بەشی یازدە
ئەبوكاروان
فاکتەری کات وەک هەر پرۆسیسێکی دیاریکراو بریتییە لە کۆمەڵێک پرۆسێس و ئامراز و تەکنیک و شێوازی دیزاینکراو. کات لە سیاسەت و کاری ڕێکخراوەيی و پرۆسەی دەستنیشانکردنی ئامانجەکاندا پێویستییەکی ژیاری گرنگە و لەهەر پڕۆژەیەکی گەشەپێداندا ڕۆڵی خۆی هەیە و دەتوانرێ لەو ڕێگایەوە مەودای تەواوکردنی پڕۆژەکە یان ئەرکەکە دیاریبکەیت، ئەویش بەپشتبەستن بە چەند خاڵێکی دیاریکراو وەک :
- دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ کاریگەری فاکتەری کات.
- دانانی ئەولەویەتەکان.
- جێبەجێکردنی چالاکییەکە لەدەوری دانانی ئەولەویەتەکان.
- پرۆسەی پەیوەندیدار بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاتەی کە لە کارە نائەولەویەتەکاندا بەسەردەبرێت.
- هاندان بۆ دەستکاریکردنی ڕەفتارەکان بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بە وادەکانی پەیوەست بە کاتەوە.
فاکتەری کات لە بیروهزری سەرکردەدا وەک هەر هۆکارێکی دیاری تر ئاماژەیە بۆ ماوەی نێوان پەسەندکردن و جێبەجێکردنی سیاسەت، کە دەتوانێت جیاواز بێت بەپێی چەند هۆکارێک، وەک پرۆسەی سیاسی و بیرۆکراتی، بەردەستبوونی سەرچاوە، و بەشداریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان.
بۆیە تێگەیشتن لە فاکتەری کات لە جێبەجێکردنی سیاسەتدا زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئامانجە سیاسيیەکە تاچەند مەبەستەکان دەپێکن و پێداویستییەکانی ئەو پێکانە چۆن دەستەبەر دەبێ لە ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیيشدا. فاکتەری کات بریتییە لە زانستی دەستنیشانکردن و هەڵسەنگاندن و کەمکردنەوەی تێچووی کات لەناو ڕێکخراوەکاندا. ڕاپۆرت و هەڵسەنگاندنی کاتە بەردەوامەکانی دارایی، کاتی بەفیڕۆدراو کاتێکی کاریگەرە لەناو ڕێکخراوەکەدا و پەرەپێدانی کەیسی جووڵە بۆ گۆڕینی کاتە بەفیڕۆدراوەکان بۆ کاتێکی بەرهەمدار لەڕێگەی دیدوتێڕوانینی ورد و هەڵسەنگاندنی بابەتیيەوە دەبێ و پێویستە لەم ئاستەشدا کەسی سەرکردە لە پڕۆژەی خۆیدا دەستپێشخەری و شیکردنەوەی خۆی هەبێ تا لە جێبەجێکردنی ئامانجەکاندا تووشی هەڵە و ئیشکالیەتی کوشندە نەبێتەوە.
بەگشتی بەڕێوەبردنی کات یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکان بەشێوەیەکی کاریگەر و کارا و ناکرێ سەرکردە پشتگوێیبخات، واتا فاكتەری كات و دەستنیشانكردنی لەكاتی خۆیدا زۆر گرنگە بۆ سەركردە و لە مێژووی خوێندنەوەی کەسایەتی سەرکردەکانیشدا ئەم بابەتە زۆربەڕوونی دەبینرێ و زۆر لە سەرکردە مەزنەكان درکیان بەوە کردووە کە دیاریكردنی كات بۆ ھەر كار و چالاكییەك بەقەد ئەوەی چی دەکرێت و مەبەست لە بەدەستهێنانی گرنگە و زۆرجاریش دەبێتە ھۆكاری سەرکەوتن و شکستی هەوڵەکان ئەگەر سیاسی بێت یان حزبی یان سەربازی.
سەركردە لەكاتی دانانی پلان و بەرنامەدا و هەر جارێک بيەوێ ھەنگاوێك بنێ دەبێ ڕەچاوی دەرئەنجامەكەی بكات و دەكەوێتە بەردەم چەند ئەگەرێك لەوانە :ـ
١- کردەوەی هەڵە لە کاتێکی هەڵەدا کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
٢- کرداری دروست لەکاتی نادروستدا دەبێتە هۆی بەرخۆدان.
٣- کرداری هەڵە لەکاتی گونجاودا هەڵەیە.
٤- کرداری دروست لەکاتی گونجاودا دەبێتە هۆی سەرکەوتن.
سەرکردەی باش و لێھاتوو پێویستە شارەزایی و ئەزموونی ھەبێت لە چەندین بواردا لەوانە :
١- تێگەیشتنێکی تەواو و قووڵی هەبێت بۆ بارودۆخەکە كە چەند ھاوكارە لە ئەنجامدانی ئەو چالاكییە و چەند كاتەكەی بەگونجاو دەزانێ.
٢- ئایا كاتی ڕاپەڕاندنی ئەو ئەركە پێگەیشتووە و گونجاوە، ئەگەر پاڵنەری سەرکردەکان شەرعی نەبێت، ئەوا کاتەکەیان خراپ دەبێت و سەركەوتوو نابن.
٣- متمانە بەخۆبوون لەسەر ئەنجامدانی ئەو چالاكییە، ئەندامان زیاتر بەشوێن ئەو سەرکردانە دەکەون کە باش دەزانن چیدەكەن و چۆن ھەنگاودەنێن.
٤- خاڵی یەکلاکەرەوە گرنگە بۆ سەركردە و شوێنكەوتووان ، پێچەوانەش گەر سەرکردە دوودڵ و پەشۆکاوبوو لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا و نەیتوانی سەركەوتن مسۆگەر بکات، ئەوا شوێنکەوتووانیش بەهەمان ڕێگەدا دەڕۆن و هەمان خەسڵەت وەردەگرن و ناتوانن سەرکەوتووبن.
٥- ئەگەر سەرکردە ئەزموونی نەبوو، پێویستە بەدوای حیکمەتدا بگەڕێت و سوود لە ئەزموونی کەسانی تر وەرگرێ و هەوڵی سەرکەوتن بدات .
٦- ئامادەیی بۆ ھەر كار و چالاكییەك و ئەگەر هەلومەرجەکان گونجاو نەبوون، دەبێت سەرکردە هەلومەرجی گونجاو دروست بکات.
بۆیە لێرەدا جەخت لەوە دەكەمەوە كە ئەگەر سەركردە لێكدانەوەی تەواوی نەبوو بۆ فاكتەری كات لەكاتی بڕیاردان و چەندین جار هەڵەی خراپی كرد، تەنانەت لە بابەتە سادەکانیشدا، ئەوا ئەوانەی دەوروبەری دەستدەکەن بە باوەڕبوون بەوەی کە هەبوونی ئەو وەک سەرکردەیان هەڵەی ڕاستەقینەیە و بە زیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێكخراوەی كاری تیا دەكات.
بە پێچەوانەوە کاتێک سەرکردەیەکی بەتوانا ئەركێكی گرنگ و گونجاو دروستدەكات لەكاتی گونجاودا ئەوا ھەموویان پێكەوە كۆدەبنەوە و ئەركەكە ڕادەپەڕێنن و سەركەوتنی گەورە و سەرسوڕهێنەر بەدەستدێنن، بۆیە زەروورە سەركردەكان ھەل بقۆزنەوە و كاری گونجاو لەكاتی گونجاودا بكەنە دەرفەت و سەركەوتنی گەورە ئەنجامبدەن.
كاتێك سەركردە و ڕێكخراوێك تووشی فاشیلبوون دەبن لە جێبەجێنەكردنی ھەرپلان و بەرنامەیەكدا، دەبێ ھەڵسەنگاندنی تەواو بكەن بۆ كۆی پرۆسەكە و ئەو پرۆژەیەی كە كاریان لەسەر كردووە، ھۆكارەكان شیبكەنەوە و خەلەلەكان دەستنیشانبكەن و بپرسن ئایا پرۆژەكە لە جەوھەردا ھەڵە بووە یان كرداری بكەران ھەڵەبووە؟ یان كاتەكەی گونجاو نەبووە؟
بۆ ئەم مەبەستە پێویستە چەندین پرسیار ئاراستەی بكەران بكەیت و چاوەڕوانی گفتوگۆی كراوە و وەڵامدانەوەی یەكتربن و لەنێو پرسیارەكاندا:
١- ئامانجی دەستپێشخەرییەکە چی بوو؟
٢- كێ بەرپرسیاری یەكەم بوو لە جێبەجێكردنی؟
٣- لە کاتی پلاندانان بۆ ستراتیژییەکە چ هۆکارێکی لەبەرچاوگیرا و پاڵنەری بوو؟
٤- ستراتیجییەتی پرۆژەكە لەبار بوو ؟ ئەوانەی پێشنیاریانكرد و بڕیاریان لەسەردا كەسانی بەئەزموون بوون؟
٥- لە کاتی دەستپێشخەرییەکەدا دۆخی ڕێكخراوەكە یان دامەزراوەکە چۆن بوو؟
٦- دۆخی بارودۆخە سیاسییەكە گونجاو بوو؟
٧- چ هێزێکی بزووێنەر لەبەردەستدابوو و بەکارهات بۆ یارمەتیدانی سەرکەوتنی دەستپێشخەرییەکە؟
٨- بەڕوونی چ هۆکارێک دژی دەستپێشخەرییەکە کاری دەکرد.
٩- ئایا دەکرا دەستپێشخەرییەکە سەرکەوتوو بوایە ئەگەر زووتر دەستیپێکردبا یان دواخرابا؟
١٠- بۆچی دەستپێشخەرییەکە لە کۆتاییدا شکستیهێنا؟
یەكێكی تر لە هۆکارەکانی فاکتەری کات ئەوەیە کە سەركردە بیر لە پەرەپێدان و گەشەکردنی دەوروبەر و ڕێكخراوەكەی بکاتەوە و بەرەوپێشەوە ئاراستەیان بكات بۆ ئەوەی لەدوای خۆی خەڵكی گۆشكراو و پەروەردەكراوی دروستكردبێت و نابێت تەنھا بایەخ بە بەرەوپێشچوونی خۆی بدات، چونكە ئەگەر تەنها پەرە بەخۆی بدات، جگە لە سەرکەوتنی کەسی، هیچیتر بەرهەمناهێنێ و ناتوانێ سەرکردەی تیمێک بێت کە ئەرکێک بەڕێوەدەبات و کاتیش ناگەڕێتەوە بۆ پەرەپێدانی تیمێکی نوێ تا لەڕێگایەوە ڕێکخراوەکە گەشەبكات و بەرەوپێش بڕوات .
ئەگەر سەرکردە فاکتەری کات نەدۆزێتەوە بۆ پەرەپێدانی ڕێکخراو و ڕەوتەکەی و کاریگەرییەکی ڕیشەيی جێنەهێڵێ، ئەوا شکستی گەورە تۆمار دەکات و ناتوانێ ببێتە کەسی کاریزمی وەک ئەوەی ڕێکخراوەکەی دەیەوێ، چونکە پەرەپێدانی سەرکردایەتی ئاسان و سادە نییە و بەھەموو كەسێ ناوترێ سەركردە، سەركردە پێش گەیشتنی بەو پلە و پۆستە دەبێ ڕاھێنرابێت و پێگەی بەھێزبووبێت نەك لە پلەی سەركردایەتیدا فێری ھونەری كارەكەی بێ.
خاڵێكی تر دەمەوێ لێرە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە كە پێویستە لە كەسی یەكەمی ڕێكخراوەكەدا جۆرێك لە ئیجماع هەبێت و کۆدەنگی کاریگەری سەرکردە دیاریبکات و نەکەوێتە بەر تانە و تەشەری ھاوڕێ و ھەڤاڵەكانی و بتوانێ ببێتە خاوەنی پلانی فراون و تایبەت و كەسێكی بەھێز و خاوەن کەسایەتی کاریگەربێت.
هەروەک چۆن دۆزینەوە و کۆکردنەوەی سەرکردەی باش قورسە، هێشتنەوەیان قورسترە. تاکە ڕێگە بۆ سەرکردایەتیکردنی سەرکردەکان ئەوەیە کە خۆت ببیتە سەرکردەیەکی لەوان باشتر. ئەگەر بەردەوامبيت لە گەشەکردن و هەمیشە هەنگاوێک لەپێش ئەو کەسانە بمێنیتەوە کە سەرکردایەتی دەکەیت، ئەوا دەتوانیت بەردەوامبیت لە زیادکردنی بەها بۆ ئەو سەرکردانەی کە شوێنت دەکەون. دەبێ ئامانجی بەردەوامت پەرەپێدان و بەهێزکردنی پێگەی ڕێکخراوەيی بێت و سەرکەوتن مسۆگەربکەیت.
تاکە سەرکردە ئەو کەسەیە کە دەتوانێت ئەم کارە بۆ سەرکردەیەکی تر بکات، چونکە پەروەردەکردنی سەرکردە پێویستی بە سەرکردە هەیە.
ئەو سەرکردانەی کە کاردەکەن بۆ گەشەکردن و پەرەپێدانی سەرکردەکان، کاریگەرییەکی زۆرینەی گەورە لە ڕێکخراوەکانیاندا دروستدەکەن کە بەهیچ شێوەیەکی تر بەدەستناهێنرێت. نەک بە زیادکردنی سەرچاوەکان، کەمکردنەوەی خەرجییەکان، زیادکردنی ڕێژەی قازانج، باشترکردنی سیستەمەکان، جێبەجێکردنی ڕێکار و ستانداردەکانی کوالیتی، یان هەر شتێکی تر.
تاکە ڕێگە بۆ بەدەستهێنانی ئاستێکی ڕیزبەندی لە گەشەکردندا، بەکارهێنانی شێوازی حیسابکردنی سەرکردەکانە. ئەوە هێزی سەرسوڕهێنەری یاسای گەشەی تەقینەوەی بەهێزە، بەگشتی دەکرێ بڵێین پەرەپێدانی کاری سەرکردایەتی لەڕێگای سەركردەی بەئەزموون و قاڵبووی خەبات و تێكۆشانەوە دروستدەبێت و دەکرێ سوود لەو پرۆسەی پەرەپێدانە وەرگیرێ کە سەرکردە ڕۆڵی کاریگەری تێدا دەگێڕێ .