
لە سایەی شۆڕشی تەکنەلۆجیا و هێرشی بێبەزەییانەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بۆ سەر خێزان خەریکە چەمکی
ماڵ و هاوسەرگیری لە مانای ڕەسەنی خۆی کە ئارامی و حەوانەوەیە دادەماڵرێت ژیانی زۆربەی ژنانی ئەم سەدەیەی ئێمە، لە جیاتی ئەوەی لەسەر بنەمای خۆشەویستی، تێگەیشتن و هاوسەنگی بونیاد بنرێت بەداخەوە بووەتە گۆڕەپانی کێبڕکێ ڕیکلام چاولێکەری و خۆعەرزکردنی خۆیان و کەلوپەلی ماڵەکانیان ژیانێک کە تێیدا دڵخۆشیی ڕاستەقینە پێوانە دەکرێت بەو وێنانەی لە پشتی شاشەکانەوە بڵاودەکرێنەوە نەک بەو ئاشتییەی کە لە نێوان چوار دیوارەکەدا هەیە
ئەمڕۆ پەیامی من بۆ تۆی خوشکی بەڕێزم ئەوەیە تۆ دەبێت بەقەد بەڕەی خۆت پێ ڕاکێشیت چاولێکەری لە خزم جیران خوشک برا و خوشکەمێرد هیچ ئەنجامێکی نییە جگە لە شێواندنی دەروونی خۆت و تێکدانی شیرازەی ماڵەکەت پیاوێک کاتێک کچێک هەڵدەبژێرێت بۆ ژیانی هاوبەش بۆ قەنەفە تاقمە مۆبێلیا و ئەشیای زەرق و بەرق نایەوێت ئەو هاوسەرێکی دەوێت ببێتە مایەی حەوانەوەی ڕۆحی پیاوی تێگەیشتوو ژنێکی دەوێت کە فکری لەسەر خۆپێگەیاندن هۆشیاری زانست و خزمەتکردن بە مێژووی کۆنی باب و باپیرانمان بێت نەک غەرقبوونی ڕۆژانە لە مۆدێلات و کڕینی کەلوپەلی بێسوود
جێگەی داخە کاتێک دەبینین هاوسەنگی لە نێوان پێگەی هاوسەرەکاندا نامێنێت
ژنێک دەبینیت مێردەکەی مامۆستایە و خەریکی پێگەیاندنی نەوەی نوێیە کەچی ژنەکەی وەک ژنێکی بێئاگای کۆڵان و بازاڕ ڕەفتار دەکات و کاتی خۆی بە شتی پووچەوە دەکوژێت لە کاتێکدا ئەو دەبێت هاوسەنگ و هاوشانی بیرکردنەوەی مێردەکەی بێت
ژنێک مێردەکەی پێشمەرگەیە و ژیانی خۆی خستووەتە سەر دەستی بۆ پاراستنی ئەم خاکە کەچی ژنەکەی وەک مرۆڤێکی بێباک و بێکەڵک، تەنیا سەرقاڵی قسە و قسەلۆک و چاودێریکردنی ژیانی خەڵکی ترە
ژنێک هاوسەرەکەی سیاسەتمەدارە و بڕیاری چارەنووسساز دەدات بەڵام ژنەکەی هەموو خەون و فکری لە دەوری ئۆتۆمبێلی دوا مۆدێل زێڕ، خشڵ و جلی گرانبەهادا دەسووڕێتەوە
ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە و ناڕازیبوون بەوەی کە هەیە زۆر لە خێزانەکانی گەیاندووەتە لێواری تەڵاق جیابوونەوە و ماڵشێواوی ئەو ژنانەی قەناعەت ناکەن و هەمیشە چاویان لە دەستی ئەوانی ترە فشارێکی مادی و دەروونی هێندە قورس دەخەنە سەر شانی هاوسەرەکانیان کە پیاوەکە تووشی ماندووبوونی ڕۆحی و جەستەیی دەبێت کاتێک ماڵێک لە جیاتی حەوانەوە دەبێتە شوێنی بۆڵەبۆڵ داواکاری بێبڕانەوە و فشاری قەرز پیاو لە ماڵەکەی بێزار دەبێت حەز ناکات ڕوو لە ماڵی خۆی بکات و لە کۆتاییدا بۆ دۆزینەوەی ئەو ئارامییە شێواوە پەنا بۆ ژیانی دووەم و شوێنی تر دەبات تۆ وەک ژنێک کاتێک ئەو ئارامییە ت تێدا دروست نەکردبێت چۆن چاوەڕوانی وەفاداری دەکەیت؟
خوشکی من وەرە با کەمێک قووڵتر بیر بکەینەوە؛ خشڵ جلی مارکە، ماڵی دووقات و کەلوپەلی گرانبەها ناتوانن یەک چرکە دڵخۆشیی ڕاستەقینە و ڕێزی نێوان تۆ و هاوژینەکەت بکڕن ئەگەر تۆ بتوانیت پێداویستییە دەروونی و عاتیفییەکانی هاوسەرەکەت پڕ بکەیتەوە دڵنیا بە چاوی لە دەرەوەی ماڵەکەی نابێت
لە هەمووشیان گرنگتر ئەرکی دایکایەتی و پەروەردەکردنی منداڵەکانە بۆچی لە جیاتی کاتکوشتن لە سۆشیاڵ میدیا و بازاڕەکان بیر لەوە ناکەیتەوە چۆن منداڵەکەت بە شێوازێکی تەندروست هۆشیار و نیشتمانپەروەر پەروەردە بکەیت؟ ئەوانە سەرمایەی داهاتووی ئەم نیشتمانەن. پەروەردەی دروست لە دایکی هۆشیارەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە دایکێک کە تەنیا خەمی نمایشکردنی قاپ و قاچاخ و جلی نوێی بێت
با بگەڕێینەوە بۆ ڕەسەنایەتی خۆمان بۆ قەناعەت بۆ پاڵپشتیکردنی هاوسەرەکانمان لە ناخۆشی و خۆشیدا با ماڵەکانمان بکەینەوە بەو بەهەشتە بچووکەی کە خۆشەویستی و زانست تێیدا گەشە دەکات نەک لقی نمایش و ڕیکلامی سارد و بێگیان پیاوێک کە هاوسەرێکی تێگەیشتوو و قەناعەتکەری هەبێت دەبێتە پیاوێکی سەرکەوتوو، و خێزانێکیش کە لەسەر بنەمای عەقڵ بەڕێوە بچێت قەد تووشی داڕمان نابێت.....
