ڕێكخراوەكانی بواری جینۆساید و تاوانی ئەنفال، ئەمساڵ یەكێك لە باشترین كارەكانی خۆیان ئەنجامدا، كە بریتی بوو لە سەردانی كردنی گرتووخانەی نوگرەسەلمان. ئەو گرتووخانەیەی مێژوویەكی دێرینی هەیە و دەسەڵاتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بۆ ئازادیخوازان و خەڵكی ستەمدیدەی نیشتیمان، كردبوویان بە ماڵی دووەم.

نزیكەی 300 كەس، لە قوربانیانی تاوانی ئەنفال و چالاكوانانی بواری جینۆساید و ئەنفال، لە پەرلەمانتاران و نووسەرانی بواری جینۆساید، لە چەندین ناوچەی جیاجیای هەرێمەوە، سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 15/5 بەرەو سەماوە بەڕێكەوتین. دنیا تاریك بوو هێشتا لە سەماوە بووین. بە بێوچان ڕێگەمان بڕی تا كاتژمێر 8ی شەو گەیشتینە بیابانێك، و شوێنێكیان وەك  گۆڕە بە كۆمەڵەكان پێناساندین و هەمووان بە دیارییەوە دەستیانكردە هاوار و گریان. گەرچی عەسرەكەی من لە ڕێگەی ناسیارێكەوە ڕۆژنامەنووسێكم دۆزییەوە كە ئیشی بۆ دەزگایەكی نێودەوڵەتی دەكرد، دەیگووت ئەو ماڵەی تەیموریان پاراستووە خزمی منن، چەندێن پرسیارم دەكرد لە سەماوە كە ئایا كاتێك كاروانی ئەنفالەكانیان لە ساڵی 1988 بەم شارەدا بردووە ئێوە زانیوتانە ئەوانە كوردن و ئەنفالن؟ زۆربەیان هەمان وەڵامیان دەدایەوە كە: نا كەس ئاگادار نەبوو، بە شەوان قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنرا و كەس بۆی نەبوو بێتە دەرەوە، كەس نەیدەزانی ئەو كاروانانە كێن و چین. دەمپرسی كەس هەیە زانیاری لا بێت؟ زۆربەیان خۆیان دەبوارد و وەڵامیان نەدەدامەوە!

بەردەوام جەخت لەوە دەكرێتەوە گرنگە ئەنفال لە شین و ڕۆڕۆوە بكرێتە هەنگاوی كردارەكی بۆ خزمەتی قوربانیانی تاوانەكە، بەڵام ئەو شەوە ئەوەم بە خەیاڵدا هات كە چەند گرنگە هەموومان بە دڵ بگرین بۆ كەسوكارمان كە زۆر بە ناڕەوا و لە بیابانێك كە تروسكایەك ڕووناكی تێدا نییە و خاك و خۆڵەكەشی نامۆیە بە جەستەی ئازیزانمان، گوللەباران كران و لمی بیابانەكانی سەماوەیان بەسەردا كرا.

دڵنیام گەر ژن و كچ و كوڕ و منداڵی كورد لەو بیابانە، زیندە بەچاڵ نەكرابان، هەر خەم و خەفەتی بیابان دەیكوشتن، چۆن دەتوانی بە ئافرەتێكی ناوچەی داودە بێژیت مەگری، كە خوشك و براكانی زیندەبەچاڵ كراون و هەست دەكات ئەوخاكە هەمان شوێنی ڕووفاتی ئازیزانێتی؟ گەنجێك چیرۆكەكانی نوگرە سەلمان لەرزی لێهێنابوو، باسی پێشبڕكێی (ئەسپێ) كوشتنی خۆی و منداڵەكانی تر خەیاڵی دەبات و وادەزانێت باوكی لە ژێر خاكەكەوە بانگی دەكات، هەمووان هاواریانە و هەریەكە و بە جۆرێك و ڕایەڵەیەك دەیبەستێتەوە بەو خاكەوە، ئاخر گەر ڕایەڵەیەك نەبێت كێ دوای 12 كاتژمێر بە ڕێگاوە بوون، بەبێ پشوودان، هێزی ئەوەی هەیە لەو بیابانە بە ڕووناكییەكەوە چاڵ بە چاڵ بگەڕێت و بە شوێن ئێسكوپروسك و جلی دڕا و قەباغە فیشەكی ژەنگ گرتووەوە بێت؟

ئەم سەردانەی سەماوە و نوگرە سەلمان زۆر گرنگ بوو، بۆ ئەوانەی بە دڵ بە شوێن كەیسی ئەنفالەوەن. لە یەكەم ڕۆژەوە وترا هەمووان لەسەر گیرفانی خۆیان دێن و كرێ و هاتوچۆ و نانخواردن لەسەر خۆتانە. بۆ ئەوەی خەڵكی چاوەڕێی حكومەت و بەرپرسانی حزبی و حكومی نەبن و هەنگاوە گەورەكە (جوڵەی خۆیی) بهاوێژرێت، دەركەوت حكومەت كەمتەرخەمە و خۆمان بیرێك لە خۆمان نەكەینەوە شتێك بە ناوی ئاسەواری تاوانی ئەنفالەوە نامێنێنەوە. ئەو كەسانەشی تەنیا بۆ گەڕانی وڵاتان نوێنەرایەتی تاوانی ئەنفال دەكەن و لە وەها سەردانێكدا دیاریان نییە، دەبێت بناسرێنەوە!

دوای مانەوەی شەوێك لە بیابان، بۆ بەیانی ڕۆژی سێشەممە 16/5/2023 كە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا، دەلیل پێشمان كەوت بەرەو گۆڕێكی تر، ئەو گۆڕەی بەناوی (تەیموور)ەوە ناونراوە. هەموو بیابان بۆنی ئێسك و پروسكی كوردانی لێدێت، هەندێك لە ماڵە عارەبە كۆچەرییەكان زەوییەكانیان كێڵاوەتەوە كە دوور نییە دەستێك بێت و بیەوێت ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەی عەرعەر و نوگرە سەلمان بشێوێنرێن و نەناسرێنەوە!

دواتر بە ڕێكەوتین بۆ سەلمان و لە وێشەوە بۆ قەڵا مەترسیدارەكەی نوگرە سەلمان، سەعات 10 مەراسیمی تایبەت بە ڕۆژی گۆڕە بە كۆمەڵەمان دەستی پێكرد، بە گەڕان بە ناو قەڵاكەدا ئەوەت بۆ دەردەكەوت چەند زاڵمانە قەڵایەك دروستكراوە لە بیابانێكی سەر سنووری سعودیە. ئەوانەی بە منداڵی لەوێ زیندانی بوون دەچوونە شوێنەكان و بۆ ئاسوودەی دەروونیان باسیان لە ڕۆژانی زیندانی دەكرد و هەندێك هاوار و گریانیان بۆ ئازیزانیان دەكرد، ئەوانەشی بە شوێن دۆزینەوەی سەرەداوێكەوە بوون یەك یەك و دوو دوو دەگەڕان و بەڵگەیان كۆدەكردەوە، من بەشوێن ئەوەوە بووم چۆن زیندانییەكان سەگەڕەشیان بەسەر لاشەی قوربانییەكانەوە دیووە خۆ پەنجەرەكان بەرزن و هەمووان ناتوانن سەیر بكەن؟ كە چوومە سەرەوە دەلاقەیەك هەبوو نزم بوو كە ڕەنگە لەوێوە هەمووان دیمەنی كڕانەوەی گۆشتی قوربانییەكانیان دیبێت!

قەڵاكە دەبوو چەندین ساڵ لەمەوپێش نۆژەن بكرایەتەوە، نەك بۆئەوەی وەك دەسەڵاتەكانی پێشوو بكرێتە شوێنی خەڵكی بێتاوان و ئازادیخوازان، بەڵكو بۆ ئەوەی نەوەكان لە تاوانی تاوانباران ئاگادار بكرابایەتنەوە و وەك شوێنێكی مێژووی بكرابایە بە كۆزەخانەی نیشتیمانی.

پیاوێك لەبەر خۆیەوە دەیگووت: وەرە لە گەرمیان و هەردەی زەنگەنە و ناوچەی داودەوە بتهێنن لە چی دۆزەخێك بتخەنە ژێر خۆڵەوە، ئاخر ئەوە كام ویژدان و كام یاسا و كامە دین و مرۆڤایەتییە ئەم تاوانە قبوڵ دەكات؟

كە نوگرە سەلمانم بینی و بەناو بەشێك لە هۆڵ و ڕاڕەوەكانیدا گەڕام، هەندێك نووسینم بەرچاو كەوت، یەكێكیان نووسرابوو: بۆ یادگاری ڕێكەوتی 25/9/1988 ڕۆژی یەكشەممە. لە زۆر شوێن بە مەبەست نووسینەكان سڕابوونەوە، لەوكاتەدا دیمەنی ئەو خزم و كەسوكارانەم بیردەهاتەوە كە لایان دادەنیشتم و چیرۆكەكانی نوگرە سەلمانیان بۆ دەگێڕامەوە. زۆریان هەر مەراقیان كرد و خەفەت كوشتنی، لەوكاتەدا وتم تف لە هەرچی خۆفرۆشی كورد هەیە، ئەوانەشی داڵدەیان دەدەن و بەسەر میللەتەوە كراونەتە دانی! بریا لە ئەشكەوتی بەكرێگیراوان زۆرترم لەسەر وتبان! 

لەو دوو ڕۆژ و شەوەی سەردانی باشووری خۆرئاوای عێراق، بیابانەكانی سەماوە لە پارێزگای موسەننا، ئەوەم بۆ دەركەوت ئەوانەی لەوێ دەربازیان بووە هێزێكی زۆریان بووە، نەك بە برینداری، بەڵكو بە زیندوێتیش لەوێ ڕزگارت بێت، دەبێت سوپاسگوزار بیت. كەس هەبێ و بگەڕێت سەرەداوی زۆر گرنگت دەستدەكەوێت، بەبێ دەلیل بگەڕێی گۆڕی بە كۆمەڵی وەها دەدۆزیتەوە كەس پێشبینی نەكردووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی حكومەت دەبێ داهاتێكی زۆر سەرف بكات و بیخاتە خزمەت كەیسی ئەنفالەوە، وەك حەسەن بەهجەت وتی: حكومەت پێی ناكرێت، با گەڕانەوەی ڕووفاتەكان بە كەسوكاریان بسپێرێت! بەڕاستی بە دەم ڕێگاوە بەردەوام شیعرەكەی شێركۆ بێكەسم دەوتەوە: مەگەر خۆڵ قسە بكات خۆڵ! ئەگینا ئەو هەموو زریكە و هاوارە نادۆزرێنەوە.

ئاشكرایە عێراق پڕە لە گۆڕی بە كۆمەڵ، دەیان گرتووخانە و قەڵای وەك نوگرەسەلمان هەن كە دەبێت نەهێڵدرێت بكرێنە سەربازگە و شوێنی میلیشیاكان، بە پێچەوانەوە بكرێنە مۆزەخانەی نیشتیمانی، یان لە لایەن دەسەڵاتی كوردییەوە بە پارە بكڕدرێنەوە و بكرێنە شوێنی یادەوەری تاوانی ئەنفال، لە دوای سەردانی تۆپزاوا، ئەمە دووەم جێگە بوو كە بینیم، جگە لە خەمساردی دەسەڵات بەرانبەر بە قوربانیان و تاوانی ئەنفال، هیچ شتێكی دڵخۆشكەرم نەدی. نەك هەر سنووری دەسەڵاتی عێراق، لە هەرێمی كوردستانیش دەیان جێگە هەبوون كە ناسنامەی تاوانی ئەنفال بوون و لە بیركران، قۆرەتوو، مەیدان، قادر كەرەم، مللەسورە، تیلەكۆ و زۆر شوێنی تر.

بیابانەكانی سەماوە و نوگرە سەلمان، بە شەوان هیچ ڕووناكییەكیان تێدا بەدی ناكەیت، جگە لەو چرایانەی بە ڕووحی منداڵ و گەورە و بچووكی كوردانەوە داگیرساون و بانگت دەكەن و ئەو تاریكی و غەریبییەی بیابانی خواروویان كردووەتە چراخان. خوێنی منداڵ و ژن و گەنجی كورد هاتووەتەوە سەر لمەكە و هاوار دەكات بمانبەنەوە بۆ نیشتیمان، بەرپرسانیش وەك ئەوەی نە بایان دیبێت، نە باران، هەر خەریكی خزمەتی تۆمەتبارانی تاوانی ئەنفالن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە