
هیوا عومەر
١ـ چارەنووسی پلە بەرزکردنەوە:
هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ دەستپێنەکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی سەدان هەزار فەرمانبەر و مامۆستا کە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە لە ٢٠١٦ـەوە بە نایاسایی ڕاگیراوە بە بیانووی قەیرانی داراییەوە. ئێستا مووچە لە بەغداوە دێت، تۆ چ زیانێک دەکەیت لە دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران؟
ئەی چۆن و بە چ پێوەرێک پلەبەرزکردنەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە و هێزەکانی ناوەخۆ و سەربازی دەستپێدەکەیتەوە؟ ئایا هەمان پاساو ئەوانیش ناگرێتەوە لەوەی گوایە قەیرانی داراییمان هەیە، یان پێتانوایە زۆرترین دۆست و گوێڕایەڵەکانی حزب - یان باشترە بڵێین ئەو شوێنانەی زیاتر بە حزبی کراون - لە هەموو حاڵەتێکدا ئەوان حەقی خۆیانە، بەڵام مەبەستی ئێوە شتێکی ترە، ئەویش فوتێکردنی قەبارەی حزبە لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنانی دام و دەزگاکانی حکومەت.
۲ـ داهاتووی فەرمانبەرانی گرێبەست:
ئەی چ زیانێک دەکەیت لەوەی ٢٧ هەزار فەرمانبەری گرێبەست ناکەیت بە هەمیشەیی و بە مووچەیەکی کەم، کە کەس نازانێت کەی دابەش دەکرێت و زیاتر لە ١٠ ساڵە لە دۆخی نادڵنیایی و چاوەڕوانیدا دەیانهێڵیتەوە؟
لەم ساڵانەی دواییدا، لە بری دابینکردنی کاری هەمیشەیی، کاری گرێبەست جێگای گرتۆتەوە کە هیچ دڵنیاییەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی تێدا نییە. لە بری دابینکردنی هەلی کاری یەکسان و هەمیشەیی، وەک ناوەندێک بەکار دەهێنرێت بۆ دەستدرێژییەکانی حزب و بەکارهێنانی بۆ مەرامی سیاسی. لەوەش خراپتر، ئێستا دۆخێک دروستکراوە خەڵک سوپاسگوزار بێت ئەگەر کارێکی دەست بکەوێت، نەک هەر هەمیشەیی و گرێبەستیش نەبێت، بەڵکو بە پارچە و بە کاتژمێر و بەشە وانە و بەشە کاریش بێت!
ئەوە لە کاتێکدایە لێرە و لەولاش هەر ڕۆژەی کەناڵێکی گەورەی ڕاگەیاندن لەسەر حیسابی داهاتی گشتی و بۆ چەواشەکردنی خەڵک دەکرێتەوە.
۳ـ مووچەی هەزاران خاوەن پێداویستیی تایبەت چی بەسەر دێت؟:
تاکەی مووچەی هەزاران خاوەن پێداویستی تایبەت ڕادەگریت و بەبێ هیچ بیانووێکی باوەڕپێکراو؟! دەکرێت ژیان و داهاتووی هەزاران کەس بەم جۆرە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت لە کاتێکدا خاوەن پێداویستی تایبەتن و ناتوانن کار بکەن یان هەموو کارێک بکەن!
یان هەموو ئەوانە و زۆری تریشتان هێشتووەتەوە بۆ ڕۆژانی پێش دەنگدان بۆ ئەوەی وەک چاکەیەکی گشتی پێمان بفرۆشنەوە؟ بۆ ئەوەی حکومەت و دام و دەزگاکانی بەکاربهێنن وەک ئامرازێکی ڕێکلامی هەڵبژاردن! بۆ ئەوەی لەم دۆخەدا سەرۆک، لە بری بەرپرسیاربوون و چوونە ژێر باری لێپرسینەوە، لە ڕێگای دەزگا ڕاگەیاندنەکانیانەوە وەک فریادڕەس نمایش بکرێت.
کورد جوانی وتووە: "تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت."
لەگەڵ ئەوەشدا نابێت بیرمان بچێت ئەوەشی گوتووە: "هەموو شتێک لە باریکيدا دەپچڕێت تەنها زوڵم نەبێت، لە ئەستووریدا دەپچڕێت."