ئەبوكاروان

بەشی سێھەم

 

لە ڕاستیدا توانای سەركردایەتیكردن بۆخۆی وەک هەر پرۆسەیەکی تر هەڵگری كۆمەڵێک پرنسیب و كارامەیییە و دەشێ لە كار و چالاكی ساڵانە و ڕۆژانەدا ڕەنگدانەوەی هەبێ و ببێتە هۆکاری بەرجەستە کردنی سەرکردە و ئەزموونێک کە لە ڕێڕەوی خۆیدا کاریگەری جێبهێلێ بۆ داهاتوو ، چونکە سەرکردە بەبێ ئەزممون و ڕوئیای تایبەت لەپڕێك نابێتە کوڕێک و ناتوانێ سەرکەوتووبێ لەو ئەرکەی پێیسپێردراوە ، واتا سەرکردەی سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە هەموو جووڵەی ڕۆژانە و دید و تێڕوانینەکانی بەشێوەیەکی سیستماتێک ڕێکخات و خشتەی ستراتیژی هەبێ بۆ هەڵسوڕاندنی ئەرک و مەهامی پرۆسەی سەرکردایەتی کردنەکەی و بتوانێ کار لەسەر باشترکردنی تواناکانی دەوروبەری بکات ، نەك تەنها خولانەوە بێ لە نێو یەك بازنەدا و لە ھەموو بوارەكانیشدا خۆی بەسەركردەی پلەی یەك بژمێرێ.

وەک لە ڕیشاڵەکانی دەروونناسیشدا هاتووە توانای گەشەكردن و پەرەپێدان و باشتركردنی كارامەییەكان بەرپرس و سەركردەكان لە ئەندامانی بنكەكانی خوارەوە جودا دەكاتەوە ، بۆیە ناكرێت ئاستی ھوشیاری سیاسی و فكری و ڕێكخستن و بەڕێوەبەرایەتیكردنی سەرکردە لە ئاستی ئەندامان و بنكەكاكانی خوارەوە لاوازتربێت و نەتوانێ کاریگەری دروستبکات ، گەر ئەمە لە کەسایەتی سەرکردەدا ڕوویدا ئەو كات دید و تێڕوانینی فیکری و سیاسی و ڕۆڵی لە کاری ڕۆژانەیدا بێبایەخ و نادیدە دەکرێت و کەس ئامادە نابێ گوێ لەهیچ بابەت و مەسەلەیەکی کەسایەتی لاواز بگرێ.

لەم دەروازەیەوە پرسیاری جددی دێتەپێش بەوەی ئایا پرۆسەی گەشەكردنی سەركردە چۆنە ؟ ئایە لەیەکێک بۆ یەکێکی تر جیاوازە ، یان پێچەوانە توانا و کارامەیی و جووڵەی سەرکردایەتیکردن دیاری دەکات؟ بۆ تێگەیشتن لە جەوهەری ئەم پرسیارەش دەکرێ ئێمە لێرەدا بەچەند قۆناغێكی جیاجیادا شۆڕبینەوە و بگەینە وەڵامێکی هاوسەنگ کە چۆنێتی گەشەکردنی سەرکردە دیاریدەکات ، چونکە بەر لەوەی ژینگەی دەوروبەر کاریگەری لەسەر کەسایەتی دانێت ، سروشتی مرۆڤ خۆی کۆمەڵێک سیفاتی جیاواز جیاوازی تێدایە و دەشێ ئەوانە کاربکەنە سەر چۆنێتی گەشەی سەرکردە ، ڕەنگە ئەو قسەیەش دروستبێت كە دەڵێ تا مرۆڤ ئەوەی نازانێت نەزانێت ھەرگیز گەشە ناكات ، کەسی نەزان و ناشارەزاش گەر سەرکردەش بێت ناتوانێ ببێتە کەسایەتییەکی دیار و ئیش و كارەكانی بەباشی بەڕێوەنابات و لە ئەنجامدا بارودۆخی ڕێكخراوەكەی خراپ دەبێت ، یان ئەگەر سەركردە خاوەنی حەقد و كەراھیەت بێت و مامەڵەی ناتەندروست لەگەل دەوروبەریدا بكات ئەوا ئەو سەركردەیەش سەركەوتوو نییە و کەسێکی فاشیلە و ناتوانێ کاریگەری جێبهێڵێ.

 

هەندێ جار ڕەوتی گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە قۆناغێك لە قۆناغەكانی ژیاندا دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی ھەندێ كەس و بەرجەستەکردنی وەک کارەکتەرێکی دیار و دەرکەوتنی لە پێگەیەكی سەركردایەتیدا ،بەڵام ئەم دەرکەوتنە ناتوانێ درێژە بکێشێت و لە وێستگەیەکی کورتمەودای ئەرکدا دەوەستێ ، چونکە دەوروبەری کەسی هەڵتۆقیو لە ئەدا و ڕۆڵی ئەو ڕازی نین و ناتوانن ئەو دۆخە ئیستعاب کەن کە ئەو سەركەوتوو نییە تێیدا ، بۆیە کاتێک ئەم نەرێنی بینینە سەریهەڵدا پێویستە کەسی سەرکردە پیداچوونەوەی جددی بەخودی خۆی و كارەكانیدا بكات و هۆکار و فاکتەرەکانی شکست و سەرنەکەوتنەکانی بدۆزێتەوە و کار لەسەر دووبارە خۆڕێکخستنەوە بکات ، نەک بەردەوامبێت و ناڕەزایی و سەرنەکەوتنەکانی بەهەند وەرنەگرێ ، لەمەشدا بنیامین دزرائیلی سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا بە کورتە سەرنجێک دەڵێ “زانینی ئەوەی كە ڕاستییەكان نازانیت ھەنگاوێكی گەورەیە بەرەو زانین “.

ساڵانی بوونم لە سەركردایەتیدا ڕاستییەكی تاڵ و شۆكهێنەرم بۆ دەركەوت كە بوونی ھەندێ كەس لە پێگەی سەركردایەتی و بەرپرسیارێتیدا مانای ئەوە نییە ئەو كەسە سەركردەیە، بەڵكو بەندەیەکی هەڵتۆقیوە و فاکتەری کات هێناوێتی و لەڕاستیدا سەرکردە نییە ، چونکە نھێنی سەركەوتنی سەرکردە لەوەدایە كە پێش وەخت ئامادەسازی بۆ بەهێزکردنی خۆی کردبێ  و خەسڵەت و پێوەرەکانی سەرکردەی تێدا بێت و نەکەوێتە بەرپلاری دەوروبەر و لەکاتی گونجاودا مومارەسەی ئەرکی سەرکردە بکات ، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ڕۆژانە ئەزموونی موهیمەی سەرکردە بکات و فێربێت چۆن هەنگاو بەرەو پێش دەنێت و ئامانجەکانی چین ،ئەمەش بەشێکی گرنگی یاسای كردەی ئەو پرۆسەیەیە و نابێ پشتگوێ بخرێت، وەكو وتراوە پاڵەوانەكان نابنە پاڵەوان بە بوونیان لەسەر شانۆ بەڵكو لەوێ تەنھا  ناوبانگ بەدەستدێنن ، ھەر مرۆڤێك كە لە مەیدانی شەڕدا بێت دەبێ دەم و چاو و ڕوومەتی خۆڵاوی بێت و ئارەق و خوێن بڕێژێ ، دەبێ خاوەن حەماسی بەھێز و دڵسۆزبێت بۆ ئامانجەكانی.

لە كاتێكدا ھەمووان دەزانین كە سیاسەت لەسەر پایەكانی زانیاری و ژیری دەوەستێ ، ھەر بۆیە پێویستە سەركردە خەسڵەتە سەرەكی و كاریگەرییەكانی پەیرەو بكات كە بریتین لە ڕەوشتبەرزی و ڕاستگۆیی و ئازایەتی و دڵسۆزی بۆ چینەكەی و نیشتمانەكەی و خۆشەویستی جەماوەر بێت.

(ماویەتی )

وتاری نووسەران