نووسینی: سۆما خالید

 

ڕۆژاوای کوردستان تەنها ناوچەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکو ئەزموونێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی هێزی ژنە. لە کاتێکدا کە هەڕەشەی هێرشی گرووپە توندڕەوەکان، داگیرکاری و سیاسەتی سڕینەوەی ناسنامە، ڕۆژاوای کوردستانی خستبووە بەر مەترسی، ژنانی شەڕڤان بە جەستەی خۆیان بەرگرییان لێ کرد. ئەم خەباتە تەنها لە مەیدانی شەڕدا قەتیس نەما، بەڵکو بووە هۆی شکاندنی تاریکپەرستی و کۆنەپارێزیی ئەو سیستەمانەی کە ژن تێیاندا قوربانییە.

 ژنانی شەڕڤان لە ڕۆژاوا وەک یەکێک لە گەورەترین هێماکانی ئازادی لە مێژووی هاوچەرخدا دەرکەوتن. ئەوان سەلماندیان کە ژن دەتوانێت بەرگری بکات، بڕیار بدات و فەرمان بکات، بەبێ ئەوەی ژنایەتیی خۆی لەدەست بدات. ئەم وێنە مێژووییە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ژنانی باشووری کوردستان دانا؛ بووە هۆی هەستیاربوونەوەی زیاتر، چالاکبوونی سیاسی و شکاندنی ئەو ترسانەی کە ژنیان لەناو کۆمەڵگەدا سنووردار کردبوو.

 ژنانی شەڕڤان لە ڕۆژاوا تەنها هێزێکی سەربازی نین، بەڵکو هێمایەکی سیاسیشن. بوونی ژن لەنێو هێزی بەرگریدا، شکاندنی ئەو ئایدیۆلۆژیا چەقبەستووەیە کە سیاسەتە داگیرکەرەکان پەرەیان پێ داوە؛ ئەوانەی ژن تەنها لە چوارچێوەی ماڵ و خێزاندا دەبینن. ئەم دۆخە بۆ هەموو ئەو سیستەمانە ترسناکە کە بنچینەی دەسەڵاتیان لەسەر داگیرکاری و سڕینەوەی ناسنامە دامەزراندووە.

 لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، رۆژاوا یکوردستان بووەتە یەکێک لە دیارترین نموونەکانی خەباتی ئازادی، بەتایبەتی لە ڕێگەی بەرگریی ژنانی شەڕڤانەوە. ئەم خەباتە تەنها شەڕێکی سەربازی نییە، بەڵکو شۆڕشێکی فکری، کولتووری و مرۆڤایەتییە.

لەم پێناوەدا، ژنانی باشووری کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پاڵپشتیی ڕۆژئاڤا و ژنانی شەڕڤان گێڕا. لە کاتێکدا ئیسلامی سیاسیی سەر بە داگیرکەران، بێڕێزیکردن و تاوانبارکردنی ژنانیان هەڵبژارد، ژنان بە پاڵپشتییەکانیان و دەنگی بەرزیان سەلماندیان کە دەتوانن ببنە هێزی گۆڕانکاری، سنوورەکان ببەزێنن و ئاراستەی سیاسەت بگۆڕن.

ژنانی باشووری کوردستان لە سەرەتای هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا، بە شێوەیەکی ڕوون دەنگیان بەرز کردەوە و پێشەنگی خۆپیشاندانەکان بوون. ئەمە نیشانەی ئەوە بوو کە ژنان تەنها تەماشاکەر نین، بەڵکو خاوەنی دەنگ و بڕیاری خۆیانن. پاڵپشتییان بۆ ڕۆژئاوا، هاوپەیوەندییەکی نەتەوەیی و فکری بوو؛ باوەڕیان بەوە هەبوو کە ئازادیی ژن لە ڕۆژئاوا، ئازادیی هەموو ژنانی کوردستانە. بۆیە هەر هێرشێک بۆ سەر ژنانی شەڕڤان، وەک هێرشێک بۆ سەر کەرامەتی ژنانی باشوور هەژمار دەکرا.

 ڕۆڵی ژنانی باشووری کوردستان لە پاڵپشتیی ڕۆژئاوای کوردستان و ژنانی شەڕڤان، ڕۆڵێکی مێژوویی و نەتەوەییە. ئەم پاڵپشتییە بەڵگەی ئەوەیە کە ژنانی کوردستان، سەرەڕای جیاوازیی سنوورە سیاسییەکان، یەک دەنگ و یەک هەڵوێستیان هەیە لەپێناو ئازادی، کەرامەتی مرۆڤ و ژیانێکی دادپەروەرانەدا. دەنگی ژنانی باشوور لە پاڵپشتیی ڕۆژئاڤا نیشانی دەدات کە خەباتی ژن تەنها بابەتێکی ژنانە نییە، بەڵکو خەباتی کۆمەڵگەیەکی تەواوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا