
هیوا عومەر
لەگەڵ ئەوەی مەترسیی دەرەكی و گۆڕانكارییە خێراكان لە جیۆپۆڵەتیكی سیاسیی ناوچەكە بەر دەرگای لێ گرتووین، بەڵام چەقبەستوویی و قەیرانەكانی كوردستان لەناو ئەو جیهانە گۆڕاوەدا، نەك هەر وەك خۆیەتی، بەڵكوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەستتریش دەبێتەوە. بەردەوامیی چەقبەستوویی سیاسی و قەیرانی گشتگیر لە ناوخۆی هەرێم، مەترسیدارتر دەردەكەوێت لە ئاست مەترسییە دەرەكییەكاندا.
قەیرانەكە بەهۆی ئەوەی چووەتە ئاستی قەیرانێكی گشتگیر، تەنها لە پەكخستنی پەرلەمان، پێكنەهێنانی كابینەی تازە و ئیفلیجكردنی دامەزراوەكاندا نەماوەتەوە؛ بەڵكوو ڕاستەوخۆ بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بێكاری، هەژاری، خراپتربوونی ژینگەی كار و جۆرێك لە كۆیلایەتیی تازە لەناو دۆخی كرێكاران و كارمەنداندا. ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر بڵاوبوونەوەی نائومێدی، خەمۆكی و هەڵكشانی داتاكانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەناو گەنجان.
بەردەوامی دواكەوتن و دابەشنەكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی كەرتی گشتی، دیمەنێكی تری لێكەوتەكانی قەیرانی بەڕێوەبردن لە هەرێمی كوردستان نیشان دەدات. سەرەنجام زۆرینەی زۆری هاووڵاتییان ڕووبەڕووی فشارێكی گەورەی قەیرانی دارایی و دەروونیش دەبنەوە.
غیابی چەمكی هاووڵاتیی كارای كوردستانی و تێكدانی هەموو مەرج و بنەماكانی بەشدارییەكی سیاسیی مانادار، دۆخێكی "پاسیڤبوون - كارانەبوون" و نامۆیی لە فەزای گشتیدا دروست كردووە. ئەمەش بەشێكە لە قەیرانی نەبوونی بەشداریی سیاسیی كارای كوردستانی و چڕكردنەوە و كورتكردنەوەی دەسەڵات و بەشداریی سیاسی لەناو كەمینەیەكی دیاریكراوی بنەماڵە سیاسییەكاندا.
مانەوەی مەلەف و دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، كە بەشێكی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە غیابی كار و گوتارێكی سیاسیی كوردستانییەوە هەیە، جیا ناكرێتەوە لەو قەیرانە گشتگیرییەی دەمێكە هەرێمی كوردستانی ڕووبەڕووی "وشكەساڵیی سیاسی"ی كوشندە كردووەتەوە.
شوناسی ئەو قەیرانە گشتگیرە دەرئەنجامە و مانای لە قەیرانی قووڵ و فراوانی هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكە وەرگرتووە. ئەمەش وای كرد سەرەڕای ئەوەی مەترسییەكان بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان جۆرێك لە ڕای گشتیی كوردستانی لە ئاستێكی فراوانی جەماوەری هێنایە كایەوە، بەڵام بەهۆی جیاوازیی بەرژەوەندیی "سیاسی - ئابووری"ی هەردوو هێزە دەسەڵاتدارەكە، هیچ ڕەنگدانەوەیەكی نەبوو بۆ چارەسەركردنی قەیرانە ناوخۆییەكان و سەرڕێخستنی گوتارێكی كوردستانیش لە بەرامبەر حكوومەتی فیدراڵی لە بەغدا.
پرسیارێك ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، كاتی ئەوە نەهاتووە هێزە كۆمەڵایەتییەكان و هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵاتیش چیتر ڕۆڵی بینەر نەگێڕن، بەڵكوو لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی سەرتاسەریدا خاوەندارێتی لە چارەسەركردنی قەیرانە ناوخۆییەكان و سەرڕێخستنی گوتارێكی كوردستانی لە هەمبەر بەغداش بكەن.