جەلال هۆرێنی

قەیرانی بەردەوامی پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی دۆخەکەی گەیاندووەتە بنبەست، تەنها کێشەیەکی تەکنیکی یان یاسایی نییە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان؛ بەڵکو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵتری هۆشیاری، نەبوونی باوەڕی هەمەلایەنە بەیەکتر و بەتاڵبوونەوەی چەمکی "بەرژەوەندی نیشتمانی"یە لە ناوەڕۆکەکەی. تێپەڕینی کات و درێژەکێشانی ئەم دۆخە، نامۆیی نێوان دوو جەمسەری سەرەکی دەسەڵات (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)ی گەیاندووەتە لوتکە، بە جۆرێک کە هێڵە گشتییەکانی کۆکەرەوەی نێوانیان بەرەو نەمان دەچێت.

ئەو نامۆییە سیاسییەی ئەمڕۆ لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دەبینرێت، تەنها دوورکەوتنەوەی دوو هێز نییە لەسەر مێزی گفتوگۆ، بەڵکو دابەشبوونی ڕاستەقینەی زۆنەکان و لێکترازانی دامەزراوە نیشتمانییەکانە. هەر لایەنێک بە دیدگایەکی جیاواز و زۆرجار دژبەیەک سەیری چەمکی حوکمڕانی دەکات.
بنەمای ئەم نامۆبوونە دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕنەبوون بەیەکتر. لە کاتێکدا پێویست بوو ئەزموونی سێ دەیەی ڕابردوو لایەنەکان بگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە هیچ لایەک ناتوانێت ئەوی تر بسڕێتەوە، بەڵام هێشتا لۆژیکی "براوە و دۆڕاو" یان "باڵادەستیی ڕەها" زاڵە. ئەم نەبوونی متمانەیەش وایکردووە کە تەنانەت ڕێککەوتنە نوسراوەکانی ڕابردووش نەبنە گەرەنتی بۆ پێکەوەکارکردن، و هەر لایەنێک بە گومانەوە سەیری هەنگاوەکانی لایەنەکەی تر بکات.

یەکێک لە نیشانە هەرە مەترسیدارەکانی ئەم قەیرانە، گۆڕانی "ناوەندگیری نێودەوڵەتی و ناوچەیی"یە لە هۆکارێکی یارمەتیدەرەوە بۆ هۆکارێکی بڕیاردەر. کاتێک ماڵی کوردی لە ناوخۆدا هێندە لێکترازاو بێت کە نەتوانێت بەبێ دەستێوەردانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵیۆزی وڵاتانی ڕۆژئاوا، یان پەیامی پایتەختە هەرێمییەکان کۆببێتەوە، ئەمە گەورەترین پاشەکشەی سەروەریی سیاسییە.
ئەم ناوەندگیرییانە، ئەگەر لە ڕووکەشدا بۆ چارەسەری قەیرانەکە بن، لە قووڵاییدا هەرێمی کوردستان دەکەنە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی هێزە دەرەکییەکان. وڵاتانی دەرەوە پێش هەر شتێک بەدوای بەرژەوەندیی جیۆپۆلەتیکی خۆیاندا دەگەڕێن، و درێژەکێشانی قەیرانەکە دەرفەتی زیاتریان پێدەدات بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر بڕیاری سیاسیی کوردییەوە.

دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم دۆخە ناوخۆییە شێواوە، تەنها ئیفلیجبوونی دامەزراوەکانی هەرێم نییە، بەڵکو دروستبوونی دوورەپەرێزییەکی کوشندەی کوردە لە ناوخۆ و لە بەغدا.
لە ناوخۆدا: هاووڵاتی کوردی تووشی نامۆبوونێکی گەورە بووە لە دەسەڵات؛ متمانەی بە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن و گۆڕانکاری نەماوە، چونکە دەبینێت بڕیارەکان لە جیاتی حەمسی سندوقەکان، لەناو تەمومژی ململانێی حزبی و ئەجێندای دەرەکیدا دەدرێن.
لە بەغدا: پێگەی کورد لە هێزێکی کاراوە کە لە ساڵانی دوای ۲۰۰۳دا نەخشەی سیاسیی عێراقی دەکێشا، پاشەکشەی کردووە بۆ پێگەی بەرگریکارێکی لاواز. نەبوونی هەڵوێستێکی یەکگرتووی کوردی وایکردووە کە لایەنە عێراقییەکان یاری بە کارتی ناکۆکییەکانی هەولێر و سلێمانی بکەن. کاتێک کورد بە دوو کارنامەی جیاواز و دژبەیەک دەچێتە بەغدا، سروشتییە کە شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم ببنە بارمتەی ململانێی هێزە عێراقییەکان.

کۆتاییهێنان بە قەیرانی پێکنەهێنانی حکومەت بە تەنها دابەشکردنی پۆستەکان چارەسەر نابێت، ئەگەر عەقڵییەتی حوکمڕانی نەگۆڕێت. پێویستیی مێژوویی ئەم قۆناغە ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی، و تەواوی هێزە سیاسییەکان، بگەنە ئەو بڕوایەی کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوەی کەرامەت بۆ هاووڵاتیان، تەنها لە ڕێگەی پێکهێنانی بەرەیەکی نیشتمانیی یەکگرتووەوە دەبێت.
باوەڕبوون بەیەکتر و قبوڵکردنی فرەیی هێز، مەرجی سەرەکین بۆ ئەوەی کورد لەو دوورەپەرێزییە ڕزگاری بێت و جارێکی تر وەک ئەکتەرێکی بەهێز لە هاوکێشەی ناوچەکە و بەغدادا دەربکەوێتەوە. بە پێچەوانەوە، بەردەوامیی ئەم دۆخە، مێژوویەکی تاڵتر لەوەی ڕابردوو بۆ نەوەکانی داهاتوو تۆمار دەکات

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا