نووسینی: هۆشیار عەبدولعەزیز

 یەکێک لەو مەسەلە سەرەکییانەی کە سیاسەت و حوکمڕانی دەجووڵێنێت و ئاراستەکانی دەوڵەتداری دیاری دەکات، چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنێکی عەقڵانییانەی هەڵچوون و داچوونە دەروونییەکانی کۆمەڵگایە. ئەمەش دەبێتە هۆی ڕاگرتنی هاوسەنگی بردنەوە و دۆڕان. لەم پرۆسەیەدا، کۆمەڵگا وەک یەکەیەکی هاوبەشی گشتی دەخرێتە بەر نەشتەری شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنێکی ورد و تیژەوە. کار لەسەر زاڵبوون و کۆنترۆڵکردنی ڕای گشتی و ئەو ژینگەیە دەکرێت کە سیاسەت تێیدا لە دۆخی ئاساییەوە هەنگاو دەنێت بە ئاراستەی خۆگونجاندن و پێشکەشکردنی فۆرمی جیاواز. واتە، لەم قۆناغەدا سیاسەت بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی لە قۆناغ و سەردەمێکی تردا، تەکنیک و میکانیزمی جیاواز بەرهەم دەهێنێت، بە شێوەیەک کە بتوانێت لە چوارچێوەی دۆخە گشتییەکەدا کاریگەری و هەژموونی خۆی لەسەر سایکۆلۆژیای کۆمەڵگە و کۆنترۆڵکردنی هەڵچوون و داچوونە دەروونییەکان دابنێت. لەم بارەشدا، سیاسەت ئەرکە عەقڵانی و ئەخلاقییەکانی خۆی دەپارێزێت و خۆی لە هەموو ئەو گرژی و ئاڵۆزییە دەروونیانە دەتەکێنێت کە کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر بڕیاری سیاسی و ئەرکی داڕشتنەوەی ستراتیژی گشتی. بە مانایەکی تر، سیاسەت هاوشانی دیوە زانستییە عەقڵانییەکە کار لەسەر ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئیدارەدانی ژیانی هاوبەشی کۆمەڵگە و هەماهەنگی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکات و دەبێتە سێبەری ئەو پێکەوەبوونە گشتییەی کە لە پڕۆژەی سیاسی خۆیدا جەختی لەسەر دەکاتەوە.

 بەڵام لە کۆمەڵگە تەقلیدی و ناهاوسەنگە مشەخۆرەکاندا کە سیاسەت بە سەرۆک خێڵ و پیاوانی ئایینی و کەسانی بودەڵە و خاوەن بەرژەوەندی و بزنسمان بەڕێوە دەبرێت، سیاسەت دیوە عەقڵانییەکەی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە پڕۆژەی کەسانی بەرژەوەندیخواز و خاوەن دێوخان. لەم دۆخەدا، نۆرم و بەها ئەخلاقی و زانستییە عەقڵانییەکەی لەدەست دەدات و تەنها وەک ڕێکخستن و ئیدارەدانی چالاکییەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی دەمێنێتەوە و ناتوانێت ببێتە هۆکاری بەرجەستەکردنی ئەو مۆدێلە سیاسییە زانستییەی کە دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە بەرهەم بهێنێت. کاتێک گۆڕانکاری عەقڵانیش بەرهەم نەیەت، ئەوکات تەواوی ئەو دەزگە شەرعی و یاساییانەی کە سیستەمی حوکمڕانی هەڵدەسوڕێنن، دەکرێنە دەزگای پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەت و مۆرکی گشتی لە دەست دەدەن و دەبنە بەشێک لە میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی هەڵسوکەوتەکانی تاک لە کۆمەڵگەدا. بەم جۆرە، سیاسەت لە تێگەیشتنە عەقڵانییەکەی دەخرێت و وەک پڕۆسەیەکی سەرکوتکەرانە لە دەوروبەری کۆمەڵایەتیدا دەمێنێتەوە و هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی نامێنێت لەسەر ئاستی گشتی گۆڕانکارییەکان و ناتوانێت ئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆی کە لە بنەڕەتدا چالاکییەکی ئینسانی گرنگە بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکات.

 بۆیە کاتێک سیاسەت تێکەڵ بەو جۆرە پێکهاتەیە دەبێت و وەک تەملیکی کەسی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دەبێتە بازنەیەکی تایبەتی خێزان و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکان، ئیدی پڕۆژە ڕاستەقینەکەی سیاسەت ناتوانێت ڕێگر بێت لەوەی گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی ناو کایەی کۆمەڵایەتی لە سیستەمی حوکمڕانی ناعەقڵانیدا بژین و نەبنە ناحەز و دوژمنی یەکتر. بە پێچەوانەوە، دۆخێکی نا هاوسەنگ و پڕ لە پێکدادان و ملشکاندن بەخۆوە دەبینێت. چونکە کاتێک سیاسەت دەکەوێتە دەستی ئەو چین و توێژانەی کە ئاماژەم بۆ کرد، خۆی دۆخێکی نائارام و ناسەقامگیر دەخولقێنێت و بەردەوام کۆمەڵگە لەسەر لێواری هەڕەشەکردن و پێکدادانی گروپە ناهاوبەشەکان ڕادەگرێت و ناتوانێت ژینگەیەکی تەندروستی وا بهێنێتە دی کە کۆمەڵگە هەست بە خۆبوونی خۆی بکات و دوور بێت لە دۆخی دڵەڕاوکێیەکی پڕووکێنەر و بەردەوام، وەک ئەوەی ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەبینرێت.

 لەکاتێکدا ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە سیاسەت و تێکەڵکردنی بە کایەی حوکمڕانی، بۆخۆی مەترسی کوشندە بەرهەم دەهێنێت و ناتوانرێت لە ڕێگەی دەزگا و ئۆرگانە جیاوازەکانی دەوڵەتەوە پەیوەندییەکی دروستی کۆمەڵایەتی-سیاسی مۆدێرن بەرجەستە بکرێت. هەموو ئەو ڕێگرییانە سەرهەڵدەدەن کە ڕەهەندە کۆمەڵایەتییە ناجۆرەکانی خێڵ و بنەماڵە و عەشیرەت لە بنەچەدا پەیوەستن پێوەی. کاتێک ئەم پەیوەستبوونە لە ڕێگەی کێبڕکێی سیاسی و هەڵبژاردنەکانەوە تۆختر دەکرێنەوە و دەبنە سەرچاوەی ناکۆکی ناوخۆیی، تەواوی پاشخانە فیکری و مەعریفییەکان لەناو دەچن و دەبنە بڵقی سەر ئاو، و سیاسەت دەبێتە هۆکارێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و دەستگرتن بەسەر ئەویتردا. لە سایەی ئەم سیاسەتەشدا، هۆکار و زەمینە بۆ قۆرغکردنی دەسەڵات و گەندەڵی و پێشێلکردنی یاسا و تێکشکاندنی بەها و جوانییەکانی ژیان و کۆمەڵگە سەرهەڵدەدەن و دەبنە هۆی ڕەخساندنی جۆرە فەزایەکی مەترسیدار بۆ خۆپەرست و کاڵفامە سیاسییەکان و گروپگەلی چاوچنۆک و مافیا دێتە پێش و دەکەونە هەڵپەی ڕووتاندنەوەی کۆمەڵگە و دەسکەوتەکانی و هیچ سێکتەرێک نامێنێتەوە پشکی ئەوانی تێدا نەبێت.

 بۆیە کاتێک لەم دیدگایەوە لە سیاسەت و دەوڵەتداری هەرێمی کوردستان ورد دەبینەوە و هەڵیدەسەنگێنین، تێدەگەین کە ئێمە لە کوێی بابەتەکەداین و چەند دوورین لە سیاسەتی عەقڵانی و چۆن نازانستییانە باوەشمان بە سیاسەت و پڕۆژە سیاسییەکەدا کردووە. تێگەیشتن لەم ڕاستییە، ئەنجامگیرییەکی سادەمان دەداتە دەست و زۆر بە ئاسانی تێدەگەین کە کۆمەڵگەی ئێمە لە چ قۆناغ و هەڵومەرجێکی ناجێگیر و ناسروشتیدایە. چونکە ئەوەی بەناوی سیاسەتەوە هەیە و کار دەکات، شتێکە لە دەرەوەی سیاسەت، یان تەواو دژ و ناکۆکە بە سیاسەتە ڕاستەقینەکە و جگە لە پۆخڵەواتێکی حزبی و بنەماڵەیی و خێڵگەری و بەرژەوەندی تایبەت و بازاڕگەری و خۆقەپاتکردن و سەفەقاتی قەبە و گەندەڵی هیچی تر نییە. ئەمە لەناو غیابێکی ترسناکی بیرکردنەوە و دید و تێڕوانینی دوورمەودادا دەخولێنەوە و خاوەنی هیچ پلان و ستراتیژێکی دیاریکراو نین و نەیانتوانیوە لەگەڵ حەقیقەتی سیاسەتێکی عەقڵانی هاوجووت ببنەوە کە خزمەت بە ئایندەی ئەم کۆمەڵگایە بکات.

 بە کورتی، ئەوەی لە سیاسەتی ئەمڕۆکەی هەرێمی کوردستاندا و بە تایبەت لای ئەحزابی حوکمڕان بەدی دەکرێت، سیاسەتێکی پووچی بێ بەهاکراوی بێ ئەرزشە کە لە چنگی چەند خێزان و بنەماڵەیەکی دیاریکراودا قەتیس کراوە و هەموو هەوڵ و کۆششێکیان مانەوەی خۆیان و دارودەستەکەیانە لە دەسەڵات و دەیانەوێت بە هەر نرخێک بێت جێپێیان قایم بێت. ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە بنەماڵەییە حوکمڕانە هێندە مانەوەی خۆیان و پێگەکەیان بەلاوە گرنگ و پڕ بەهایە، تەنانەت ئامادەی خۆیەکخستنەوە و پێکهێنانی حکومەت و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان نین و ناتوانن بە دیوە عەقڵانییەکەیدا مامەڵەی سیاسەت و دەوڵەتداری بکەن و ببنە هۆکاری سەرخستنی خواستە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو ئامانج و غایەتەی کە خەڵک لە ڕابردوو و ئێستاشدا باجەکەی دەدات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا