
سەرۆكی پێشوی پەرمانی توركیا سەردانی دەمیرتاشی كردو رایگەیاند كە سەلاحەدین دەمیرتاش دەیەوێ ئەردۆغان ببینێ.
بولەنت ئارنچ، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە ساڵەکانی ٢٠٠٢-٢٠٠٧ و یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) دوای سەردانەکەی بۆ زیندان و گفتوگۆکردن لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیان ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە دەمیرتاش دەیەوێت چاوی بە سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بکەوێت و پێی بڵێت "با ڕووداوەکان وەلا بنێین، من لەم ڕوداوانەدا هیچ کاتێک پشتگیریی تیرۆرم نەکردووە، بەڵام رەنگە هەندێک کەس لەنێو پارتەکەم یان لە دەرەوەی پارتەکەم ویستبێتیان ئێمە تێکەڵی ئەم ڕوداوانە بکەن. ئێوەش خزمەتی دەوڵەت و گەلتان کردووە، ئەگەر من هەڵەم هەبێت، رەنگە ئێوەش هەڵەتان هەبووبێت".
لە ناو پرۆسەی ئاشتیدا کە بە بانگەوازێکی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵا ئۆجەلان دەستی پێکرد، لە ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥، یەکێک لەو بابەتانەی کە وەک خاڵی چالاکبوونی پرۆسەکە قسەی لەسەر دەکرێت ئازادکردنی زیندانیانی سیاسیە لە تورکیادا، لە ناو ئەو زیندانیانەشدا دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش هەیە، کە لە ٤ کانونی دووەمی ٢٠١٦ وە لە زینداندایە، هەرچەند دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، لە دواینجاردا لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٥دا بڕیاری ئازادکردنی دا، بەڵام تورکیا تا ئێستا ئازادی نەکردوە.