هۆشیاری عەبدولعەزیز

بە پێی زۆر لە لێکۆڵینەوەکانی بواری کۆمەڵناسی و شیکاریەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکخراوە پیشەییەکان کە خۆیان لە سەندیکاکانی کرێکاران و بزووتنەوە مەتڵەبییەکان و گروپە هاوبەرژەوەندییەکان دا دەبینێتەوە،  کاریگەرترین ئەو ڕێکخراو و بزووتنەوە  کۆمەڵایەتییانەن کە دەتوانن لە پرۆسەی سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵی کارا و کاریگەر بگێڕن، بەتایبەت لە پرۆسەی بونیادنانەوەی کۆمەڵگا و گەشەی ئابووری وڵاتدا، چونکە ئەم ڕێکخراو، بزووتنەوە و سەندیکایانە لە بنەڕەتدا سەرچاوەی  بوونی متمانەیە لە دروستبوونی پەیوەندی نێوان تاکەکان و دەوڵەتدا و لە تەواوی کۆمەڵگا پێشکەوتوەکانیشدا وەک فاکتەرێکی سەرەکی پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییه‌کان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و لە هەڵومەرجی جێگیریشدا هۆکارى سەرەکییە لە دروستبوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی دا و لە باری مرۆیشدا گەشەی ئەم دووچەمکە هەڵگری چەند ڕەهەندێکە و زۆربەی ڕەهەندەکانیش پێکەوە گرێدراون و هەریکەو بەجۆرێک ڕۆڵی خۆی دەگێڕێ .

 لە وڵاتانی گەشەسەندووی دیموکراسیشدا ئەم ڕێکخراو  و سەندیکا و بزووتنەوە پیشەییانە دەتوانن ببنە ڕایەڵەی پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات، وەک بەشێک لە ڕێکخراوە  مەدەنییەکان کاریگەری خۆیان لەسەر بڕیاری سیاسی و گەشەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی دانێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕێکخراو و بزووتنەوە پیشەییانە دەبنە جێگرەوە و  ئاڵترناتیڤی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ناکاریگەرەکان لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا و وەک گروپگەلی زیندووی کۆمەڵایەتی لە گەشەی ئابوری و سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵ و کاریگەریان لەسەر  بەرهەمهێنانەوەی  متمانە و زانیاری و هۆشیاری بەکۆمەڵ دەبێ و هەرکات ئاستی پەیوەندی ئەندامان و بەشداربووانی ئەم گروپ و ڕێکخراو سەندیکا پیشەییانەش زیاتر بێت، متمانەی بەرانبەر  ئەندامان و خەڵکەکەدا زیاتر و هاوکاری ئاسانتر دەبێت و دەتوانرێ وەک هێزێکی مرۆی ڕێکخراو تەماشابکرێ.

بۆیە دەبینی زۆرجار ئەو هاووڵاتیانەی کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی پیشەیدا و لە دەرئەنجامی بەرژەوەندی و دۆزی هاوبەش یەکدەگرن  کارلێکی زیاتریان لەسەر دروستکردنی فشار و بزواندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەیە و دەتوانن لە میکانیزمی پرۆسەی گۆڕانکاریەکاندا شێوازی جیاواز بەکار بێنن  بۆ بەدەستهێنانی پشتیووانیی ڕای گشتی و ڕۆڵێکی گرنگ لە پرۆسەی گەشەپێدانی سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا دەگێڕن و کاریگەری بەرچاویشیان لە فۆڕمی ئاڵوگۆڕەکاندا هەیە و هەڵگری ژمارەیەک ئامانجی کۆمەڵایەتیی درێژخایەنن ، وەک سەندیکاکانی کرێکاران و پیشەوەران و ئەو ڕێکخراوانەی کە لە بونیادنانەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و گەشەی ئابوریدا ڕۆڵدەگێڕن و  پشت بەستوون بە هەڵوێستێکی هاوبەشی سیاسی، فیکری و دەتوانن ڕای گشتی بجوڵێنن، زۆرجار ئەم ڕێکخراو و سەندیکا و بزووتنەوە پیشەییانە هەر بەو میکانیزم و ئامرازانەی فشارکردنەوە ناوەستن و دەشێ لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا، پەنا بەرنە بەر ئامراز و میکانیزمی جیاوازتری وەک خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەریی، ئاستەنگ خستنە بەردەم پڕۆژە تایبەتییەکانی حزبی دەسەڵاتدار و هەموو هاوکاریکردنێکی دەسەڵات ڕەتدەکەنەوە و کار لەسەر لەباربردنی هەر جۆرە پڕۆژەیەک دەکەن کە مەرام و مەبەستی کەسی و حزبی لە پشتە  و دەبێتە هۆکاری دروستکردنی قەیرانی جۆراوجۆری خنکێنەر و کوشندە بۆ هاووڵاتیان .

پێچەوانەی ئەم ڕاستیەش لە کۆمەڵگا دواکەوتووی ڕۆژهەڵاتییەکاندا کە توخمەکانی ستەمکاری و چەوساندنەوە و عەقڵیەتی دیکتاتۆری زاڵە، ئەم ڕێکخراو و بزووتنەوانە گیرۆدەی کۆنترۆڵکردن و قۆرخکاری دەسەڵاتێکی سیاسی نادیموکراسی دەبن و ناتوانن بەشێوەیەکی سروشتی ڕۆڵی گرنگ و لەبەرچاوی خۆیان بگێڕن وەک ئەوەی لە کۆمەڵگا دیموکراسیەکاندا دەبینرێ و ئەرکی سەرەکیان بەرزکردنەوەی توانا و ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتییە .

بە واتایەکی تر ئەرکی ڕێکخراوە پیشەییەکان کارکردنە لە سەر فورموڵەکردن و ڕوونکردنەوەی پرسە گرنگە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریەکان لە بازنە و چوارچێوەی دامەزراوە حکومییەکاندا و دەروازەیەکە بۆ ناچارکردنی دەسەڵات بە  بەرپرسایەتی و چاودێری و ڕێگە بۆ بەشداری و هوشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکەنەوە و  دەبنە ئامرازی خولقاندنی هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە بونیادنانی دیموکراسیدا. بەمجۆرە دەخرێنە دەرەوەی حەقیقەتی خۆیان و ناتوانن بابەتییانە کار لەسەر پڕۆژە و بەرنامەی خۆیان بکەن و حزب دەبێتە ڕەقیبی جوڵە و هەڵسوکەوتیان و سەرنج دەخرێتە سەر هەموو ئەو  بەدواداچوون و کردانەی کە  لە چوارچێوەی دەسەڵاتدا وەک  ئامانجی مەترسی تەماشا دەکرێن، لەلایەکی تریشەوە  تاک و گروپە کۆمەڵایەتییە بچووک و سەرەتاییەکان دەکرێنە ئامانجی سیاسەتی دیماگۆجیانەی حزبی دەسەڵاتدار و تەواوی ماف و داخوازییەکانیان  ژێرپێدەخرێن و ڕێگەنادرێ لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی ڕێکخراودا خۆیان ڕێکخەن بەئاراستەی پاراستنی بنەماکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و گەشەی  ئابووری و پتەوکردنی متمانەی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی و ئەمەش دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی جۆرێک لە دیکتاتۆریەت و

دەسەڵات وەک یەکەیەکی حزبی دەکەوێتە دژایەتی کردنی کۆی خواستە جیاواز و بەربڵاوەکانی تاکەکانی کۆمەڵگا و  ڕووبەڕووی هەموو ئەو دەستە و گروپە پیشەیانە دەبێتەوە کە ئامانجیان پاراستنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و گەشەی ئابوری و پەروەردە و گواستنەوەی ئەخلاقی پیشەییە لەسەر بنەما و بنەڕەتی  بەها دیموکراسیەکان و ئەو پێوەرانەی کە هاوسەنگی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا دەپارێزێ ، لە بەرامبەریشدا پێچەوانە بەم دیدگاو کۆششە و لەبری زیاتر پتەوکردنی پایەکانی دیموکراسی و ڕێگری لە  خۆسەپاندن و دەستێوەردانی حزب و کەسانی نەشارەزا لە تێکدانی سەقامگیری ژینگەی کۆمەڵایەتی  .

تەواوی  بزووتنەوە پیشەییەکان کرێکاران، خوێندکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، پەرەستاران، شۆفێران، جووتیاران، ، پارێزەران و ئەندازیاران و گروپەکانی دیکەی پیشەوەران خراونەتە ناو بازنە و بۆکسی حزب و بەرپرسانی بودەڵەوە و بە هەموو شێوەیەک کار لەسەر پوکاندنەوەو تواندنەوەیان دەکرێت و بوونەتە ڕێکخراو  بزووتنەوەی حزبی دەسەڵات و لە هیچ ڕووداو دیاردەیەکی نەشاز و مەترسیداردا دەنگ و ڕەنگیان نیه و لە شێوە سروشتیەکەی خۆیان داماڵراون .

ئەم گروپ و ڕێکخراو و سەندیکا پیشەییانە هێندە بچووک و سەرکزکراون لە هیچ ناڕەزایەتی و بارودۆخێکی نەخوازراوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری دا نابینرێن و بە سیاسەتی حزبی دەسەڵاتدار شەتەکدراون و ناتوانن دەنگ هەڵبڕن لە ئاست داوا  و وداخوازییە ڕەواکانی خۆیان و ئەو پێگە گرنگ و کاریگەرە کۆمەڵایەتییانەی کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی و گەشەی ئابوری دەپارێزێ ، واتا ئەم گروپ و ڕێکخراو بزووتنەوە پیشەییانەی کە لێرە بەجۆرێک لە جۆرەکان دروستکراون زیاتر سروشتێکی حزبی و سیاسیان وەرگرتوەو بوونەتە بەشێک لە حزبی دەسەڵاتدار و خاوەن بەرژەوەندیی تایبەت و بەمەزاجی حزب و خواستی بەرپرسێک هەڵدەسوڕێنرێن، بەتایبەتی کاتێک دەیانەوێ، یان هەوڵ دەدەن لەپێناو بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان کاریگەریی بخەنە سەر ئەو ڕێکخراو  و بزووتنەوە ناحزبییانەی لە دەرەوەی ئەمانن و بگرە  لە زۆر باریشدا ڕێگری لە چالاکی و جمووجوڵەکانیان دەکەن.

بەکورتی ئەوەی لێرە ڕوودەدات و خەریکە دەبێتە جۆرە کەڵچەرێکی نەخوازراوی حوکمڕانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو كێشە و قەیرانی قووڵترمان دەبات و هۆکاری بەرجەستە بوونی ئەم  قوڵبوونەوە و قەیرانانەش کە ڕەگ و ڕیشەی کردەییان  لە بازنەی سیاسەتی شکست خواردووی حزبەکانی دەسەڵاتداردا داکوتیووە پەیوەندی بە عەقڵیەتێکی چەوتی پاوانخوازی حزبیەوە هەیە و دەیانەوێ هەر بەو عەقڵیەتە پاوانخوازیەوە ئەو هەموو ڕێکخراو و بزووتنەوە و سەندیکا پیشەییانەش بشێوێنن کە بەشێکن لە خواستی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا، بەشێواندنی بنەماکانی ئەم ڕێڕەوەش تەواوی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و میکانیزمەکانی هاوبەشی ئەم ڕێکخراوانە و گەشەی سروشتی ئابووری دەکەونە بەر مەترسی لە ناوچوون  و هەڵوەشاندنەوە و دواجار کە زەرف و زەمەنیش  تەجاوزی ئەو قۆناغە دەکات و ئیدی ناتوانرێ ئەو خواستە ڕاستبکرێتەوە وەک ئەوەی کە کۆمەڵگەی کوردی پێویستی پێیەتی لە پاراستنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی دا .

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا