لە فارسییەوە بۆ کوردی: محەمەد چاوشین

  پیادەڕەویيەکی ڕۆژانە و بەشێوەیەکی ڕێکوپێک سوودی تەندرووستی زیاتری ھەیە بەراورد بە وەرزشی قورس یان ئەو وەرزشانەی کە وزە و تینێکی زۆریان دەوێت.

 ئەم ڕاھێنانە سووک و ئاسانە، نەک ھەر یارمەتیت دەدات ھەستێکی باشت ھەبێت، بەڵکوو وادەکات  ھەمیشە دڵخۆش دەربکەویت.

لەپێناوی دەستەبەرکردنی تەندرووستییەکی جێگیردا،  مەرج نییە وەرزشێکی قورس ھەڵبژێریت، تەنھا پیاسەیەکی سادە و کەمێک خێرا کە ھەموو ڕۆژێک ئەنجام بدرێت،  دەبێتە ھۆی سەلامەتی جەستەیی و دەروونی.

 لەم بابەتەدا  زانیاریی ورد لەسەر گرنگترین سوودەکانی پیادەڕوی دەخەینەڕوو کە زانستی پزیشکی ھەموو ئەو خاڵانەی خوارەوەی پشت ڕاست کردۆتەوە.

ھەڵبەت ئەو خاڵانەی خوارەوە کۆی سوودەکانی پیادەڕەوی نییە، بەڵکوو ئەوە گرنگترین دەستەکەوتە تەندرووستییەکانی پیادەڕەوین نەک ھەمووی.

تەنھا ٣٠ خولەک پیادەڕەوی بەشێوەیەکی ڕۆژانە و ڕێکوپێک، دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو سەلامەتی دڵ و خوێنبەرەکان  باشتر بکات.

 پیادەڕەوی ئێسکەکان بەھێز دەکات، چەوری زیادەی لەش کەمدەکاتەوە، ھێز و بەرگەگرتنی ماسولکەکانی لەش بەھێز دەکات. ھەروەھا دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە و پووکانەوەی ئێسک و ھەندێک لە جۆرەکانی  شێرپەنجە کەم بکاتەوە.

 ئەگەر ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٦٠ خولەک بە پێ بڕۆیت، ئازاری ھەوکردنی جومگەکانت بە شێوەیەکی سرووشتی کەم دەبێتەوە. ڕۆیشتن بە پێ ھەوکردن و ڕەقبوونی جومگەکان کەمدەکاتەوە.

 یەکێک لە سوودە دیارەکانی ڕۆشتنی ڕۆژانە و پیادەڕەوی ئەوەیە کە دەتوانیت وردە وردە کێشی زیادە دابەزێنیت.

 پیادەڕەوی بەشێوەی  ڕۆژانە، دەتوانێت بە شێوەیەکی سرووشتیی پەستانی خوێن دابەزێنێت.

 پیادەڕەوی لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەمدا زۆر کاریگەرە.

 پیادەڕەوی چەوریی خوێن کەمدەکاتەوە.

 لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، ڕۆیشتنی ڕۆژانە و پیادەڕەوی ، تەمەنی مرۆڤەکان زیاد دەکات و وادەکات ھەمیشە ھەست بە باشی بکەیت.

 پیادەڕەوی چەندین سوودی ھەیە کە بە دڵنیاییەوە ژیانت  خۆشتر و باشتر دەکات. دەتوانیت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژتر بەبێ ھاوکاری خەڵکانی تر بجوڵێیت.

 وەرزشکردن و پیادەڕەوی ھێزی بیرەوەری و توانای بیرکردنەوە لە مێشکدا باشتر دەکات.

 پیادەڕەوی دەبێتە ھۆی بەھێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش. ئەمەش وادەکات لەبەردەم  نەخۆشییەکاندا پارێزراوبیت.

 کاتێک ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی ٣٠ یان ٤٠ خولەک چالاک دەبیت، جەستەت مادەی ئەندۆرفین (ماددەیەکی کیمیایی) دەردەدات کە یارمەتی باشترکردنی باری دەروونیت دەدات. ئەندۆرفینەکان لەگەڵ گواستەرە دەمارییەکانی تر، سیگناڵ دەنێرن بۆ مێشکت ئەمەش ھەستێکی باش و خۆشت پێدەبەخشێت.

 پیادەڕەوی  کرداری ھەرس و جووڵەی ڕیخۆڵەکان خێراتر دەکات و بەمەش دەبێتە ھۆی دەرھێنانی پاشماوەکان بە بەردەوامی لە جەستەدا.

ئەوانەی جووڵەیان کەمە، بەزۆری کۆئەندامی ھەرسیان زۆر خاو دەبێتەوە. کاتێک ڕیخۆڵەکانت خاو دەبنەوە، پاشماوەکان ڕەق دەبنەوە و تێپەڕین بە ڕیخۆڵەکاندا قورستر دەبن، ئەمەش دەبێتە ھۆی قەبزی. دەتوانیت ھەر ئێستا دەست پێبکەیت و خۆت لە نەخۆشی قەبزی بپارێزیت.

سەنتەری پزیشکی زانکۆی دوک(Duke) بۆی دەرکەوتووە، پیادەڕەوی و  ڕۆیشتنێکی خێرا بۆ ماوەی ٣٠ خوولەک بەشێوەی ڕۆژانە،  سێ جار بەقەدەر دەرمانی دژە خەمۆکی کاریگەرترە لە نەھێشتنی نیشانەکانی خەمۆکی توند لە تەمەنە جیاوازەکاندا. 

پیادەڕەوی دەبێتە ھۆی ئەوەی زیاتر بەر تیشکی خۆر بکەوێت و زیاتریش (ڤیتامین دی) بەدەست بھێنیت.

 سەلمێنراوە کە پیادەڕەوی و وەرزشکردن  ئارەزووی سێکسی پیاوان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، وروژاندنی فیزیۆلۆژی و سێکسی ژنانیش لەگەڵ وەرزشکردندا زۆر زیاتر دەکات.

پیادەڕەوی دەبێتە ھۆی دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی خراپ لە جەستەتدا و کەمکردنەوەی ئەو نەخۆشیانەی کە بەھۆیەوە دروست دەبن.  ھەروەھا پیادەڕۆیی دەتوانێت کۆلیسترۆڵی HDL (کۆلیسترۆڵی باش)یش لە جەستەدا زیاد بکات.

 ژنانی توشبوو بە وەستانی سوڕی مانگانە دەتوانن بە پیادەڕەوی و وەرزشکردنی بەردەوام نیشانەکانی وەستانی سوڕی مانگانە کەم بکەنەوە.

لەتاقیکردنەوەیەکدا کە زیاتر لە ٣ ھەزار کەس تیایدا بەشداربوون، دەرکەوتووە، ئەو کەسە بەتەمەنانەی کە لە تەمەنی ھەرزەکارییەوە بە بەردەوامی وەرزشیان کردووە، ئەگەری مردنیان بە ھەر ھۆکارێکەوە بە ڕێژەی لەسەدا ٣٦ کەمترە بە بەراورد بەوانەی کەمتر جووڵەیان ھەبووە. ھەروەھا  توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی لە تەمەنی چل و پەنجا ساڵیدا وەرزش دەکەن، سوودی درێژخایەنی ھاوشێوەیان بەخۆوە بینیوە و ئەگەری مردنیان بە ڕێژەی لەسەدا ٣٥ کەم کردووەتەوە.

 ئەو کەسانەی بە بەردەوامی بە پێ دەڕۆن، کەمتر تووشی لەدەستدانی بیرەوەری و تێکچوونەکانی تری باری دەروونیی دەبن.

بەگوێرەی ئەکادیمیای پزیشکانی ئەمریکی بۆ نەشتەرگەری ئێسک و شکاوی، پیادەڕەوی یارمەتیت دەدات تێڕوانینێکی ئەرێنیت بۆ ژیان ھەبێت و گەنجتر دەربکەویت.

 پیادەڕەوی جووڵەی خوێن لە مێشکدا زیاد دەکات. ئەمەش ھۆکارە بۆوەی توانای بیرکردنەوە زیاد بکات.

 • پیادەڕەوی دەتوانێت قەبارەی کەمەرت کەم بکاتەوە. کەواتە پیادەڕۆیی بۆ ئەوانە زۆر شیاوە کە ورگیان گەورەیە.

•        سەلمێنراوە کە پیادەڕەوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە.

•        سەلمێنراوە کە پیادەڕەوی کاریگەری ئەرێنی لەسەر ھەڵوێستی دەروونی مرۆڤەکان ھەیە. ھەڵمژینی  ھەوای پاک و نزیکبوونەوە لە ژینگە و سرووشت،  ڕزگارت دەکات لە ڕەشبینی و بیرکردنەوەی نەرێنی.

•        پیادەڕەوی دڵەڕاوکێ لەناو دەبات.

•        پیادەڕەوی و وەرزشکردن، ھێزی بیرەوەری و توانای بیرکردنەوە لە مێشکدا باشتر دەکات.

سەرچاوە: https://bazdeh.org/

ناونیشانی بابەت بەزمانی فارسی: "فواید پیاده روی: ۵۰ فایده پیاده ‌روی که شگفت انگیز هستند".

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە