هۆشیاری عەبدولعەزیز
بەشی دووەم و كۆتایی
لە كۆمەڵگە دواكەوتوو و نەرێتییەكاندا
واقع و تەركیبەی كۆمەڵاتی و هۆكارە بۆماوەییەكان جیاوازن و زۆرجار كاریگەری و ڕەنگدانەوەی ژینگە و سروشتێكی تایبەتی لەسەرە و ئەمەش وادەكات كەمتر درك بەبوونی داهۆڵە دەسكردەكان بكەیت، كە تەنها ئەركیان پاراستنی قەڵەمڕەوێكە، گوێرایەڵ و بێكاریگەر و كەمدەسەڵات و بێئاگان لە رەگ و ڕیشەی دەسەڵات و لە ژێر هەژموونی كەسانی دەستڕۆیشتووی ناو حزب و بنەماڵەی دەسەڵاتداردا هەڵسوكەوت دەكەن و تەنها بەرژەوەندییە كەسییەكانی خۆیان دەپارێزن و بێ ئاوڕدانەوە لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو كۆیلەكردنە دەبنە دەمڕاستی دەسەڵات و سەركوتكردنی خەڵك و
هێشتنەوەی سیستەمی حوكمڕان دەبێتە پیشەیان و سڵناكەنەوە لە ترساندنی كۆمەڵگە و تاكەكانی و بەپێی بەرژەوەندیی دەسەڵات و كپكردنی ئازادی و ڕەوایەتیدان بە تەخوینی هاووڵاتییان و خۆپیشاندان و شكاندنی كەرامەتی مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و وەك سەرەتا ئاماژەم بۆ كرد دابەشدەكرێنە سەر چەند دەستە و گرووپێكی جیاوازی وەك، داهۆڵەكانی ترساندن، كە پێكدێ لە پیاوانی ئەمنی و ڕۆڵیان تەنها ترساندنی خەڵكە لە دوژمنە دەرەكییەكان و هەوڵدەدەن لەو ڕێگایەوە كۆمەڵگە كۆنترۆڵبكەن و تەنها بیانووشیان ڕێگریكردنە لە ئاژاوەگێڕی و پاراستنی قەوارەكە .
داهۆڵی هەڕەشەكردن لە ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین و ملباهەڵدانی نووسەر و ڕۆژنامەوانان بەهەنجەتی تێكدانی ئاسایشی ناوخۆیی و ناوزڕاندنی دەسەڵات و شێواندنی ڕاستییەكان و دروستكردنی جۆرێك لە تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی .
داهۆڵی هەڕەشەكردن بە ئایین و بانگەشەی ئیمانی، لە ڕێگەی كۆنترۆڵكردنی ئایین و بانگخوازانی ئایینی و مەلاكان و دروستكردنی ڕەوتی جیاجیای ناكۆك بەهۆكاری تێكچوونی كلتووری كۆمەڵایەتی و بڵاوبوونەوەی علمانییەت و بێباوەڕی، لەمەیشیاندا دەسەڵات ئەمانە بەقازانجی خۆی بەكاردەهێنێ و هەوڵدەدات ستەمكاری خۆی لە ڕێگەی ئەمانەوە بسەپێنێتە سەر كۆمەڵگە.
داهۆڵی بەكارهێنانی سۆشیال میدیا و میدیای سێبەر و كاركردن لەسەر شكاندنی كەسایەتی ناڕازی و تەخوینكردنیان بە بابەتی ناپەسەندی كۆمەڵایەتی وەك مێبازی و كرداری سێكسی، لەمەشیاندا زۆر نموونەی لە بەرچاو هەیە و نزیكترینیان بڵاوكردنەوەی فایلی دەنگی كەسانی ئۆپۆزسیۆن و ناشیرینكردنیان بەو دۆسێیانە.
واتا ئەم داهۆڵانە بەرلەوەی پارێزەری ستراتیژی دەوڵەتداری بن، دیكۆرێكن بۆ داپۆشینی دەسەڵاتی میلیشایی و پاراستنی پایەكانی بەرژەوەندیی حزب و بنەماڵە و ئیحتكاركردنی سوڵتەی سیاسی و ئەو ئیشكالیەتانەی كە دەیان جۆر لە قەیرانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بەرهەمهێناوە. ئەمانە وەك ڤایرۆسێكی كوشندەن بەسەر كایەی گشتی كۆمەڵگەی كوردییەوە و ئەوەشی بەلای دەسەڵاتدارانەوە مەسەلە نییە باشكردنی گوزەرانی خەڵك و پاراستنی هاوسەنگی كۆمەڵگە و ڕەوتی گۆڕانكارییەكانە كە خەڵكی تووشی جۆرێك لە شێواندن و بێهیوایی كردۆتەوە و هەموو بەها و ڕەوشتێكی مرۆیی تێكشكاندووە و بووەتە هۆكاری سووككردنی پێگە و ئیرادە باڵاكانی مرۆڤ و ئەمەش لەخۆیدا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، كە كۆمەڵگەی كوردی بەهۆی ستەمكاری و داهۆڵسازیی دەسەڵاتەوە، دەرگیری جۆرێك لە شێواندن و ئاڵۆزی و شكست بووەتەوە.
ئەم تایپە سیاسی و كاربەدەستە داهۆڵییانە، كاریگەریی مەترسیداریان بەخشیوەتە ئایندەی كۆمەڵگە و ئەو ڕەوتانەی كە ئاراستەی گشتی دەگۆڕن، لەپەنای ئەمەشدا بوونەتە بەشێك لە خەسڵەتە دیارەكانی دەسەڵاتی ستەمكار و تێكدەری سەقامگیری كۆمەڵایەتی و ئابووری بازاڕ و پرسی ملكەچكردنی خەڵكە بەو سیاسەت و ئەجێندایەی دەسەڵات هەڵیگرتووە، لەم ئاستەشدا دەسەڵاتی ئەحزابی حوكمڕانی هەرێم بەدرێژایی چارەكە سەدەیەك و زیاترە كار لەسەر پووچكردنەوەی بەها كۆمەڵایەتییەكان و ڕووحی ئینتیمای نیشتمانی و تێكدانی ژیان و گوزەرانی خەڵك دەكەن و هەوڵیانداوە بەشێوەیەك لە شێوەكان ژیانی ئاسایی كۆمەڵگە گرێبدەنەوە بە دەسەڵاتەوە و چیتر تاك نەتوانێ ڕاستەوخۆ و بێ هیچ لەمپەر و بەربەستێك ڕا و سەرنجی ئازادانەی خۆی دەربڕێت و نەبێتە بەشێك لەو ئامێرە كۆنترۆڵكراوەی كە بەدەستی ئەحزابی دەسەڵاتدارەوە گەمەی پێدەكرێ .
لەم دۆخەدا ئەو لۆژیكەی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستاندا ئاراستە دەكات خودی پرۆگرامی دەوڵەتداری نییە وەك ئەوەی لە پرۆسەی ئیدارەدانی كۆمەڵگەدا دركی پێدەكرێ و نەبووەتە بنەمایەك بۆ دروستكردنی ژیانێكی گشتیی دادپەروەر و یەكسان، موتوربەكراو لە بیرۆكەی ئەرك و بەرپرسیاریەتی و لێپرسینەوە و بیركردنەوە لە چارەنووسی كۆمەلگە و میللەت، بەڵكو ئەمە جۆرێكە لە بەشی خۆم بۆخۆم و هی تۆش دەخۆم، بۆیە
دەبینی هاووڵاتی لە سایەی ئەم دەسەڵاتە ستەمكارەدا وەك جەستەیەكی ئیفلیجی لێهاتووە، كە تەنانەت دەسەڵاتی بەسەر جووڵەی خۆیشیدا نەماوە، رۆڵی لە كایەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و بەرهەمهێناندا لاواز و بێبەهایە و هاوسەنگی و پێگەی جارانی نەماوە و خەریكە بەتەواوەتی ئیرادە و شان و شكۆی خۆی لەدەستدەدات و تەنها وەك بوونەوەرێكی خەمناك لە نێو دنیای دواكەوتن و ناچاریدا دەبینرێ و بڕوای بە هیچ گۆڕانكارییەك نەماوە و كراوەتە جۆرە مێروویەكی مشەخۆر و تەنها چاوەڕوانی دەسەڵاتە
درێژبوونەوەی ئەم ڕیتمە لە حوكمڕانی و چەواشەكاری و قسەی هەڵخەڵەتێنەر لەلای دەسەڵاتدارانی حكومەتی كوردی وایكردووە، خەڵك لە بازنەیەكی بۆشدا بخولێتەوە و چاوەڕوانی فریادڕەسێك بێت لەدەرەوەی خۆی، ئەم جۆرە تێگەیشتنە بێهوودەیەش گەیشتۆتە ئەو ئاستەی، كە خەڵك داكۆكی لە ماف و داخوازییە ڕەواكانی خۆشی ناكات و پێچەوانە خەریكە كۆیلە ئاسا خراپتر دەچێتە ژێرباری ئەو سیاسەتی داهۆڵییەی كە ئەحزابی حوكمڕان لە ئەرزی واقیعدا و بێ پەردە پراكتیزەی دەكەن.
پراكتیزەكردنی ئەم جۆرە سیاسەتەش ڕەوایەتیدانە بە زیاتر درێژكردنەوەی حوكمڕانی گەندەڵی و ستەمكاری و چاوچنۆكی و تاڵانكردنی هەرچی سەروەت و سامانی نیشتمانییە و دەیانەوێ بەم جۆرە داهۆڵانە ئایندەی حزب و بنەماڵە و گەورەكردنی قەبارەی سەرمایە و پرۆژە كەسییەكانیان بپارێزن.