوە. هاوكات، دەبێت پەروەردەی نیشتمانی لە ناوەندەکانی خوێندندا پەرەی پێبدرێت تاوەکو چەمکی دڵسۆزی بۆ خاک و گەل لە دەروونی تاکەکاندا بچەسپێت. کاتێک دامەزراوە ڕۆشنبیری و میدیاییەکان کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتی دەکەن، زەمینەیەکی گونجاو دەڕەخسێت بۆ دروستبوونی هاووڵاتییەکی بەرپرسیار کە بەرژەوەندیی گشتی دەخاتە سەروو هەموو شتێکەوە. ئەم نەخشەڕێگەیەش دەبێتە هۆی دروستبوونی قەڵغانێکی پتەو لە دژی هەر هەوڵێکی دابەشکاری. 
                                                              نەخشەڕێگای گەیشتن بە کەناری ئارامی
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین کە پرۆسەی دەوڵەتداری و پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی، دوو چەمکی لێک دانەبڕاون و مەرجی سەرەکین بۆ مانەوە و سەرکەوتنی هەر گەلێک لەم ناوچە پڕ لە گۆڕانکارییەدا. ناکرێت باس لە حوکمرانیی ڕەشید و پێشکەوتوو بکرێت لە کاتێکدا کە ناوخۆی وڵات بەدەست دابەشبوون و ململانێی بێهوودەوە بناڵێنێت، وەک چۆن یەکگرتوویی ڕاستەقینەش بەبێ بوونی دامەزراوەی دیموکراتی و دادپەروەر نایەتە دێ. قۆناغی ئێستاش وا دەخوازێت کە هەموو هێز و لایەنەکان بە دیدگایەکی واقیعی و هۆشیارانە پێداچوونەوە بە بەرنامەی کارەکانیاندا بکەن و پاراستنی خاک و ناسنامە بکەنە خاڵی کۆکەرەوەی گوتاریان.  به‌ جۆرێك، تەنیا لە ڕێگەی هاوکاریی ڕاستەقینە و چەسپاندنی سەروەریی یاسا و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوورییەوە دەتوانرێت قەوارەیەکی سەقامگیر و پارێزراو پێکبهێنرێت. ئەمەش ئەو ڕێڕەوە ڕاستەیە کە گەلەکەمان بەرەو کەناری ئارامی و گەشەسەندنی بەردەوام دەبات و پێگەی شایستەی خۆی لە نەخشەی سیاسیی جیهاندا دەستەبەر دەکات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا