لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 د. عەبدوڵلا غەفور، مامۆستای زانکۆو نووسەرو جوگرافیاناس

 ئامادەکردنی:مەغدید حاجی

 بەشی دووەم و کۆتایی

(هەڵوێست و خەباتی سیاسی و ڕۆشنبیری و بەرهەمەکانی..)

  ٭ بەڕێز د. عەبدوڵلا غەفور دەڵێ:" لە ساڵی 1958 لە دوای شۆڕشی چواردەی تەمووز لە مەخمور کە پۆلی یەکەمی ناوەندی بووم پەیوەندیم بە حزبی شیوعی عیراق کردووە،بنەماڵەکەمان بە تایبەتی مامم لە حزبی شیوعی نزیک بوون.. من لە مەخمور یەکەمجار بوومە پاڵێوراو  دوایی بوومە ئەندامی شانەو ناوی حزبیشم (بەرد)بوو. لەگەل حزب بەردەوام بووم تاکو کودەتای 8 ی شوباتی 1963  .. دوای تەواوکردنی ئامادەیی کە بۆ خوێندنی زانکۆ چوومە بەغدا ، لەوێ ئەگەر لە ڕێکخستنیش نەبووبم بەڵام لە کارکردن و یارمەتی دانی یەکێتی گشتی قوتابیان لە هەموان چالاکتر بووم و هاوکاریم دەکردن.. کە لە ساڵانی(1971-1973) مامۆستا بووم لە دیاناو و گەڵاڵەو بارزان پەیوەندیم وەکو دۆست لەگەل حزب بەردەوام بوو، زیاتر هاوڕێ و مامۆستا زرار دەرگەڵەییم دەدیت، حزبی شیوعیش زەمالەیان بۆ وەرگرتم و منیان نارد بۆ مۆسکۆ بۆ خوێندنی باڵا، لەم بوارە  زیاتر مامۆستایان:( زرار دەرگەڵەیی و عەباس ڕواندزی و لە هەولێریش مامۆستا ڕەوەندو هاوڕێ جەلال مەحمود )دەوریان هەبو بۆ ناردنم بۆ مۆسکۆ بۆ خوێندنی باڵا ماستەرو دکتۆرا، کە خوێندنی باڵاشم تەواو کرد لەسەر ڕاسپاردەی حزب چووم بۆ یەمەنی دیموکراتی لەوێ وەکو مامۆستا خزمەتم کرد"..

 د. عەبدوڵلا غەفور تاکو ئێستا ئەگەر لە ڕێکخستنی حزبیش نەبووبێت، بەڵام وەکو بیرو باوەڕ نەگۆڕاوە، شانازی بە مێژووی سیاسی خۆی و حزبەکەی دەکات و وا پەروەردە بووە کە تەنیا ئامانجی خزمەکردنی گەلەکەی بێت لە ڕێگای پسپۆڕییەکەیەوەو بەرهەمەکانیشی جوانترین و ڕاستترین بەڵگەن لەسەر دڵسۆزی و خزمەتکردنی بەرەوامی تاکو ئێستا ..

 ٭ بەرهەمەکانی:

 پڕۆفیسۆری یاردەدەر و نووسەر و جوگرافیناس عەبدوڵلا غەفور خاوەنی (62) کتێبی چاپکراوە، زۆرینەی کتێبەکانی دەربارەی جوگرافیای دانیشتوانی کوردستانن، لێرەدا ئێمە تەنیا  ئاماژە بە دە (10)لە ناونیشانی کتێبەکانی ئەم جوگرافیناسە دڵسۆزەی کورستان دەکەین:

ــ جوگرافیای دانیشتوانی کوردستان.

ــ کوردستان دانیشتوان و دابەشکردنی ئیداری.

ــ سنووری کوردستان.

ــ ئاماری کوردستان.

ــ جوگرافیای کوردستان، پێنج جار چاپکراوەتەوە، وەکو پرۆگرام لە زانکۆکان پەسندکراوە.

ــ فەرهەنگی جوگرافیای کوردستان ، سێ چاپی لێ بڵاوکراوەتەوە.

ــ گوندەکانی کوردستان، پێرستی گوندەکانی باشووری کوردستان لە سەرژمێری 1957  و 1977.

ــ گوندەکانی کوردستان ــ گوندەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.

ــ پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتوان لە باشووری کوردستان .

ــ نەخشەی کوردستان ، چەند جار چاپکراوەتەوە.

 ٭ باری کۆمەڵایەتی:

 بەڕێز د. عەبدوڵلا غەفور لە ساڵی 1980  لە مۆسکۆ ژیانی هاوسەری لەگەل کچە ڕوسێک پێک هێناوە، کوڕو کچێکیان هەیە( گۆران و ڕوناک) هەردووکیان لە ئەوڕوپا دەژین و کاردەکەن، د. عەبدوڵلا لەگەل ژنە ڕووسەکەی لێکجیا بوونەتەوە، بەڵام پەیوەندی لەگەل کوڕو کچەکەی بەرەوامەو دێن لە کوردستان سەردانی باوکیان دەکەن و دکتۆریش کە هەمووجار دەگەڕێتەوە سوێد دەیانبینیت.

 هیوای تەندروستی باش و تەمەن درێژی بۆ د.عەبدوڵلاو منداڵەکانی دەخوازین.

 سەرچاوەکان:

ــ چاوپێکەوتن لەگەل بەڕێز د. عەبدوڵلا غەفور، بە ئامادەبوونی هاوڕێ دارا قەرەنی، گوندی باقرت، پێنجشەممە 27-4-2023

ــ عەبدولرەحمان مەعروف، ئینسایکڵۆپیدیای نووسەرانی هەولێر.

ــ بەشێک لە کتێبەکانی د. عەبدوڵلا غەفور.

وتاری نووسەران