
بەها value گرنگترین و هەستیارترین مانایە لە یادەوەریی مرۆڤ، بەها یان بوون و جێگیربوونی بەها، مرۆڤ جیا ئەکاتەوە لە جیهان و ژیانی ئاژەڵ، تێکڕای فەلسەفەو ئاینەکان و هەوڵەکانی کۆمەڵناسی و دواتریش حزب و ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگای مەدەنی بە هەموو ئایدۆلۆژیەتی جوراوجۆرە هاتونەتە مەیدان ئیش لەسەر بەهایەکی دیاریکراو بکەن، بەها چەند جۆرێکە، بەهای پۆزەتیڤ و بەهای نەگێتڤ، ژیانی کۆمەڵگا بەڕابوردوو ئێستاو ئایندەوە لەسەر بەها ڕاوەستاوە، بۆ نموونە بەهاکانی کۆمەڵگای سوسیالیستی جیاوازە لە بەهاکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری، چی سیستەمی سەرمایەدارییە مرۆڤ لەسەر خۆشەویستی مولکییەت و پارەو پوڵ و ژیانی مادی و تەنگ نەزەری و خودخواهی و چڵیسی ئیش دەکا، لە کۆمەڵگای سەرمایەداری دا بایەخ بە تاک بەرهەمهێن دەدرێ، بەهای تاکگەرایی لە جیهانی سەرمایەداری دا زاڵە، ئابوری بزوێنەری میژووی کۆمەڵگاو مرۆڤە، ئەوانەی لە پەراوێزی کۆمەڵگای سەرمایەداری دا دەژێن وەک نەخۆش و دەرمان خۆر و خەڵکی سەقەت لە ژیانی کولەمەرگی دا دەژێن، لەسیستەمی سەرمایەداری دا پانتایی مافی مرۆڤ بەندە بەلایەنی کەمی زندگی، ئەگەر باسی مافی ئافرەت بکەین لەم جۆرە کۆمەڵگایانە ئەوە قوربانی چاوچنۆکی سەرمایەداری و سیستەمی باوک سالارییە، ئافرەت کارگەیەکە بۆ بەرهەمهینانی زارۆک، مووچەیان بەهیچ شێوەیەک ناگاتە ئاستی مووچەی پیاو، شوێنە هەستیارەکانی ئیداری بەدەست پیاوانەوەیە، بەمشێوەیە بەهانی کۆمەڵگای سەرمایەداری لەگەڵ خواستی کۆمەڵگا نایەتەوە چونکە لە بنەرەتدا بەهای سەقەت و نەگێتڤە، ڕەنگە لێرەدا هەندێ کەس ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆیان بکەن زۆربەی ڕژێمی دەوڵەتان سەرمایەدارین کە چی کۆمەڵگاکەیان لە خۆشگوزەرانی و رەفاهیەت دەژێن، مەوداو پانتایی مافی مرۆڤ بەرینە، ئافرەت و پیاو یەکسانن، لەڕاستی دا ئەمە دیوە رووکەشەکەی ئەو کۆمەڵگایانەیە گەرچی سەرمایەداری ئەمرۆ زیرەکە سود و کەڵک لە دەستکەوتەکانی کۆمەڵگای سوسیالیستی پێش خۆی وەرگرتووە بۆ درێژەدان بەتەمەنی، هەموو ڕژیمی بە پێ یاسای گەردوون خۆی تازە ئەکاتەوە، ئەگەر خۆی تازە نەکاتەوە دەکەوێتەوە بەر نەفرەتی خەڵکی زەحمەتکێش و جەماوەر
وەک خۆپێشاندانی یەلەک زەردەکانی لە فەرنسا و نازەرزایی ومانگرتنی خاوەن پیشەکان و فەرمانبەران لیرەو لەوێ ! هەر بۆیە ئێمە خوازیاری جێگیرکردنی بەهای سوسیالیستی و کۆمۆنیستیین لەبەر ئەوەی لەگەڵ خواستی ئینسان دێتەوە، ئەی بۆ چی ڕژێمە توتالیتارەکانی سوسیالیستی جاران رووخان، ئەمە بابەتێکە زۆر لێکدانەوەو لێکۆڵینەوە هەڵدەگرێ لەوانە نەبوونی فرەحزبی و دیمۆکراسیەت وئازادی و مافی ڕادەڕبڕینی جیاواز، بایەخ نەدان بە خەونی تاک، ئەمرۆ لە ساتەوەختی ئێستا دا بیرکردنەوەی کۆمۆنیستەکان و سوسیالیستەکان گۆڕانی بەسەر هاتووە، کۆمۆنیستەکانی ئەمرۆ وەکو کۆمۆنیستەکانی دوێنی بیرناکەنەوە بڕوانە ئەزموونی چین سودیان لە ئالیەت و میکانیزمی بازاڕی ئازاد وەرگرت، رێگایان دا وەبەرهێنان بکرێ، ئەمرۆ چین سیاسەتی نەرم پەیڕەو دەکا، گەورەترین زلهێزی ئابوری و سیاسی یە لە جێهان، ئەوە بەهاو پرینسیپەکانی کۆمەڵگای سوسیالیستی یە ، چین یان بەو گەورەیی و مەزنی یە هێشتۆتەوە لەسەردەمی کرونا بە کاتێکی دیاریکراو بە پازدە رۆژە گەورەترین نەخۆشخانەیان دروست کرد، ئەمەو دەیان دەستکەوتی دیکە وەک فرەبوونی بەرهەمی جیاوازو پێشکەوتوو لە دونیای دیجیتاڵ و ئەلیکترونیات، وایلێهاتووە ئەمرۆ جیهان بە بێ بەرهەمی چینی ساتەوەختێک بەڕێوە ناچی !
بیخۆفسکی لە پەرتووکی ( تاک و کۆمەڵگا ) دەڵێ ئایدۆلۆژیەت کۆنترۆڵی سەرەکی رەفتاری کۆمەڵایەتی یە، رەفتاری کۆمەڵایەتیش بەرجەستەی بەهاکانە، بەهاکانیش دەبێ زیادەڕۆییان تیا ناکرێ سوقرات دەڵێ ( الفچیلە تقع مابین رژیلتین ) چاکە لەنێوان دوو جەمسەری خراپە دایە، لێرەدا ئەگەر باسی ڕاستگۆیی بکەین ئەوە جەمسەرێکی درۆیە، جەمسەرەکەی دی وەقاحەیە، ڕاستگۆیی بێ سنوور خۆی لە خۆی دا وەقاحەیە ! ئەمرۆ لە سایەی دیاردەی گەندەڵی لە ناوخۆی وڵات و کوردستان بە شێوەیەکی قیزەوەن بەر بڵاوە، جێگیرکردنی بەهای دەستپاکی فەرمانێکی حاشاهەڵنەگرە، ئەمرۆ ئێمە لە نێو کۆمەڵگا و حزب و رێکخراوەکان و دام و دەزگای دەوڵەت پێویستمان بە کەسانی دەستپاک و ڕاستگۆیە، لەدەورەی دوای بریمەرەوە دوو وەزیری شیوعی بوون، هاوڕێیان موفید جەزائیری و ڕائد فەهمی سکرتیری ئێستای حزبی شیوعی ئیراق، دوست و دوژمن باسی دەستپاکی و خزمەت وڕاستگۆیەتیان دەکا، ئەگەر بەهاو پەروەردەی حزبی شیوعی نەبێ ئەمان چۆن پەریز پاک دەرئەچن، دستپاکی وڕاستگۆیی ئەمان ڕێکەوت نییە بەڵکو هەقیقەتێکی مەوزوعی یە، هەر بۆیە ئێمە جەخت لەسەر بەهای کۆمۆنیستی و سوسیالیستی دەکەین کە بەهاگەلێکی ئەستاندارن، بەهای روون و ئاشکرایی و بێ گرێی یە، بەهایەکە لەگەڵ فریکوینسی گەردوون یەکانگیرە، بەهایەکە خوداکان و ئاینەکان دانیان پیا ناوە، لەم بابەتە باسی توندڕەوی بەهاکانم کرد، پارتە ئیسلامیەکانی رۆژهەڵات بە گشتی لەسەر جێگیرکردنی بەهای توندڕەو ئیش ئەکەن وەک ئەوەی خۆیان بە جێگرو خەلیفەی خودا دەزانن هەر بۆیە لەسەر بچووکترین رەفتاری ئینسان قسەو ئەحکامیان هەیە بۆ نموونە شەرع پێش هەزارو چوارد ساڵ چۆن بووە، ئەوان دەیانەوێ ئەو بەهایانە ئێستا پەیڕەوی لێ بکەن تەنانەت روجیەی غارودیی فەرەنسی کە ئیسلامبوونی خۆی ڕاگەیاند بەڵام بە ئاشکرا ڕەخنەی لە چەمکەکانی ئیسلام و قورئان گرت کە بۆ هەموو زەمان و شوێنی ناگونجێن، لەڕاستی بەهاکانی کۆمەڵگای مۆدرین دەبێ لەگەڵ روحی سەردەم بگونجێن، دەبێ ئازادی ئینسانەکان خەفە نەکا بۆ نموونە بەهای دادپەروەری و عەدل لە داهات لە ماف و ئازادی ژن، دەبێ هەموو لایەک لەسەری کۆک بێت بە عەلمانی و ئیسلامی یەوە، بۆ نموونە مافی مرۆڤ دەبێ هەموو لایەنێک لە ئەوپەڕی چەپەوە تا ئەمپەری ڕاست لەسەری هاوڕا بن، بەدرێژایی مێژوو ململانی لە نێوان لایەن و دەسەڵاتداران بوونی هەیە لەسەر جێگیر کردن و چەسپاندنی بەهاکان، هەندێ بەها هەن خزمەت بە تێکڕای توێژو چینەکان دەکات، خزمەت بە ئازادی تاک دەکا، خزمەت بە مافی مرۆڤ دەکا دەبێ هەمووان لەسەری کۆک بن، ئازادی تاک خۆی لە خۆی دا بەهایە،مافی مروڤ بەهایە، داپەروەریی کۆمەڵایەتی بەهایە، دەستپاکی بەهایە، ڕاستگۆیی بەهایە، مافی ژن بەهایە دەبێ پەیمانی کۆمەڵایەتیمان هەبێ وەک ئەوەی جان جاک رۆسۆ بەدرێژیی باسی دەکا قوناغی یاساو بەهاکان کۆتایی هینانە بەژیانی غەریزەیی ئاژەڵێ، هەر بۆیە پیویستمان بە کۆمەڵگایەکی خاوەن بەهای پێشکەوتووە گەرچێ لە رۆژگاری ئەمرۆدا پێویستمان بە دەستپاکی یە لە بەڕیوبردنی وڵات، پێویستمان بە دەستپاکی لە نێو دام و دەزگاکان، دەبێ دەستبەجێ ئەم بەهایانە جێگیر بکرێ ! ڕاگەیاندنیش روڵێکی بەرچاو دەبینی لە جێگیر کردن و چەسپاندن بەهاکان، خۆشبەختانە کۆمەڵگای کوردستانی پڕە لە بەهای جوان و سەنگین دەبێ زیندوو بکرێنەوە و بەردەوام ئیشیان لەسەر بکرێ !
هاوڕێ نەهرۆ / ئۆسلۆ
١٠ / ٩ / ٢٠٢٦
